محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
کوردانی ڕۆژاو و بۆچوونە زیرەکانەکەی شەرع
چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە لە زۆر ڕووەوە گفتوگۆیەکی گرنگ بوو. لەوێ، شەرع باسی لە چەندین خاڵی هەستیار کرد. پێموایە یەکێک لە گرنگترینیان ئاماژەی ڕاستەوخۆی شەرع لە سەر ئامادەیی دیمەشق بوو بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی - ئاسایشی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
ئێستا و دوای قسەکانی جۆلانی دوێنێ و شەرعی ئەمڕۆ، ئەتوانین وێنەیەکی ڕوونتر لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ببینین کە تێیدا بنەماڵەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا نییە و شەپۆلی سیاسی و فیکری هاوکاری و تەعامولی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت.
لێدوانێکی گرنگی تری سەرۆک کۆماری سووریا ئەو خاڵە بوو کە تیایدا باسی کورد و ڕۆژاوای کرد. ئەو پیاوە زۆر بە ڕوونی هێڵێکی لە نێوان دوو وشەی "کورد" و "هەسەدە"دا دانا. ئەم سەرکردە زیرەکەی سووریا بە هەمان نەریتی کۆنی سیاسی و ئەمنی ئەنقەرە مامەڵەی کرد. مەبەستم هەمان ئەو نەریتەیە کە هەر کات چووەتە سەر پرسی ماف و داخوازییەکانی کورد، ئەم هەڵوێستەی نواندووە: "پەکەکە نوێنەرایەتی خوشک و برا کوردەکانمان ناکات".
شەرع ڕێک وەکو بەرپرسانی ئەنقەرە بە فەرمی ڕایگەیاند کە دەبێت جیاوازی لە نێوان کورد و هەسەدەدا بکرێت. بێ گومان لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێویستە ئەم لێدوانە وەک یارییەکی ورد و زیرەکانە سەیر بکرێت. ئەحمەد شەرع لەم گەمە سیاسییەدا هەوڵ ئەدات پرسی داخوازییەکانی کوردانی ڕۆژاوا وەک مشتومڕێکی فراوان و قوڵ وێنا بکات کە چارەسەریی ئەو پرسە کاتی زۆری ئەوێ و لە هەمان کاتدا، پرسی هێزەکانی هەسەدە وەک ئەکتەرێکی سنوورداری لەشکری-سیاسی پێناسە بکات کە نوێنەری هەمو کوردان نییە.
پرسیارەکە ئەوەیە:
ئایا تەواوی لێدوانەکەی ئەحمەد شەرع تەنیا و تەنیا فێڵێکی سیاسی و تاکتیکییە بۆهەڵاتن و دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی سیاسی و یاسایی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کورد؟ یان هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بنەمایەکی ڕاستەقینەشی هەیە؟
من دەمەوێت بە وردی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە و ئاماژە بە سێ قۆناخی مێژویی بکەم کە یەک لە یەک گرینگترن. ئەو کەسەی نەتوانێ، یا نەیەوێ لە ڕاستیی ئەم سێ قۆناغە تێبگات، ناگاتە وێنەیەکی ڕاستبینانە و ڕیئالیستی لە دۆخی ئێستای کورد لە ڕۆژاوای کوردستان.
قۆناخی یەکەم
ڕێککەوتنە نەنوسراوەکەی ئەسەد - ئۆجالان
دیارە کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو ڕاستی و حەقیقەتە گەورەیە بکات کە کچە شەرڤان و کوڕە شەڕڤانی خەباتکاری پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە یان بە ناوە عەرەبییەکەیان قەسەدە، بە درێژایی مێژوویەکی درێژ، هەزاران شەهیدی داوە. کەس ناتوانێ نکۆڵی لە شکۆ و گەورەیی ئەو خەبات و فیداکارییە بێوێنەیە بکات. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەو ئازیزانە، بە تاقی تەنیا ئەو مێژوەیان هێناوە.
