ئانۆ جەوهەر
نووسەر
لە ڤاتیکانەوە ئەمڕۆ پەڕەیەک سووتا… بەڵام ماناکەی نەسووتا
لە دڵی رۆما؛ لە ڤاتیکان، رۆژی 21ـی ئابی 2026 بۆ من زیاتر بوو لە دیدارێک؛ رۆژێکی پیرۆز بوو کە لە یادەوەری و ویژداندا بە نەمری دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ خۆشحاڵ بووم، لەگەڵ دەستەیەک لە کەسایەتییە کاتۆلیکەکان لە وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانەکان و یاسادانەران و راوێژکاران و ئەندامانی کۆنگرێس، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتبوون، کە بەرەکەی باوکانەمان لە قەداسەتی پاپا لیۆی چوارەم بەدەستهێنا، و گوێمان لە گوتەکانی گرت، و لەگەڵیدا نوێژمان کرد بۆ مرۆڤایەتی و ئاشتی، و بۆ کەنیسەیەک کە تا ئێستاش پەیام و هیواکەی هەڵگرتووە لە ناو جیهانێکی پڕ لە ئاڵنگاری و سەختی و ماندوو بە جەنگ و ئازار.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، شانازیم بەوە کرد کە دیارییەکی خاکی لە قەبارەدا پێشکەش بە قەداسەتی بکەم، بەڵام بۆ من مێژووی گەلێک و یادەوەری نیشتمانێک و پەیامی بوونێک هەڵگرتووە:
پەڕەیەک بە زمانی سریانی لە پەرتووکێکی نوێژی کۆن، کە ئاگر بەشێکی خوارد، بەڵام نەیتوانی وشەکانی بخوات.
ئەم پەڕەیە لە پەرتووکێکی نوێژ بوو کە زیانی پێگەیشت لە کاتی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کەنیسە کۆنەکانمان کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مەسیحییەت، پاشان دوای رزگارکردن ناوچەکانمان لەلایەن هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، بە سەرۆکایەتی رێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی، و بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بە پشتگیری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دۆزرایەوە و گەڕێنرایەوە.
دیارییەکەم بۆ قەداسەتی پاپا تەنیا پەڕەیەکی کۆن نەبوو کە لە ئاگر رزگار ببێت؛ بەڵکو دەمویست ببێتە شایەتێکی زیندە بە چیرۆکی مەسیحییەکان لە خاکی مێژووییشان لە میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵات، چیرۆکی هەڤاڵە راستەقینەکان ئەوانەی کە لە کاتی نەهامەتی و تاقیکردنەوە سەختەکاندا لە گەلیان وەستان.
ئەو ئاگرەی کە دەستی لە پەراوێزەکانی دا هاوشێوەی ئەو ئاگرەیە کە بەسەر گوند و کەنیسە و ماڵ و یادەوەرییەکانماندا تێپەڕی. و ئەو بەشەی کە لێی ونبوو یادخستنەوەیەکی ئێمەیە بۆ ئەوەی کە ئێمەش لەدەستمان داوە: گیان، ماڵ، کەنیسە، گوند، خێزانەکان کە ناچار بوون کۆچ بکەن، و بوونێکی مەسیحی کە کەمبووەوە لەو خاکەی کە لە سەرەتای مەسیحییەتەوە تێیدا بوو.
بەڵام ئەوەی لە پەڕەکە ماوە گرنگترینە.
پەیڤەکان ماون. نوێژ ماوە. زمان ماوە. باوەڕ ماوە. و کەنیسە ماوە.
ئێمەش هەر ماوین.
لەوانەیە بوونی مەسیحییەتیمان لە ڕۆژهەڵات بریندار بێت، و لەوانەیە بەشە بەنرخەکانی ون ببن یان لە پەناگەکان و وڵاتانی بڵاوبوونەوەدا پەرت ببن، بەڵام ماناکەی لەدەست نەدا، و پەیامەکەی خامۆش نەبوو، و ڕەگەکانی لەو خاکەی کە باوکی باپیرانمان بۆ هەزاران ساڵ لەوەپێش لە باوەشی گرتووە، نەپچڕان.
و زمانی سریانی کە ئەم نوێژەی پێ نووسراوە، زمانی میرات و مێژووی کڵدانی و ئاشووری و سریانی و ئارامی ئێمەیە؛ تەنیا پیتەکان نین کە لەسەر کاغەزێکی سووتاو ماونەتەوە؛ بەڵکو دەنگی کەنیسەکانمانە، نوێژی باوک و باپیرانمانە، و یادەوەری گەلێکە کە سەرەڕای ستەمکاری و کۆمەلکوژی و کۆچبەرکردن و تیرۆر، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە وەک شایەتێک بۆ مەسیح لەسەر خاکی خۆی بمێنێتەوە.
بەر لەوەی ئەم پەڕەیە لە بەردەم دەستی باوکی پیرۆزدا دابنێم، هەستم بەوە کرد کە من تەنیا شوێنەوارێک لە رابردوو پێشکەش ناکەم، بەڵکو پەیامێک لە مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتەوە بۆ کەنیسەی جیهانی و جیهان لەبەردەمیدا دادەنێم:
هەوڵیان دا پەرتووکەی نوێژ بسووتێنن،
کەچی نوێژەکە ماوە.
هەوڵیان دا کەنیسەکان تێکبشکێنن، کەچی باوەڕەکە ماوە.
هەوڵیان دا لە خاکەکەمان دەربمانکەن، کەچی رەگەکانمان هێشتا لەسەری زیندوو و پۆڵایینن.
ئەم پەڕە سووتاوە نیشانەی کۆتایی ئێمە نییە، بەڵکو شایەتحاڵێکە لەسەر ماندووبوون و بەردەوامیمان.
و تاوەکو لەم خاکەدا مەسیحییەک هەبێت کە بە زمانی خۆی نوێژ بکات، زەنگەی کەنیسەیەک لێبدات، و دایکێک کە فێری منداڵەکانی بکات باوەڕی باوبابیرانیان و زمانی باپیرانیان، چیرۆکی مەسیحییەت لە میزۆپۆتامیا و رۆژهەڵات کۆتایی نایەت، و هەرگیز نابێتە پەڕەیەک کە داخڕێت.
سوپاس بۆ قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەهەم بۆ بەرەکەتی باوکانەی و نوێژەکانی و نزیکی لە مەسیحییەکانی رۆژهەڵات.
و لە رۆژێکی وەکو ئەمەدا، ئێمە نە ئیمتیاز دەخوازین و نە سۆز؛ بەڵکو نوێژ و هیوا بەرز دەکەینەوە بۆ ئەوەی لەسەر خاکی خۆمان بمێنینەوە، ئازاد، ئارام و یەکسان، باوەڕ و مێرات و پەیامی خۆمان هەڵدەگرین، و بەشداری لەگەڵ براکانمان و هاوبەشەکانمان دەکەین لە بنیاتنانی نیشتمانێکدا کە بە دادپەروەری و یەکسانی جێگا بۆ هەمووان دەگرێتەوە.