شەش هەڵە گەورەکەی دوران کاڵکان

شەش هەڵە گەورەکەی دوران کاڵکان
شەش هەڵە گەورەکەی دوران کاڵکان

دوران کاڵکان وەکو یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردەکانی پارتی هەڵوەشاوەی پەکەکە، لە گفتوگۆیەکی فراواندا، نوخبەی سیاسیی کوردستانی هەژاند. ئەم پیاوە بەڕەچەڵەک تورکە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە "لە 50 ساڵی رابردوودا، ئەوەی بە ناوی کورد و کوردایەتییەوە کراوە، هەمووی لە سەر هزر و داخواز و دەسکەوتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە". 

کاڵکان ناسراو بە عەباس، لەو گفتوگۆیەدا لە ناو هەموو بزاڤ و پارتە کوردییەکاندا تەنیا باسی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) دەکات و پرسیار دەکات: "ئاخۆ ئەگەر پەکەکە نەبوایە، ئێستا باکوور و باشوور و رۆژهەڵات لە چ دۆخێکدا بوون و پارتی دەگەیشتە کوێ؟". 

هێشتا نازانین لەبەر چ هۆکارێک، لە ناو ئەو هەموو رۆژمانەگەر و میدیاکارەی تورکیا، ئەوە تەنیا رۆشەن چاکر خاوەنی ماڵپەڕی سەربەخۆی میدیا سکۆپ بووە کە توانیویەتی بڕواتە چیای قەندیل. ئەوەش نازانین لە ناو ئەو هەموو سەرکردە و بەرپرسەی پەکەکەدا بۆچی دوران کاڵکان بۆ گفتوگۆ هەڵبژێردراوە. 

ئایا تورکیا دەیەوێ بە نەدانی ئیزن و مۆڵەت میدیا فەرمی و دەوڵەتییەکان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە، پەیامی ئەوە بدات کە هێشتا ئەوان بە فەرمی ناناسێ؟ ئایا پرسیارەکان لەسەرەتاوە دراونەتە رۆشەن چاکر و تەواوی ئەم سەفەرە دوور و درێژە لە ئەستانبۆڵەوە بۆ قەندیل، رێک بۆ ئەوە بووە کە دوران کاڵکان لە لێکدانەوەیەکی چەوتدا، چز لە پارتی و بزاڤەکانیتر بدات و خۆی بەسەریاندا تووڕە بکات؟، پێم وانەبێ! خۆ هەر ئێستاش، چاکر لە سەر ماڵپەڕەکەی خۆی و لە ژێر وێنەیەکی عەباس، بە تارۆزەوە ئەم دێڕەی نووسیوە: "لێرە لە قەندیل، هەموو دێڕەکان بە ئۆجەلانەوە دەستپێدەکات و بە ئۆجەلانیش دەبڕێتەوە!" 

چاوەڕوانی چی بووین، هەڵەکان چی بوون؟

یەکەم، نکۆڵی: دیارە عەباس (دوران کاڵکان) لەناو پەکەکەدا دوای ئۆجەلان، وەکوو گرنگترین کەسی بواری ئایدیۆلۆژیا دەناسرێ و خۆی وەکو بیرمەندێکی سۆسیالیست دەبینێ. هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرا لە یەکەمین ساڵوەگەڕی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە و  یەک ساڵ دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە، عەباس سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ باس بکات و پەردە لەسەر ئەوە لابدات کە شێوازی نوێی سیاسەتی ئەو و هاوڕێکانی لە تورکیادا چۆن دەبێ. بەڵام جەنابیان یەکسەر هەڵیانکوتایە سەر هەمو نەتەوەی کورد و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە پەنجا ساڵی رابردوودا ئەوەی بە ناوی ئازدی کورد و کوردایەتییەوە کرابێ، کاری ئۆجەلان بووە. عەباس لە درێژەدا لە زاری خودی ئۆجەلانەوە وتی "تەنیا خوداوەندە زاڵمەکان دەتوانن نکۆڵی لەو کارانەم بکەن، کە بۆ کوردان کردوومن". ئێ؟ پرسیار: ئەی نکۆڵی لە هەوڵدانی رێبەر و تێکۆشەر و کەسانیتر، زوڵمێکی گەورە نییە؟، ئایا خەبات و تێکۆشینی شۆڕشگێڕانەی کورد بە ئۆجەلان و پەکەکەوە دەستیپێکردووە؟ ئەی نەهری، بارزانی، پیران، سەیدڕەزا، ئیحسان نووری، قازی محەمەد، قاسملوو، نەوشێروان، تاڵەبانی و دەیان سەرۆک و سەرکردە و هەزاران پێشمەرگە هیچ رۆڵێکیان نەگێڕاوە؟. کەوایە بە ڕای من، گەورەترین هەڵەی دوران کاڵکان لەو گفتوگۆیەدا، نکۆڵی لە خەبات و تێکۆشینی سەرۆک و بزاڤ و حزبەکانیترە. وتەیەکی پێشینان هەیە، دەڵێ "ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ دژ بە دێوەکان شەڕت کرد، ئاگادار بە بۆ خۆت نەبی بە دێو"، لێرەدا دێتەوە بیرم. گەورەترین زوڵمی کۆماری تورکیا لە بەرامبەر کوردا، نکۆڵی لە هەبوونی ئەوان بووە. کاڵکان نابێ هەمان زوڵم دووبارە بکاتەوە. 

