محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
چارەنووسی کورد لە ساڵیادی 103 ساڵەی پەیمانی لۆزاندا
103 ساڵی تەواو بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێپەڕی. با هەر لە سەرەتای ئەم یادداشتەوە ئەوەمان لەبیر بێت کە ئێستا، هەم پەیمانی لۆزان و هەم کۆماری تورکیا، لە تەمەنی 103 ساڵەییدان.
لە راستیدا، مێژووی پەیمانی لۆزان و مێژووی کۆماری تورکیا، لە ڕووی بوون و مانەوەی سیاسییەوە بە تەواوەتی ئاوێتەی یەکتر بوون. تورکەکان بەردەوام ئەم دێڕە دووپات دەکەنەوە: "لۆزان، بەڵگەی خاوەندارێتی، تاپۆی بوون و بەردی بناغەی دامەزراندنی کۆماری تورکیایە." کەواتە ئێمەی کورد، نابێت هیچ کات ئەم بابەتە گرنگە فەرامۆش بکەین.
کاتێک باس لە لۆزان دەکەیت، لە راستیدا باس لە دامەزراندن و هەبوونی تورکیا دەکەیت، کاتێکیش دەڵێیت کۆماری تورکیا، تیشک دەخەیتە سەر ئەو بەڵگە مێژووییەی شاری لۆزانی سویسڕا، کە دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژی هەشت مانگە، گەیشتە خاڵی کۆتایی و دانی بە سنوورەکانی ئێستای تورکیادا نا (هەرچەندە دۆخی پارێزگای هاتای دواتر چارەسەر کرا و دۆخی بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنانیش بە لێڵی مایەوە).
ئەوەی بەلای تورکەوە گرنگ بوو شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1918دا کۆتایی پێ هات و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک دەواری بەر با، شڕ و شیتاڵ کرا. لە ساڵی 1918ـەوە هەتا گفتوگۆکانی لۆزان لە ساڵی 1923دا، ئەو پاشماوەیەی کە دواتر ناوی "تورکیا"ی لێ نرا، گرفتاری برسیەتی، داگیرکاری و کێشەی بنەڕەتیی زۆر گەورە بوو. هەر لەو دۆخە نائاسایی و دژوارەدا بوو کە مستەفا کەمال وەک ڕێبەری ڕزگاریخواز و ئازادیبەخشی تورکیا دەرکەوت و بووە پیاوی ژمارە یەکی وڵاتەکەی.
ئەو پیاوە لەو قۆناخەدا، زیاتر لە هەر شتێک، پێویستی بەوە بوو کە سنوورەکانی وڵاتە بچووکە رزگارکراوەکەی، شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. هەر بۆیە لۆزان بۆ مستەفا کەمال و هاوڕێکانی، پرسێکی تەواو چارەنووسساز و ژیانی بوو. لەو کاتەشدا بەریتانیا و فەرەنسا ئیتر بیریان لە لای دەوڵەتی کوردی نەما بوو و گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە دەبێت دان بە دەسەڵاتی دەوڵەتە تازەکەی ئەنقەرەدا بنرێت.
فێڵە گەورەکەی عیسمەت پاشا لە ناو گفتوگۆ چڕەکانی لۆزاندا
سەرۆکایەتیی شاندی حکوومەتی ئەنقەرە درابووە ژەنەڕاڵ عیسمەت پاشا، کە وەک وەزیری کاروباری دەرەوەی حکوومەتی کاتی و کاربەڕێکەری ئەنقەرە دەناسرا (چونکە هێشتا کۆمار دانەمەزرابوو).
عیسمەت پاشا، کە گوایە بە رەچەڵەک کورد بووە، بەڵام لە راستیدا گەورەترین سەرچاوەی تیۆریای ئینکارکردنی هەبوونی کورد بووە، لە لۆزاندا فێڵ و مەکرێکی سەیری سەبارەت بە پرسی کورد بەکار هێنا. دیارە نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمریکا، بەپێی قۆناخەکانی پێشتری پەیمانی "سێڤر" و هەوڵە چڕوپڕەکانی شەریف پاشا، باش دەیانزانی کە کوردەکان چییان دەوێت و چەندە تامەزرۆی ئەوەن ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. هەر بۆیە لە رۆژانی سەرەتای گفتوگۆکانی لۆزاندا، بەردەوام پرسیاریان دەکرد: "ئەرێ عیسمەت ئەفەندی، بۆچی یەک-دوو سیاسەتمەداری کورد لە ناو شاندەکەی ئێوەدا نین؟"
پێتان وایە عیسمەت بە چ زمانێک وەڵامی دابێتنەوە؟ ئایا بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا نکووڵیی لە هەبوونی کورد کرد و گوتی شتێک بە ناوی کورد بوونی نییە؟! نەخێر! وەک عەرەبەکان دەڵێن، ئەو کابرایە وەک رێوییەکی فێڵباز وابووە؛ بەم شێوەیە وەڵامی داونەتەوە: "بۆچی؟ ئێمە و کورد چ جیاوازییەکمان هەیە؟ کورد و تورک بران. ئەوانە برا گیانی بەگیانیی ئێمەن! من خۆم بە قوربانی کورد دەبم. هێندە کوردمان خۆش دەوێت، هیچ جیاوازییەکمان نییە. کاتێک تۆ لەگەڵ من قسە دەکەیت، رێک وەک ئەوە وایە لەگەڵ کوردێکدا قسەت کردبێت. ئێمە لەم گفتوگۆیەدا خۆمان بە پارێزەری مافی کوردەکانیش دەزانین و رێگە بە کەس نادەین خەدر لە مافی کورد بکات."
