محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
تورکیا و پەکەکە، ساڵێک دوای سووتاندنی چەک
ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕۆژەدا کە 30 ئەندامی باڵی سەربازیی پەکەکە بە فەرماندەیی بەسی هۆزات، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لە ڕێوڕەسمێکی هێماییدا بە ئامادەبوونی پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسان، چەکەکانیان فڕێ دایە ناو ئاگردانێکی گەورەوە. ئەم ڕێوڕەسمە سەرنجڕاکێشە وەک هێمای کۆتاییی ڕاستەقینەی چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکە ناسێندرا و لەوەش زیاتر لە کۆنگرەی فەرمیدا، سەرکردە و فەرماندەکانی ئەم بزووتنەوە کۆنە بە پەیڕەوکردنی فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پارتەکەیان هەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی 1999و دەستگیرکردنی ئۆجەلانەوە، هەم خۆی و هەم پەکەکە بەردەوام باسی دیموکراسی، ئاشتی و کۆتاییهاتنی چالاکیی چەکدارییان کردووە؛ تەنانەت دواتریش لە نامەیەکی ساڵی 2026دا، ئۆجەلان بە فەرمی رایگەیاند، کە دەبوو لە ساڵانی یەکەمی دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەو پارتە هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، ئەو ڕێوڕەسمەی کە ساڵێک لەمەوبەر بەڕێوە چوو و ئەو چەکەی خرایە ناو کوورەی هێماییەوە، وێنەیەکی پێشکەش کرد کە دەبێت بە خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا هەژمار بکرێت. ئەگەرچی تا ئێستا چەندین جار ئەو خاڵەم خستووەتە ڕوو کە پەکەکە زیاتر لەوەی بزووتنەوەیەکی کوردی بێت، ڕێکخراوێکی چەپ بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەکتەرێکی سەرەکییە کە گرنگترین ڕۆڵی لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی کورداندا لە تورکیا و سووریادا بینیوە. بۆیە گرنگە ئەو بابەتە بخەینە ڕوو کە کۆماری تورکیا لەم ماوەیەدا، واتە یەک ساڵ دوای سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە، بەڕاستی چی کردووە؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێت بڵێین: بە پێچەوانەی خەیاڵ و چاوەڕوانیی سەرکردەکانی پەکەکە و سەرکردەکانی دەم پارتی، کۆماری تورکیا و بە واتایەکی دیکە هاوپەیمانیی کۆماری بە هاوبەشیی ئەردۆغان و باخچەلی، هیچ کارێکی گرنگ، کاریگەر و گەورەیان نەکردووە.
با هەر لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی ئەرێنی بکەم:
لە ساڵی ڕابردوودا، زۆر وتەی باش و ئەرێنیمان لە ئەردۆغان، باخچەلی و زۆر سەرکردەی سیاسیی دیکەی تورکیاوە بیستووە سەبارەت بە دروشمی "برایەتیی تورک و کورد" (ئەڵبەتە خۆزگە لەبری برایەتی، زیاتر باسی یەکسانییان بکردایە).
لە ساڵی ڕابردوودا، شاهیدی هیچ جۆرە هێرش و ڕووداوێکی توندوتیژی نەبووین. تورکیا ساڵێکی پڕ لە ئارامی و سەقامگیریی بەڕێ کردووە، بەتایبەتییش لە کوردستاندا، لە گوندنشین، ئاژەڵدار و هەنگەوانەوە تا بازرگان، شاخەوان، گەشتیار و ئەندازیارانی ڕێگاوبان، سەرجەم هاووڵاتیان لە بارودۆخێکی باش و ئارامدا گەڕاونەتەوە سەر چالاکییەکانیان.
لە ساڵی ڕابردوودا، دەیان کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و ڕاگەیاندنی تورکیا و دەیان ماڵپەڕی هەواڵ، لە سەدان ڕاپۆرت و چاوپێکەوتنیاندا لەگەڵ دەستەبژێری کورد و تورک، باسی ئارامی و ئاشتەواییان کردووە و لانیکەم لە وتار و چاوپێکەوتنەکاندا کەشوهەوای دژەکورد بەدی نەکراوە. لە یەک ساڵی ڕابردوودا، دەستەبژێری کورد توانییان لە هەموو کاتێک زیاتر باسی ئەو ڕاستییە بکەن کە کوردستان تینووی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانییە.