دووەم، خەڵک: سەروبنی قسەکانی کاڵکان ئەوەیە کە لەم قۆناخەدا، پێویستە دەوڵەتی تورکیا، ستاتۆ و جێگا و رێگای تایبەت بۆ ئۆجەلان دابین بکات بۆ ئەوەی بە شێوەی فەرمی کاری سیاسی بکات. ئایا ئەمە داخوازێکی رەوایە؟ بەڵێ رەوایە. بەڵام کە ئەم داخوازە کرا بە بەردی بناخە و سەریەت و ئەولەویەتی یەکەم و هیچ ئاماژەیەک بە مافە رەواکانی کورد و دۆخی خەڵک و جەماوەر نەکرا، ئەوە هەڵەیە.

سێیەم، دەمیرتاش: چاکر بە شێوەیەکی زیرەکانە سەبارەت بە چارەنووسی سەلاحەددین دەمیرتاش لە دوران کاڵکان پرسیار دەکات. بە پرسیار وەڵام دەداتەوەو دەڵێ "چاوەڕوانیت چی بڵێم؟" چاکر دەڵێ "باشتر نەبوو ئازاد بکرێ؟" کاڵکان دەڵێ: "باشترە هەمووان ئازاد بکرێن". لەوێدا کاڵکان بە بێ ئەوەی بیەوێ ئەو راستییە دەدرکێنێ کە پەکەکە ئێستاش نایەوێ رێگا لەبەر سیاسەتڤانی سیڤیل خۆش بکات.

چوارەم، خۆیان و ئەڤیدی: پەکەکە خۆی وەکو بزاڤێک دەناسێنێ کە ئامادەیە بەردەوام رەخنە لە خۆی بگرێ و عەرەب وتەنی "نقد ذاتی" بکات. دیارە ئەوەش هەر میراتی سۆسیالیزمە. بەڵام ئەوندەی کاڵکان هەڵدەکوتێتە سەر کوردان، مسقاڵێک باسی هەڵەکانی پەکەکە ناکات و تەنانەت رەخنەیەکی جددی لە تورکیا ناکات!

پێنجەم، سوکایەتی بە ناسیۆناڵیزمی کوردی: لە ئەدەبیاتی فەرمیی پەکەکەدا چەمکێک بەناوی "ناسیۆناڵیزمی سەرەتایی" هەیە. پەکەکە ئەم چەمکە بۆ تەواوی بزاڤەکانی مێژووی کورد بەکار دەهێنێ و هەموویان بە سەرەتایی دەزانێ و تەنیا خۆی بە نوێ و هاوچەرخ دەزانێ! ئەوە لە حاڵێکدایە خۆی وەکو ناسنامە و هزر، سۆسیالیستە نەک ناسییۆناڵ و نەتەوەپەرەست. کاڵکان لەم گفتوگۆیەدا پارتی و بزاڤە کوردییەکان بە سفەت و وتەی "تەنگ و تەسک" دەناسێنێ. وایە! پەکەکە ئێستاش ئامادەی هەڵپەڕکێ نییە. نەک بڵێی تەنیا حەزی لەوە بێت کە بەردەوام بۆ خۆی سەرچۆپی بێت، نەخێر. حەزی لە ڤاڵسە. ئەڵبەت ڤاڵسی یەکنەفەر و تاکەکەسی!

شەش، ئەگەر پەکەکە نەبوایە: کاڵکان لەم گفتوگۆیەدا رێگا لەبەردەم پرسیارێکی سەیردا ئەکاتەوەو دەڵێ: ئەگەر پەکەکە نەبوایە، کورد چی ئەکرد؟ دیارە پرسیارەکە هەڵەیە. لەبەر ئەوەی پەکەکە هەبووە و وەکو دیاردەیەکی واقیع، هەم کۆمەڵێک خزمەتی کردووە، هەم تووشی هەڵەش بووە. کەوایە ناتوانین لە بیر و خەیاڵدا مێژوویەکی بە بێ پەکەکە وێنا بکەین و بزانین ئەگەر نەبوایە چیمان ئەکرد. بەڵام مادام کاڵکان دەرگای ئەم پرسیارە چەوت و خۆپەرستانەیە ئاوەڵا ئەکات، زۆر کەس لە وەڵامدا، ئاماژە بە زۆر شت ئەکەن کە بێگومان بەدڵی پەکەکە نابێ. بۆ وێنە، لەوانەیە کاڵکان بڵێ: ئەگەر پەکەکە نەبوایە، مەلەفی کەرد، لەم ئاستەدا بە دونیا نەدەناسرا. 

ئەگەر پەکەکە نەبوایە کاری میدیاکاریی کورد ئەوندە پێش نەدەکەوت. ئەگەر پەکەکە نەبوایە، کەس نەیدەتوانی لەگەڵ وڵاتی بەهێزی ئەندامی ناتۆدا شەڕی چەکداری بکات. بەڵام لەوانەیە، لایەنی دژبەر، ئاوەها بڵێ: ئەگەر پەکەکە نەبوایە لەوانەیە سازکردنی بنەمایەکی سیاسی وەکوو هەرێمی کوردستان لە رۆژاواشدا دەستی بدابایە و دژوار نەبوایە، ئەگەر پەکەکە نەبوایە زیاد لە دوو هەزار گوندی کوردستان لە باکوور چۆڵنەدەکران و فڕۆکەی تورکیا سەدان جار هێرشی نەدەکردە سەر باشووری کوردستان. ئایا ئەم شێوازی ئەگەر و مەگەرکردنە سوود و قازانجی بۆ کورد و کوردستان هەیە؟ نەخێر.