کۆیادەوەریی جیاواز
ئێمەی کورد و ئەوانی تورک، کاتێک دەڕوانینە لۆزان، دوو جۆر بیرهێنانەوە و "کۆیادەوەری"ی جیاوازمان هەیە: بۆ ئێمەی کورد، لۆزان سەرەتای قۆناخێکی سەختە لە ئینکارکردن و سڕینەوەی شوناس و مافە کولتوورییەکان؛ بەڵام بۆ بەشێکی زۆری کۆمەڵگا و نوخبەی تورکیا، پەیماننامەکە هێمای چەسپاندنی سەروەریی نەتەوەیی و کۆتاییهاتنی هەڕەشەکانی پەیمانی سێڤرە. تا ئەو کاتەی کەلێنێکی وا قووڵ و بەرین لە نێوانماندا هەبێت، گەیشتن بە ئاستێکی باش لە هاودڵی و لێکتێگەیشتن، ئاسان نییە.
کورد و سنوورەکانی تورکیا
وەک ئاماژەم پێ کرد، پەیماننامەی لۆزان بەڵگەی دیاریکردنی سنوورەکانی تورکیا و بەردی بناخەی دامەزراندنی ئەو وڵاتەیە. لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە: زۆرترین ژمارە و دانیشتووانی کورد، دەکەونە ناو سنوورەکانی تورکیاوە. هەر بۆیە تورکیا و ئاکاری سیاسیی ڕێبەرانی ئەو وڵاتە، زۆرترین کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی کورد دەبێت. ئەو رێسایە تا ئێستاش نەگۆڕاوە. ئێستاش بە روونی شایەتحاڵی ئەو راستییەین؛ نەک تەنیا کوردانی باکووری کوردستان، بەڵکوو کوردانی رۆژئاواش بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی روانگە و بڕیاری سیاسیی تورکیادان.
دیارە نازانین ئەو دەنگۆیانە ڕاستن کە ئەردۆغان پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی کورد نەکات یان نا، بەڵام دڵنیاین کە لە ناو گەردەلوولی ململانێکانی ئێران و تورکیادا، دەوڵەتی ئاکپارتی و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، بەردەوام چاویان لەسەر ئەوە بووە کە ئایا کورد جووڵەیەکی نوێی دەبێت یان نا. تەواوی ئەم فاکتانە ئاماژە بەو راستییە دەکەن کە قەبارەی کاریگەریی تورکیا لەسەر چارەنووسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە وڵاتانی دیکە زیاترە. بەڵگەی زۆریش هەن بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی کە لەم کات و ساتەی ئێستادا، کورد زیاتر لە هەر قۆناخێکی دیکە، ئامادەی مامەڵە و سازانە لەگەڵ کۆماری تورکیادا؛ بەڵام رەنگە تورکیا بۆ خۆی، بەو ئەندازەیە خوازیاری مامەڵە و پێکەوەژیان نەبێت.
لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: لە کاتێکدا لە 103ـەیەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزانداین و باس لە ئەگەری رێککەوتن یان قۆناخێکی نوێ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا دەکرێت، دەبێت خوێندنەوەی لایەنی کوردی سەبارەت بە داهاتووی ئەم رەوتە چۆن بێت؟
تا دوێنێ، کۆماری تورکیا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەموو جۆرە ئاکارێکی توند و دڕندانە، پەنای دەبردە بەر سیاسەتی ئاسایش، ترس لە دابەشبوون، پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی وڵات، و چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکەی دەکردە بیانوو. بەڵام ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێتەوە یان واز لە خەباتی چەکداری بهێنێت و هیچ جۆرە هەڕەشەیەک دژ بە سنوورەکانی لۆزان نەمێنێت، ئایا تورکیا دیسانەوە بە هەمان ئاراستەی رابردوودا دەڕوات و بەپێی ماددەی 66ی دەستوورەکەی هەموو هاووڵاتییانی خۆی بە تورک دەزانێت، یان بڕیار وایە ئەو تێڕوانینە وەلا بنرێت؟