محەممەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
کورد و واشنتن لە ساڵیادی 250 ساڵەی ئەمریکادا
چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکمان تێپەڕاند و ئێستا، رێک لە 250 ساڵەیی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، پێویستە جارێکی دیکە لەم دوو بابەتە بکۆڵینەوە: یەکەم، مەعریفە و روانگەی کورد بۆ ئەمریکا چییە و ئەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هێزە مەزنەدا بکەین؟ دووهەم، دوای پەیوەندییەکی دوور و درێژی زیاد لە پەنجا ساڵەی کورد - ئەمریکا، دەبێ بزانین ئاقاری ئێستای ئەم پەیوەندییە چییە و پێویستە خۆمان لە چ جۆرە هەڵە و تێگەیشتنێکی چەوت، بەدوور بگرین؟
ئەمریکا لە رووخاندایە؟
پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامی ئەم دوو پرسیارە سەرەکییە، دەمەوێ بە کورتی باسی ئەوە بکەم کە بە پێچەوانەی خەیاڵ و پێشبینیی زۆرێک لە سەرکردە و شرۆڤەکاران، ئەمریکا تووشی لاوازی و دابەزینی بەهەند نەبووە و تا ئێستاش مارکەی پێشەنگی دەسەڵاتە لە جیهاندا. رەنگە داوەرییەکی دادوەرانە بە نیسبەتی دۆخی ئیستای ئەمریکاوە ئەمە بێت:
ئەمریکا لە لاوازبوون و داڕماندا نییە، بەڵکو لە سەردەمی "سەروەری بێ جێی مشتومڕ"ەوە بەرەو سەردەمی "کێبڕکێی زلهێزەکان" دەڕوات. دیارە ئەم دو بابەتە تەواو جیاوازن. بۆیە پێدەچێت گێڕانەوەی "داڕمانی ئەمریکی" (Declinism) کە لە ناوچەکەماندا بە فراوانی لە هەموو جۆرە لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی و چەپەکان و هەندێک لە شرۆڤەکارانی ناو ئەمریکا وەک چۆمسکی و والرشتاین و ئەوانی دیکە دەیبیستین، جێی باوەڕ نییە.
لایەنگرانی ئەم گێڕانەوەیە، بە هۆی پرسگەلێکی وەک تێچووی قورسی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، شکستی ئەفغانستان، قەیرانی دارایی ساڵی 2008، زیادبوونی قەرزی دەرەکی، سەرهەڵدانی دەسەڵاتی چین و ناکۆکی ناوخۆیی لە ئەمریکا، پێیان وایە کە چیتر ئەو زلهێزەی جاران نییە و رۆژ بە رۆژ لاوازتر دەبێت و سەدەی ئەمریکیش گەیشتۆتە کۆتایی.
لایەنگرانی گێڕانەوەی دووەم، واتە گێڕانەوەی "خۆڕاگری ئەمریکی" (American Resilience)، پێیان وایە سەرەڕای هەموو فشارەکان، ئەمریکا توانیویەتی بەرگە بگرێت و تا ئێستاش لە زۆربەی پێوەرە گەورەکاندا زلهێزی ژمارە یەکە لە جیهاندا. وەک ئەبینین تا ئێستاش پێشەنگی ئابووری جیهانە، خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازی و ئەمنیی جیهانە، دۆلار تائێستاش دراوی یەدەگی سەرەکی جیهانە، گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای جیهان، زۆربەیان هی ئەمریکان، شۆڕشی زیرەکی دەستکرد (AI) بەشێوەیەکی سەرەکی لەئەمریکا پێکهێنرا، زۆرترین ژمارەی زانکۆ باڵاکانی جیهان لەسەر خاکی ئەمەریکایە و تائێستاش لە لوتکەدایە.
هەروەها لەبواری "هێزی نەرم" (Soft Power) لە سینەماوە بۆ ئەدەبیات و مۆسیقا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەرزشدا، وەڵاتێکی بەهێز و گەشاوەیە.
دیارە ئەگەر ئەمەریکا بەراورد بکەین لەگەڵ قۆناخی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، واتا ئەو کاتەی کە سیستەمی گەورەی سۆڤیەت داڕوخابوو، چین ئەوەندەی ئێستا بەهێز نەبوو، ئەوروپا هاوپەیمانیی ئەمریکا بوو، رکابەرێکی هاوسان و گرنگ نەبوو، بە شێوەیەکی رێژەیی بەشێک لە دەسەڵاتی ئەمریکا کەم بووەتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای دابەزین نییە. لە لایەکی دیکەوە نابێت گەشەی بەردەوامی چین وەک لاوازبوونی ئەمریکا شی بکەینەوە!، با لەبیرمان بێت کە گرنگترین تایبەتمەندی ئەمریکا تەنیا دەسەڵاتی ئابووری یان سەربازی نییە، بەڵکو "توانای چاکسازیی دامەزراوەیی" و ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەکانە. لە ماوەی نزیکەی دوو سەدە و نیودا ئەمریکا لەم قەیرانە گەورانە رزگاری بووە:
- شەڕە ناوخۆییەکان کە بە شەڕی باکوور و باشوور ناسراون
- قەیران و هەڵاوسانی گەورەی ساڵی 1929
- بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان
- جەنگی ڤێتنام
- سکانداڵەکەی واتەرگەیت
- هێرشەکانی 11ـی ئەیلوول
- قەیرانی دارایی ساڵی 2008
- پەتای Covid-19 یان کۆرۆنا
هەریەکێک لەم رووداوانە دەکرا بۆ زۆرێک لە وڵاتان ببنە بەڵا و وێرانکەر بن، بەڵام سیستەمی سیاسی ئەمریکا توانی خۆی رێکبخاتەوە. ئەمەش ئەو چەمکەیە کە زانایان ناویان ناوە "خۆڕاگری دامەزراوەیی" (institutional resilience).