هەموو ئەم خاڵانەی باسم کردن، باش، ئەرێنی و بەنرخن. بەڵام ئایا بەهای یاساییشیان هەیە و ئایا دەتوانرێت ئەم نموونانە بە بەشێک لە "چاکسازییە یاساییەکان"، "گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان" و "بەدیهێنانی ئاسۆیەکی ئومێدبەخشی داهاتوو" هەژمار بکرێن؟ پێم وانییە. ڕاستییەکەی، من وا بیر ناکەمەوە.
کۆماری تورکیا بەڕاستی دەبوو لەم یەک ساڵەدا چی بکات؟ ئایا پێویست بوو لەم 365 ڕۆژەدا دەقی دەستوور بگۆڕدرێت و بەخێرایی یاسایەکی پێشکەوتنخوازانە بنووسرێت؟ نەخێر، ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە لە ماوەی یەک ساڵدا زۆرێک لە کێشە پێکهاتەییە گەورەکان چارەسەر بکرێن. بەڵام چاوەڕوان دەکرا لانیکەم ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنرێن:
ئازادکردنی سەدان زیندانیی سیاسیی کورد، لەوانە سەلاحەدین دەمیرتاش.
دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە دۆخی خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئازادکردن یان گۆڕینی بارودۆخی ژیانی ئەو لەسەر بنەمای دوو چەمکی گرنگی کەرامەت و ئازادی.
دیاریکردنی ورد و ڕاستەقینەی چارەنووسی دەیان سەرکردە و فەرماندەی پلەبەرزی پارتەکە.
دەستپێکردنی مشتومڕێکی جددی و بەربڵاوی یاسایی، هزری و کۆمەڵایەتی لەسەر پێویستیی ناساندنی کورد.
دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە گۆڕینی ماددەی 66ـی دەستووری تورکیا کە بە شێوەیەکی نەژادپەرستانە و دڕندانە، هەموو هاووڵاتیانی تورکیا بە تورک دەزانێت و گرنگترین بەڵگەنامەی نکۆڵیکردنە لە بوونی کورد.
دەستپێکردنی ڕێوشوێنە هێماییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ناوی کوردیی شار و گوندەکان، بەتایبەتی دەرسیم و ئورفا.
پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە پارێزەران و ڕۆشنبیرانی تورک و کورد بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کەشوهەوای کۆمەڵایەتیی تورکیادا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان تورک و کورد.
گێڕانەوەی کەرامەتی سەدان ڕۆشنبیر و چالاکوانی سیاسی کە بە تۆمەتی ناڕاست دەستبەسەر و زیندانی کراون و ئەشکەنجە دراون.
دڵنەواییبەخشین بە سەدان کەس کە لە کاتە جیاجیاکاندا لە زیندانەکانی تورکیادا ئەشکەنجە دراون.
دەرکردنی فەرمانی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی مافی سەدان و ڕەنگە هەزاران هاووڵاتیی کورد کە ستەمیان لێ کرابوو و زیانی گیانی و داراییان بەرکەوتبوو.
دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە قوربانیانی شەڕەکە، بەتایبەتی سەدان گوندی کوردستان کە بە فەرمانی سوپا چۆڵ کران و دانیشتووانەکەیان ڕاگوێزران بۆ ئەستەنبوڵ و شارەکانی دیکە.
گرنگیدان بە ڕۆڵی سیاسەتمەدارانی کوردی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و دامەزراندنی پەیوەندیی بەرفراوانیان لەگەڵ دەم پارتی و هەوڵدانی هاوبەش لەسەر پرسی شوناسی کوردی.
تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ گەشەپێدانی شارەکانی کوردستانی تورکیا، بەتایبەتی لە کایەکانی وەرزش و ڕۆشنبیریدا.
سازدانی کۆبوونەوە و فێستیڤاڵە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان لە ئەنقەرە، ئەستەنبوڵ و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی نمایشی کۆنسێرت و شانۆی کوردی.
بەشداریکردنی زانکۆکانی چەند شارێکی کوردستان لە بەڕێوەبردنی کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاساییەکاندا.
ئایا ئەم نموونانە بەسن؟ نەخێر. بەڵام یەک تایبەتمەندیی گرنگیان هەیە: ئەم ڕێوشوێنانە دەتوانن هاودڵی بەدی بهێنن و کورد دڵنیا بکەنەوە کە کۆماری تورکیا ڕوانینێکی ڕاستگۆیانەی بەرامبەریان هەیە و ئامادەیە بۆ ئاشتی و دیموکراسی.