ياریی دوژمنانت مەبەرەوە

ئاڵای کوردستان
ئاڵای کوردستان

لە کایەی سیاسەت و ژیانیشدا، هەموو سەرکەوتنێک، سەرکەوتنی راستەقینە نییە، هەموو شکستێکیش، شکستی کۆتایی نییە، مرۆڤ رەنگە لە شەڕێکدا نەیارەکەی تێکبشکێنێت، بەڵام لە کاروانی ئەو شەڕەدا خۆی و بەهاکانی بدۆڕێنێت. 
 
لە بەرامبەریشدا، رەنگە لە گەڕێکی کاتیدا تووشی شکست بێت، بەڵام پارێزگاری لە پرەنسیپ و شکۆمەندیی خۆی بکات، کە ئەمەش وا دەکات لە کۆتاییدا ئەو ببێتە سەرکەوتووی راستەقینە.
یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو شتانەی کە رووبەڕووی تاک، پارت و گەلان دەبێتەوە، ئەوەیە کە رێگە بە نەیارەکانیان بدەن، یاسا و رێساکانی یارییەکە دیاری بکەن. 
 
کاتێک بە درۆ وەڵامی درۆ دەدەینەوە، بە هاندان وەڵامی هاندان، تۆمەتبارکردن بە خیانەت، بە رق و کینە وەڵامی رق و کینە دەدەینەوە، ئێمە لێرەدا نەیارەکانمان تێکنەشکاندووە، بەڵکو گەورەترین سەرکەوتنمان پێشکەشکردوون، کە لە خەونیانیشیاندا، نەیانبینیبێت، ئەویش ئەوەیە کە ئێمەش ببینە هاوشێوەی ئەوان.
 
ئەمڕۆ ئەم دیمەنە لە زۆرێک لە کایەکانی مشتومڕی سیاسی و میدیاییدا دەبینین، کە تێیدا هەندێک لایەن پێشبڕکێ دەکەن بۆ دروستکردنی قەیران لەبری چارەسەرکردنیان، هەروەها بۆ قووڵکردنەوەی لێکترازانەکان، لەبری پڕکردنەوەی کەلێنەکان. بۆ چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان رۆڵەکانی یەک نیشتماندا، لەبری چەسپاندنی متمانە لە نێویاندا. لە نێو جەرگەی ئەم ژاوەژاوەشدا، دەنگی عەقڵ ون دەبێت، زمانی دیالۆگ پاشەکشە دەکات و نیشتمانیش دەبێتە دۆڕاوی یەکەم و کۆتایی.
 
کوردستان و عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، کە زیاتر لە دروستکەرانی ململانێ، پێویستییان بە پیاوانی دەوڵەتە. پێویستییان بەوانەیە کە پرد بونیات دەنێن، نەک سەنگەر، پێویستییان بەوانەیە کە خەڵک لەدەوری خاڵە هاوبەشەکان کۆدەکەنەوە، نەک ئەوانەی کە لەسەر ناکۆکییەکان دەژین. نیشتمان بە تووڕەیی بەڕێوە نابردرێت، بە تۆڵەسەندنەوە بونیات نانرێت، بە سڕینەوەی ئەوانی تر یان گومانکردن لە نیشتمانپەروەرییان و هاندان لەدژیان، ناپارێزرێت.
 
یەسوعی مەسیح (شکۆمەندی بۆ ناوی) بەرزترین نموونەی لە هێزی ئەخلاقی نواند کاتێک رووبەڕووی ستەم بووەوە بەبێ ئەوەی خۆی ببێتە زاڵم،  رووبەڕووی رق بووەوە بێئەوەی رق بڵاو بکاتەوە، رووبەڕووی شەڕ بووەوە، بێئەوەی ئامرازەکانی شەڕ بگرێتەبەر. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەو وەسیەتە نەمرە هاتووە: «مەڵێ با شەڕ بتدۆڕێنێت، بەڵکو بە چاکە بەسەر شەڕدا سەرکەوێت». ئەمە بانگەوازێکە بۆ هێزی ویژدان، نەک بۆ لاوازیی ئیرادە، بۆ سەرکەوتن بەسەر خوددا، پێش سەرکەوتن بەسەر ئەوانی تردا.
 
