ئەمڕۆ تەمەنی ئەمەریکا دەبێتە 250 ساڵ!

ئەمڕۆ تەمەنی ئەمەریکا دەبێتە 250 ساڵ!
ئەمڕۆ تەمەنی ئەمەریکا دەبێتە 250 ساڵ!

باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا (Founding Fathers) لە 4ـی تەممووزی ساڵی 1776 زایینی، سەربەخۆیی وڵاتەکەیان راگەیاند و حووکمی شانشینی بەریتانیایان رەتکردەوە و ئامادە نەبوون هیچی تر لە ژێر دەستەڵاتی بەڕیتانیادا بمێننەوە، بەڵکو کۆمارێکی دەستووری فیدراڵیان دامەزراند، ئەوەش دوای ئەوە هات کە لە ساڵی 1774 پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاریدا وەرگرتنی (باج و سەرانە) لەسەر خەڵکی ئەمریکا زیاد بکات و بەهۆیەوە کاردانەوەی توندی ئەمریکییەکانی لێکەوتەوە، چونکە ئەمریکییەکان هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی بەریتانیادا نەبوو، بۆیە پێیان وابوو بڕیارەکانی پەرلەمانی بەریتانیا لە ئەمریکا جێبەجێ ناکرێن.

دوو ساڵ دواتر و لە رۆژی 4ـی تەممووزی ساڵی 1776 زایینی 56 سەرکردە و کەسایەتیی ناسراوی ئەمریکا بە نوێنەرایەتیی 13 ویلایەت جاڕنامەیەکیان بە ناوی جاڕنامەی سەربەخۆیی Declaration of) Independence)  بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند: 

“لەمەودوا خەڵکی ئەمەریکا سەربەخۆن و چیتر لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا نامێنێتەوە”.

لەو کاتەوە تاکو ئێستا، ئەمریکییەکان هەموو ساڵێک لە 4ـی تەمموووزدا جەژنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەگێڕن و یادی رزگاربوونیان لەژێر داگیرکاریی بەریتانیا دەکەنەوە.

کیشوەری ئەمریکا لە ساڵی 1492 لەلایەن (کریستۆڤەر کۆڵۆمبس)ی گەریدەی ئەوروپی دۆزرایەوە و بەریتانیاش لە ساڵی 1585ـەوە دەستی بە داگیرکردنی ئەو کیشوەرە کرد.

خەڵکی ئەمەریکا لە 250 ساڵەی سەربەخۆییاندا، 47 سەرۆکیان هەڵبژاردووە، 19 سەرۆک له‌ پارتی کۆماری بوون، 16 سەرۆکیش له‌ دیموکرات، 11 سەرۆکیش بێلایەن بوون، واتە پێش دامەزراندنی پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری (پارتی دیموکرات لە ساڵی 1828 دامەزرا، پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزرا).

ئەمەریکا لە کاتی راگەیاندنی سەربەخۆییدا لەم 13 ولایەتە پێکھاتبوو:

پێنسلڤانیا، نیویۆرک، نیوجێرسی، ڤێرجینیا، ماساچوست، میریالند، رودئایالند، کنتکت، کاڕۆلینای باکوور، کاڕۆلینای باشوور،دالوێر، نیوهامشر، جۆرجیا) بەڵام ئێستا ئەمەریکا لە (50) ولایەت پێکهاتووە و هەر ولایەتێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەمووشیان خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیانن (یاسا دانان و جێبەجێکردن و دادوەری) ئەویش لە ژێر چەتری دەستوری فیدڕاڵی ئەمەریکادا.

باوکانی دامەزرێنەر (Founding Fathers) بریتی بوون لە کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی کە راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمەریکایان واژۆ کرد و بەشداریان کرد لە جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریکا و دەستووری ئەمەریکایان نووسیەوە، بە گوێرەی مێژوونوس ریچارد ب. مۆریس ئەم 7 سەرکردەیەی خوارەوە وەک باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا ناسراون: 

جۆرج واشنتن، جۆن ئادامز، بنیامین فڕانکلین، جۆن جەی، ئەلێکسەندەر ھامیلتۆن، تۆماس جێفرسۆن، جێمس مادیسۆن.

دەقی راگەیاندنی سەربەخۆیی (Declaration of Independence) لە لایەن (تۆماس جیفرسن) لە ڤێرجینا نووسرایەوە، راگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ رەزامەندی بەریتانیا بوو، بۆیە بەریتانیا بەهێز بەرەنگاری ویستی سەربەخۆخوازانی ئەمەریکا بوویەوە، دوای شەڕێکی 8 ساڵە شانشینی بەریتانیا ناچاربوو ساڵی 1783 لە رێكکەوتننامەی پاریس دان بە سەربەخۆیی ئەمەریکادا بنێت.

