محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
بژاردەکانی سیپان حەمۆ
سیپان حەمۆ لە فەرماندە ناودارەکانی هەسەدە یان عەرەب وتەنی "قسد"، ئێستا وەکو یارەیدەری وەزیری بەرگریی سووریا ئەناسرێ. ئەمە وێستگەیەکی سەرنجڕاکێشی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی رۆژاوای کوردستانە.
هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئەم بڕیارەی شام یان دیمەشقدا، ئەنقەرە ئاماژەی بەوەدا کە ناوی سیپان لە لیستی سوور سڕاوەتەوە. ئەوە هەمان لیستی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بوو کە بۆ دیلگرتن یان کوشتنی ئەو فەرماندە کوردە، 20 ملیۆن لیرە خەڵاتی دەستنیشان کردبوو.
ئێستا ئەوە نەماوەو دوور نییە لە ئایندەیەکی نزیکدا، سیپان حەمۆ بە هاوڕێیەتی وەزیری بەرگریی سووریا سەفەری تورکیاش بکات. دیارە ئەمە خۆی لە خۆیدا، یەکێک لە دواهات و دەسکەوتەکانی رێککەوتنی پەکەکە و تورکیا و سووریایە.
پرسیار: ئایا ئەکرێ لە ئێستادا بە نیسبەتی چاوەڕوانی و خواستی کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە، کۆی ئەم تابلۆیە وەکو سەرکەوتنێکی زێڕین وەسف بکەین؟
وەڵام: نەخێر. زێڕین نییە. بەڵام بۆ زیوبوونیش چەلێ زووە و هێشتا ماویەتی پیاو بتوانێ فتوایەکی بەمشێوەیە بدات.
ئێمە هێشتا نازانین کە ئەم رێککەوتنەی نێوان تورکیا-پەکەکە-هەسەدە لە لایەک و نیمچە دەوڵەتەکەی ئەحمەد شەرع لە لایەکیتر، ئەبێتە رێککەوتنێکی مایندە و درێژخایەن؟ یان بۆی هەیە لە بەر چەندین فاکتەر و هۆکاری جیاواز، گۆڕینی بەسەردا بێت. بەڵام هەر هیچ نەبێ، ئەم هەنگاوەی ئێستا، ئەگەری شەڕ و پێکدادانی نزیکی نێوان لایەنەکانی پەکەکە و سووریای وەلاوە ناوە. دیارە ئەمە بەشێک لەو رێککەوتنەیە وا دەڵێ: لیواکانی شەڕڤانی هەسەدە و یەپەگە لەمە بەدواوە وەکو بەشێک لە سوپای سووریا حیساب دەکرێن و لایەنە ئیداری و خۆبەڕێوەبردنەکەش وەلاوە ئەنرێت.
زۆر کەس پرسیاری ئاوەها دەکەن: ئایا ئەمە جۆرێک لەبارچوون و تێکچوونی دەسکەوتەکانی کوردی رۆژئاوا نەبوو؟ ئایا نەدەکرا کورد دەسکەوتێکی زیاتر و باشتر و بەرفرەتر بۆ خۆی تۆمار بکات؟ بە دڵنیاییەوە ئەڵێم: نەخێر. نەیدەتوانی. لەبەر ئەوەی هەر لە رۆژی سەرەتاوە، ئەو بزاڤ و تێکۆشینە وا لە رۆژاوای کوردستان و دوای بەهاری عەرەبی کەوتە جموجووڵ، لە جیاتی مارک و براندی کوردی هاوبەش و فرەڕەهەند و هەمەلایەن، تەنیا و تەنیا، مۆرکی پەکەکەی لێدرا. هەر بۆیە ئەو دۆسیایە، ئەوندەی وا پێوەندی بە رۆژئاوا و شامەوە بوو، سێ ئەوندە بە چارەنووسی گفتوگۆی نێوان پەکەکە و تورکیاوە لکێندرا. کە وایە لەو بەستێنەدا، بە دڵنیاییەوە، ئەو تاکە لایەنە کوردییە کە ئیزنی بەشداری بە هیچ لایەنێکیتر نەدابوو، نەیدەتوانی دەسکەوتێکی گەورەتر تۆمار بکات.
