گراهام، پلانێکی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات
سیناتۆرێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کە لە کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێر و نیویدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پلانی توندی واشنتنی تاوتوێ کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بە زەبری هێز لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئێستا لەگەڵ ئێران.
یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، لیندزی گراهام، سێناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس"، گوتی: ماوەی چوار کاتژمێر و نیو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەم گفتوگۆم کرد، بە بڕوای من، لە داهاتوودا ئەوەی روودەدات بەم شێوەیە دەبێت؛ ئەگەر دانوستانی نیوان تاران و واشنتن شکست بهێنێت، ترەمپ گەرووی هورمز بە زەبری هێز کۆنترۆڵ دەکات.
ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە باج دەخەینە سەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕدەبن بۆ دابینکردنی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئەگەر ئێرانیش لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە رکابەریی ئەمریکا بکات، ئەوا بە تەواوی تێکی دەشکێنین."
ئەم لێدوانە توندانەی گراهام لە کاتێکدایە کە ناوچەکە شاهیدی پێشهاتی خێرا و ئەرێنییە بەهۆی گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و دۆسیەکانی دیکە.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهان، کە ڕۆژانە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، ئەمەش وا دەکات هەر مەترسییەک لەسەر سەقامگیریی ئەم گەرووە کاریگەرییەکی راستەوخۆ و خێرا بخاتە سەر بازاڕەکانی وزەی جیهان.