لە هەمانکاتدا، ئەو ڕاستییەمان لەبیر بێت، هەر لە سەرەتای ئەو ڕۆژەوە کە ئۆجالان و هاوڕێکانی، بە قاچاخی سنوور و تخووبی نێوان تورکیا و سووریایان تێپەڕاند و لە گەرماوگەرمی قۆناخی شەڕی سارد و کاتی دەسەڵاتدارێتی دیکتاتۆر حافزدا چوونە ناو خاکی سووریاوە، ڕێککەوتنێکی نەنووسراوی بەمشێوەیە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی دیمەشق یان شامدا بوو:
"بەو مەرجە ئەتوانن لە سووریادا بمێننەوە کە دژ بە دەوڵەتی سووریا و حیزبی بەعسی سوری و بنەماڵەی ئەسەد، هیچ نەکەن". پەکەکە ئەمەی قبوڵکرد و بەمجۆرە، کوردستانی سووریا کە لەو کاتەدا لە ئەدەبیاتی سیاسی پەکەکەدا بە "باشوری بچووک" وەسف ئەکرا، بووە گەورەترین ناوەندی پەروەردە و کانگای یارمەتی ماددی و هەروەها کانگای دابینکردنی شەڕڤان بۆ ئەوەی ڕەوانەی مەیدانی شەڕ لەبەرامبەر تورکیادا بکرێن. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە یەکەم حزب و بزاڤە شۆڕشگێڕییەکانی کورد لە سووریا، تەنانەت 20 ساڵ بەرلە دامەزراندنی پەکەکە دەستیان بە کار و باری خەبات و تێکۆشان کردبوو. بەڵام دوای ئەو ڕێککەوتنە نەنووسراوەیەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی ئەسەد، ڕێگای خەبات و چالاکی لە هەموو حیزبەکانیتر گیردرا و کەس نەیتوانی جموجووڵ بکات.
دیارە هۆکاری میوانداری حافز ئەسەد لە پەکەکە و ئۆجالان، ئەوە نەبوو کە گوایە ئاشقی چاوی ڕەش و بەلەکی کورد بووە! نەخێر! ئەسەد لە دونیای دووجەمسەری شەڕی سارد و چاغی سۆسیالیسمی بنیاتنراودا، لەبەرامبەر ناتۆ و تورکیا و ئیسراییلدا هەڵوێستی گرتبوو. بەڵام کە دواتر لە ساڵی 1998ی زایینیدا دۆخەکە گۆڕا و ڕێککەوتنی ئادانا (Adana Mutabakatı) بە دەستپێشخەری ئیستخباراتی هەر دوو لا لە نێوان تورکیا و سووریادا ئیمزاکرا، ئۆجالان وەدەرنرا.
قۆناخی دووەم
هاتنی ئەمریکا و دامەزراندنی پەیەدە
لە سەروبەندی گۆڕینە گەورەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هێرشی بەربڵاوی جۆرج بۆشی کوڕ و هاوڕێیانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سەددام، پەکەکە بەو قەناعەتە گەیشت کە دەبێ بۆ هەر یەک لە چوار پارچەکەی کوردستان، حزب و دامەزراوەی نوێ دابمەزرێنێ. پەیەدە بۆ باشووری بچووک یان بە تەعبیری ئێستا بۆ ڕۆژاوای کوردستان و چالاکی لە سووریا دامەزرێندرا. دیارە هێلی هزری و سیاسی نەگۆڕدرا و پەکەکە دیسان لە بەرامبەر دەوڵەتی سووریا و دیکتاتۆر بەشاری جێگری دیکتاتۆر حافزدا چالاکییەکی جددی نەبوو. بەڵام لە هەمانکاتدا، ڕێگای لە کار و چالاکی هەمو حزب و لایەنە کوردییەکانیتر گرتبوو.
قۆناخی سێهەم
ئاگاتان لەم بەرەیە بێت
لە قۆناخی نوێ و دوای سەرهەڵدانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی و ترس و دڵەڕاوکێی بەشار ئەسەد لە ڕووخان و نەمان، کۆمەڵێک ڕوودای نوێ هاتنە پێشەوە. یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانە، سەرهەڵدانی هاوشان و هاوکاتی دوو جۆرە مەترسی گەورە بوو لە سەر چارەنوسی سووریا: لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی – سەربازی – جەماوەری لە لایەک و لایەنی تونداژۆی سەلەفی لە لایەکیتر.
ئایا دەوڵەت و سوپای ژێر ئەمری ئەسەد، توانای ئەوەی بوو لە بەرامبەر هەر دوولادا شەڕ بکات؟ نەخێر، بێگومان نەیدەتوانی. هەر بۆیە لە سەر ڕێککەوتنێکی نەنووسراو، شام داوای لە لایەنە چەکدارییەکەی پەکەکە یان پەیەدە کرد کە ئاگایان لە ناوچە کوردییەکان بێت لە جزیرێ و کۆبانی و عەفرین و تەنانەت مەودای عەرەبنشینی نێوان ئەو سێ پارچە کوردستانییە. ڕێک لەو قۆناخەدا، کۆمەڵێک لە سیاسەتڤان و شۆڕشگێڕانی بەناوبانگی کوردی ڕۆژاوا کە مێژوی خەبات و چالاکی ئەوان تەنانەت لە خودی پەکەکە درێژتر بوو، لە ژێر خێوەت و ڕەشدەواری "ئەنجومەنی نیشتمانی لورد لە سووریا" (ENKS) کۆبوونەوە.