کورد و ئەمریکا
کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، لە روانگەی سیاسی و هزری خۆیدا، چ جۆرە مەعریفە و تێگەیشتنێکی هەیە هەم سەبارەت بە خودی ئەمریکا، هەم دەربارەی جۆری چاوەڕوانی دوولایەنە؟ پێم وایە هەم وەکوو خەڵک و جەماوەر و هەم وەکوو دەزگای حوکمڕانی، دەکرێ بیر لەم خاڵانە بکەینەوە:
یەکەم: کورد نابێت لە ناسینی ئەمریکادا، تەنیا چاو لە حکوومەت و سەرۆک و پارتێکی سیاس بکات. ئەمریکا گەورەترە لە کۆشکی سپی، لە 250 ساڵدا چەندین حکوومەتی جیاوازی بەخۆوە بینیوە، بەڵام زۆرێک لە دامەزراوە بنەڕەتییەکانی لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵیەوە تا کۆنگرێس، دادگا، زانکۆ، بازاڕی سەرمایە و کۆمەڵگەی مەدەنی، بەردەوام بوون. بۆ داڕێژەرانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان، داننان بەم بەردەوامییە دامەزراوەییە گرنگترە لە شوێنکەوتنی هەڵاوسانی هەر خولێکی سەرۆکایەتی.
دووەم: پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بۆ قەوارە سیاسیی کورد، هەروەها بۆ گەشەکردن و گەشەپێدانی زانستی و ئەکادیمی و ئابووری زۆر پێویستە. بەڵام ئەم پەیوەندییە پێویستی بە دووبارە ئەندازیاری و دووبارە تەلارسازی هەیە. کاتی ئەوە هاتووە کوردستان لەجیاتی ئەوەی ملیۆنان دۆلار بۆ لۆبیکردن لە واشنتن و نیویۆرک خەرج بکات و سەرنجی بەرپرسان و سیناتۆرەکان رابکێشێت، روو لە رای گشتی و نوخبە و زانکۆ و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکا بکات.
سێیەم: سەرکردەکانی کورد دەبێ یەکجار و بۆ هەمیشە بگەنە هەڵسەنگاندنێکی روون کە جیهانیی سیاسەت و هاوسەنگیی دیپلۆماسی ئەو جیهانە نییە کە تێیدا چاوەڕوانی برایەتی و دۆستایەتی و پەیوەندیی خزمایەتی لە هەر کەسێک دەکەین. پێویستە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی دروست لە میدیای کوردی و رای گشتیدا بچەسپێنرێت و هەرکاتێک گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا روویدا، نابێت ئەمریکا بە نیاز ناپاکی و بێوەفایی تۆمەتبار بکەین.
چوارەم: باسکێکی زۆربەهێزی سیستەمی سیاسی و سەربازی و ئابوری ئەمریکا، ناوەندەکانی توێژینەوەو بیرکردنەوەی ئەم وڵاتەیە. ھەرێمی کوردستان دەبێت لانیکەم 3 "تینک تانکی" بیرمەندی بەهێزی ھەبێت کە لەبری کۆبوونەوەی فەرمی و نمایشکردن، پێسخستنی چالاکییە زانستی و توێژینەوەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازی ئەمریکی وەک ئامانج ببینێ.
پێنجەم: ئەمەریکا خاوەنی سێ سیستمی بەهێزە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە دروستی لێی فێربێت و بە پشتبەستن بەو پێوەرانە، بەشێکی گرنگی کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات. ئەم سێ بوارە بریتین لە سیستەمەکانی تەندروستی، پەروەردە و میدیا.
شەشەم: ئەگەر خێزانە دەوڵەمەند و خاوەن هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەمیشە منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەمریکا، چارەنووسی کوردستان جۆرێک دەبێ و بەڵام ئەگەر منداڵەکانیان لە ئەمریکا بخوێنن و بە ئەزموونە سیاسی و سەربازی و ئەمنی و دیپلۆماسیەکانیاندا تێپەڕن و بە ویستی نیشتمانپەروەرانە بگەڕێنەوە کوردستان، چارەنووسمان جۆرێکیتر ئەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا، دەبێ بزانین دیاسپۆرای کورد لە ئەمریکا چی لە دەست دێ و پێویستی بە چ جۆرە ئاسۆ و راهێنانێک هەیە.
حەوتەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ لەدەرەوەی کایەکانی نوێنەرایەتی سیاسیی فەرمی پڕ لە خەرج و تێچووی زۆر و بێکاریگەر، توانای بۆ کەرتی تایبەت و دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە رۆشنبیرییە کوردەکان دابین بکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و گونجاو خۆیان بە بیروڕای گشتیی ئەمریکا بناسێنن.
هەشتەم: سەرکردەکانی کورد، بەردەوام داوای پشتیوانی سیاسی و هاوکاری ئەمنی و سەربازییان لە ئەمریکا کردووە. بەڵام ئەمریکا لەم 4 بوارە چارەنووسسازەدا دەتوانێ بە باشترین شیواز هاوکاری کورد بێت: بواری وزە بەتایبەتی وزەی خۆر و با، سەرمایەدانان، چاکسازیی کشتوکاڵی، پێشخستنی بواری گەشتیاری.