دوو رێگای بەردەم سیپان حەمۆ
لە ئێستادا سیپان یاریدەری وەزیری بەرگریی دەوڵەتی سووریایە. زیاد لە پەنجا ساڵ هەر دوو گەورە دیکتاتۆرەکەی چاخی بەعسی ئەسەدی واتا بەشاری کوڕ و حافزی باوک، دانیان بە هەبوونی کورد و رۆژئاوای کوردستاندا نەنا. کوردیان بە ئەجنەبی و غەوارە و بێگانە دانا. کە ئۆجەلان لە هەشتاکاندا چووە سووریا و گەورەترین کەمپی پەروەردەی سیاسی و سەربازی پەکەکە لەوێ دامەزرا، رێککەوتنێکی نەنووسراو لە نێوان ئەسەد و ئەودا هەبوو بۆ ئەوەی لە ناو خاکی سووریادا باسی کورد و کوردستان نەکرێ. بەڵام ئەزانی گەورەخەسار وگەورەپەژارەی ئەم مامەڵە و ڕێککەوتنە چی بوو؟ وەڵام: پەکەکە لە چوارچێوەیەکی تایبەت و بە پێی هاوکێشە سیاسییەکەی پێوەندیدار بە ناکۆکی نێوان سووریا و تورکیاوە، لە شام و حەلەب و هەمو شوێنێکدا کار و خەباتی خۆی بەڕێوە دەبرد، بەڵام بزاڤ و پارتی و لایەنە کوردییەکانیتر، بە هیچ جۆرێک مۆڵەتیان نەبوو هەنگاو هەڵبگرن.
لەوانەیە پرسیار بکەیت: پێوەندی ئەم بابەتە بە بژاردەکانی سیپان حەمۆ وە چییە؟ لە وەڵامدا ئەتوانم ئاماژە بە دوو بژاردەی گرینگ بکەم. بۆی هەیە سیپان، لە یەکێک لەم دوو ڕۆچنەیەوە لە مەسەلەکە بڕوانێ:
یەکەم: ئەم لە سێبەری هەسەدە و پەکەکە و ئامانجەکانی ئۆجەلاندا بەم پێگەیەی ئێستا گەیشتووم. ئاپۆ نەبوایە، شام و تاقمەکەی شەرع، رێک وەکو بنەماڵەی ئەسەد، حیسابی بۆ کورد و رۆژئاوا نەدەکرد و هەر بە ئەجنەبی دەزانین. کە وایە تا تەمەنم هەیە دەبێ خۆم و هاوڕێکانم، مەمنوون و منەتداری پەکەکە بین و ئیزن نەدەین هیچ لایەنێکیتر لەم مەیدانەدا خۆی بنوێنێ.
دوهەم: کاتی خۆی، سەرکردایەتی ئێمە لە بەر کۆمەڵێک هۆکار و لە بن گوشاری پەکەکەدا، مۆڵەتی نەدا "ئەنەکەسە" و لایەنە کوردییەکانیتر بەشداری خەبات و تێکۆشان بن. بەڵام لە ئێستادا پێویستمان بە پاڵپشتی و هاوڕییەتی ئەوانیش هەیە. ئەگەر ئەوان لەگەڵمان بن، لەبەرامبەر شامدا دلێر و شێر دەبین و جەماوەر بە تەواوی لەگەڵمان دەبێ و هاوکات پشتیوانی هەرێمی کوردستانمان هەیە.
با لەگەڵ رووداوەکاندا بڕۆینە پێشەوەو بە چاوی خۆمان ببینین، ئایا سیپان حەمۆ و مەزڵووم عەبدی و سەرکردەکانیتر، قۆرخکاری و بەرچاوتەنگی و بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرن، یان بیر لە ئاسۆیەکی فراوانتر دەکەنەوە.