ئەنەکەسە، لەناو جەرگەی دژبەرانی ئەسەد یان موعارزەی سووریادا دەوری ئەگێڕا و زۆربەی سەرکردەکانی لە ئەستانبۆڵ و هەولێر و هەندێکیان لە سلێمانی و هەندێکان لە ڕۆژاوا دەمانەوە. لەو قۆناخەدا بەرلەوەی دژبەری و ناکۆکی نێوان ئەم دوو باڵ و باسکە کوردییە بگاتە ئاستێکی مەترسی هێنەر، بە دەستپێشخەری مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، لە هەولێردا چەندین کۆبوونەوە بەڕیوەچوون و لێژنەی هاوبەش و "دەستەیا بلیند" پێکهێنران. بەڵام عەرەب وتەنی لە سەر ئەرزی واقیع، پەیەدە و باڵە چەکدارییەکەی ئیزنی کار و خەباتی بەم دەستەیە نەدا و بەردەوام ئەم تۆمەتەی خستە پاڵیان: "ئێوە تێکۆشەری فەنادقن!" واتا ئیوە بەردەوام لە ئەستەمبۆڵ و هەولێرەوە بەرەو لەندەن و واشێنگتۆن و شارەکانیتر دەڕۆن و کاری ئێوە تەنیا بووەتە قسەکردن و مانەوە لە هۆتێل و دانیشتن هۆڵەکاندا.
ئێستا و دوای ئەسەد
دیارە دوای ئەو سێ قۆناخە هەستیارە ئێستا کورد لە ڕۆژاوا لە دۆخێکی جیاوازدایە و بڕیار وایە شەڕڤانی یەپەگە و قەسەدە بە چەکی سەرشانیانەوە بچنە ناو سوپای سووریاوە. لە هەمانکاتدا چاوەڕوانی ئەکریت – کەم یان زیاد – کۆمەڵێک گۆڕینی سیاسی و حقوقی لە ژیانی کورددا ڕوو بدات. بەڵام بەداخەوە شێوازی کار و چالاکیی سیاسی قەسەدە و دامەزراوەکانی پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان، وایکرد هەموو حزب و بزاڤە کوردییەکان نەتوانن لەناو جەرگەی خەبات و شۆڕشدا یەک بگرن و بە یەک دەنگ بچنە شام و بچنە بەردەم دەوڵەتی نوێی سووریا.
ڕەخنەی جددی لە سەر دامەزراوەکانی پەکەکە لە ڕۆژاوادا ئەوەیە، تەنانەت لەو قۆناخەدا وا ڕێگای لە بەردەم دوو حزبی تورکی کۆمۆنیستی دژ بە تورکیا خۆشکردبوو بۆ ئەوەی بتوانن لەناو خاکی ڕۆژاوای کوردستاندا بارگا و بڕیارگەیان بێت، ئامادە نەبون هەمان ماف و مۆڵەت بە ئەنەکەسە و لایەنەکانیتر بدەن!. تەنانەت لەو قۆناغە هەستیارەدا وا دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکەی مەسعود بارزانی بووە هۆی ئەوەی پێشمەرگەی کوردستان لە خاکی تورکیاوە بڕواتە ناو کۆبانی و بە هاوشانی و هاوکاری یەپەگە، شەڕی تیرۆریستانی تونداژۆ بکات، پەکەکە و لایەنەکانی لە ڕۆژاوای کوردستاندا، ئامادە نەبوون ئەو هەلە بۆ یەکگرتوویی نەتەوەیی بقۆزنەوە.
هەر بۆیە بەداخەوە بەشێک لە قسەکانی شەرع، ئەبێ وەکو واقیع و ڕاستینەی تاڵی سیاسەتی کوردیی ببینین و دان بەو ڕاستیەیدا بنێین کە پەیەدە و قەسەدە وەکو لایەنە دەسەڵاتدارەکەی ڕۆژاوا، ئیزنی ئەوەی نەدا کورد بە یەک دەنگ و بەرەیەکی تاکی یەکگرتوو لەبەرامبەر حکوومەتی شامدا لەسەر مافە ڕەواکانی خۆی داکۆکی بکات.