لە قوتابخانەی ئیمامی عەلی، هەمان واتا دەبینینەوە، کاتێک دەفەرمووێت: «با چاکترین شت کە لە دونیاتدا بەدەستی دەهێنیت، گەیشتن بە لەزەتێک یان ئارامکردنەوەی کینەیەک نەبێت، بەڵکو با کوژاندنەوەی باڵێک (ناڕاستییەک) یان زیندووکردنەوەی حەقێک بێت». جەوهەری سەرکردایەتی لە تێرکردنی رق و کینەدا نییە، بەڵکو لە چەسپاندنی حەق و پاراستنی شکۆی مرۆڤدایە. هەروەها پەیامە قووڵەکەی هێشتا بۆ هەموو سەردەمێک گونجاوە، کاتێک هۆشدارییدا لەوەی کە ململانێ نەبێتە ئامانج بۆ خۆی، چونکە ئەو نەتەوانەی دوژمنایەتی دەکەنە پڕۆژەیەکی بەردەوام، توانای خۆیان بۆ بونیاتنانی داهاتوو لەدەست دەدەن.
 
هێزی کوردستان هیچ کات لە باڵادەستیی پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەیەکی تردا نەبووە، بەڵکو لە توانایدا بووە کە ببێتە نیشتمانی هەمووان. هێزی عێراقیش لە سەرکەوتنی چینێک بەسەر چینێکی تردا نییە، بەڵکو لە سەرکەوتنی تەواوی رۆڵەکانیدایە بۆ ژیانی هاوبەش لەژێر سایەی دادپەروەری و یاسادا. ئەزموونە تاڵەکانی ناوچەکەمان سەلماندوویانە کە وتاری رق و کینە رەنگە چەپڵەلێدانی کاتی بۆ خاوەنەکانی بێنێت، بەڵام برینی قووڵ جێدەهێڵێت کە نەوەکان بۆ چەندین دەیە باجەکەی دەدەن.
 
لەبەر ئەوە، پێوەری سەرکەوتنی راستەقینە ژمارەی ئەو نەیارانە نییە کە تێکیان دەشکێنین، بەڵکو ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەیە کە هیوای داهاتوویان پێدەبەخشین. پرسیارەکە ئەمە نییە، چەند کەسمان بێدەنگ کردووە؟ بەڵکو ئەوەیە، چەند مرۆڤمان دڵنیا کردووەتەوە؟ چەند پردمان دروستکردووە؟ چەند مافمان گەڕاندووەتەوە بۆ خاوەنەکانیان؟
 
تۆ رەنگە بە هاوارکردن شەڕێک بەریتەوە، یان بە ناوزڕاندن دەستکەوتێک بەدەستبهێنیت، یان بە چاندنی ترس جەماوەرێکی کاتی کۆبکەیتەوە؛ بەڵام تۆ لێرەدا تەنیا یاریی دوژمنانت بردووەتەوە و هیچی تر. بەڵام سەرکەوتنی راستەقینە ئەوەیە کە لەنێو جەرگەی ژاوەژاودا بە وەفاداری بۆ راستی بمێنیتەوە، لەنێو جەنجاڵیی جەمسەرگیریدا بۆ دادپەروەری، لە نێو لێکترازانەکاندا بۆ نیشتمان؛ ئەمە ئەو شتەیە کە ژەنەڕاڵی نەمر، مەلا مستەفا بارزانی پێی گوتین کاتێک فەرمووی: "رێگا سەختەکانن پیاوی مەزن دروست دەکەن".
 
کاتێک بەبێ لەدەستدانی ئەخلاقمان سەرکەوتن بۆ حەق بەدەستدەهێنین، بێئەوەی ببینە بەشێک لە باتڵ، رووبەڕووی دەبینەوە، تەنیا لەو کاتەدا بە راستی سەرکەوتووین.