بۆ ئەوەی لە سیاسەتی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پلانە ستراتیژییەکەیان تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پلانی تاکتیکیا تێبگەین، بۆ ئەوەی لە پلانی تاکتیکی ئەمەریکا تێبگەین، پێویستە لە پێودانگی دانانی پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا تێبگەین، هەمیشە بە گوێرەی دوو پێودانگ پلانی تاکتیکی و ستراتیژی ئەمەریکا دادەڕێژرێن، ئەوانیش بریتین لە:

یەکەم: پێودانگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەمەریکا.

دووەم: پێودانگی پاراستنی بەرژەوەندیە ماددی و مەعنەویەکانی ئەمەریکا.

کەواتە هەمیشە داڕشتنی (سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیکی ئەمەریکا) بەندە بە پێودانگی پاراستنی ئاسایش و بەرژوەندیە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکانی ئەمەریکا.

لە ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکادا بۆ ئێمە گرنگە هەڵوەستەیەک بکەین و پرسیار بکەین:

ئایا ئه‌مه‌ریكا چۆن بۆتە زلهێزترین وڵاتی دونیا و سوپه‌ر پاوه‌ری جیهان؟

پێموایە کۆمەڵێک فاکتەر لە پشت سەرکەوتنی ئه‌مه‌ریكا دان، لە هەموو سێکتەرەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژی و AI و هونەری و ....هتد)، بەڵام سەرەکیترین فاکتەر، بوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، چونکە تەمەنی 237 ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت.

رەشنووسی دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە ساڵی 1787 لە کۆنگرەی (فیلادلفیا)دا بە ئامادەبوونی نوێنەری سێزدە ویلایەت نووسرایەوە (ئەوکات ئه‌مه‌ریكا تەنیا 13 ویلایەت بوو)، دوای ساڵێک گفتوگۆی چڕ و پڕ، لە ساڵی 1788 راپرسی لەسەرکرا، ئینجا لە ساڵی دواتر واتە ساڵی 1789 پەسەند کرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

  • دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە 7 ماددە پێکهاتووە:
  • ماددەی یەکەم تایبەتە بە دەسەڵاتی یاسادانان.
  • ماددەی دووەم تایبەتە بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
  • ماددەی سێیەم تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەریی.
  • ماددەی چوارەم تایبەتە بە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتەکان و حکوومەتی فیدڕاڵ.
  • ماددەی پێنجەم تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور.
  • ماددەی شەشەم تایبەتە بە قەرزی نەتەوەیی (الدیون القومیة)
  • ماددەی حەوتەم تایبەتە بە پەسەندکردنی دەستوور.

یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی دەستووری ئه‌مه‌ریكا بریتیە لە هەبوونی (Flexibility) واتە نەرمی و گونجان لەگەڵ هەموو سەردەمەکان، لەم چوارچێوەیەدا ماددەی پێنجەمی دەستوور تەرخان کراوە بۆ هەمووارکردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێویستی سەردەمەکان، بۆیە دەستووری ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا 27 جار هەموار کراوەتەوە.

خەسڵەتێکی تری بەهێزی دەستووری ئه‌مه‌ریكا، جیاکردنەوە و چاودێری و هاوسەنگی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەیە (Separation of Powers, Checks and Balances) بە گوێرەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی دەستوور هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئه‌مه‌ریكا لە یەکتر جیاکراونەتەوە (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) هەروەها دەستووری ئه‌مه‌ریكا هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی فەراهەمکردووە لە رێگه‌ی چاودێریکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە بەسەر یەکترەوە:

 (The power of US government is constrained by the separation of powers and checks and balances between branches)

لە ئه‌مه‌ریكادا بەهۆی پیادەکردنی ئەم دەستوورە، یاسا لەسەرووی هەموو کەسێکەوەیە، ئینجا ئەگەر ئەو کەسە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكاش بێت، وەک لە خولی یەکەمی (ترەمپ)دا بینیمان کەوا چۆن کۆنگرێسی ئەمەریکا دوو جار پڕۆسەی لێپرسینەوەی (Impeachment)ی بەرامبەر (ترەمپ) ئەنجامدا.

کەواتە دەستووری ئه‌مه‌ریكا بەردی بناخەی دروستبوونی وڵاتێکی زلهێز و هاوچەرخ و مۆدێرن و خاوەن دام و دەزگای بەهێز و چالاکە، ئەمانەش شارستانیەتێکی نوێی بەناوی (شارستانیەتی ئه‌مه‌ریكا) بەرهەمهێناوە، کە لە ژێر سایەیدا دەستوور و یاسا و ڕێساکان سەروەرن بەسەر گشت هاووڵاتیاندا، بەبێ جیاوازی ئایدۆلۆژی و ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی و ئیتنیکی...هتد.

لە کۆتاییدا گرنگە ئێمەی (خەڵکی کوردستان) هەوڵبدەین سوود لە ئەزموونی نووسینەوەی دەستووری ئه‌مه‌ریكا وەربگرین، لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمه‌ریکا توانیبێتیان زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر، هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنووسنەوە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