ئەرسەلان عەبدوڵڵا
رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری تۆپی پێ
یانه‌ی هه‌ولێر خاوه‌نی هه‌یه؟
هێشتا وه‌رزی نوێ ده‌ستی پێ نه‌كردووه یاریزانەکان بایکۆتی مەشقەکانیان کردووە
هێشتا وه‌رزی نوێ ده‌ستیپێنه‌كردووه و به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له كوردستان 24 سپۆرت به‌رچاوم ده‌كه‌وێت، یانه‌ی هه‌ولێر، كه پێی ده‌ڵێن "ئیمپراتۆر، قه‌ڵای زه‌رد، یانه‌ی قه‌ڵاومناره، یانه‌ی دایك" و ده‌یان نازناوی دیكه، بێ پاره‌یه و هێشتا بیسمیللا نه‌كراوه، بایكۆتی مه‌شقه‌كان كرا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته ملیارییه‌كان هاته‌گۆڕێ، ئیتر وه‌ك هه‌میشه پاڕانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕیی و شین و ڕۆڕۆ ده‌ستیپێكرد.
قسه‌یه‌كی دكتۆر عه‌بدوڵا مه‌جید، سه‌رۆكی پێشووتری یانه‌ی هه‌ولێرم هاته‌وه‌یاد، كاتێك له 2014 له وه‌ڵامی پرسیاری كێشه‌ی دارایی یانه‌كه پێی وتم: برام یانه‌ی وه‌رزشی به ده‌رۆزه به‌ڕێوه‌ناچێت.
ئه‌و قسه‌یه ره‌نگه هه‌موو جارێك له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی رووخساری براده‌رانی ئیداره‌ی یانه‌كه له میدیاكان، كه باسی بێ پاره‌یی ده‌كه‌ن، دێته‌وه یادم.
جێی خۆیه‌تی بپرسم، ئه‌رێ به‌ڕاست یانه‌ی هه‌ولێر خاوه‌نی هه‌یه؟ ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت كێ به‌رپرسی فیعلیی ئه‌م یانه‌یه‌یه؟
یانه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان، كه نوێنه‌رایه‌تی پایته‌خت و هه‌رێمیش ده‌كات، كاتێك یاریی هه‌یه، له ڤی ڤی ئای پی (جامخانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی یاریگه) له‌به‌ر قات و پانتۆڵ له‌به‌ر و به‌رپرسانی شار و حزب، رێ به رێ ناكه‌وێت و ئینجا ده‌بێ چای و قاوه‌شیان بۆ دابنرێ، بیست هه‌زار هانده‌ریش، كه نیوه‌یان درێسی زه‌ردی یانه‌كه‌یان له‌به‌ره و به سه‌رما و گه‌رما له پشت یانه‌كه‌ن، هانی تیپه‌كه ده‌ده‌ن و به‌رپرسانی شار و وڵاتیش شانازی به یانه‌كه ده‌كه‌ن و پێیانوایه ئه‌وان هۆكاری پێشكه‌وتن و ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه‌ن، ئه‌دی ئێستا له‌و ته‌نگژه‌یه بێ زه‌حمه‌ت ئه‌و به‌ڕێزانه له كوێن؟
ئاخر ئاسان نییه 20 هه‌زار كه‌س به پاره‌ی خۆیان و به ویستی خۆیان و له هه‌موو بارودۆخێكدا بێنه یاریگه، ئه‌و ژماره‌یه‌ی خه‌ڵك، ئه‌مڕۆ بۆ هیچ بۆنه‌یه‌ك له‌و شاره كۆنابنه‌وه، مه‌گه‌ر بۆ یانه‌ی هه‌ولێر نه‌بێت، ئیتر بۆچی ئه‌م یانه‌یه كه‌س ئاوڕی لێناداته‌وه و له قه‌یراندا به ته‌نیا جێی ده‌ھێڵن، له سه‌ركه‌وتنیشدا هه‌مووان ده‌بنه برا به‌ش.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بپرسین، بۆچی بۆ یانه‌ی دیكه‌ی كوردستان گرێبه‌ستی ملیاری به ئاسانی واژۆ ده‌كرێ و كه‌مپی مه‌شقی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ساز ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ یانه‌ی هه‌ولێر پاره‌ی پێشه‌كی گرێبه‌سته‌كان و ئه‌نجامدانی كه‌مپی مه‌شقی نییه؟
ئه‌وه‌ی تێبینییم كردووه، ئیداره‌ی یانه‌كه كێشه‌ی زۆره و كه‌موكوڕی له به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه و خه‌ڵكانێك، كه ئه‌هلی وه‌رزش نین و هاتوونه‌ته ناو سیستمه‌كه، به‌ڕاستی بێ پلانی و بێ به‌رنامه‌ییان پێوه‌دیاره، هیچ هه‌ڵوێستێكیشیان نییه و ته‌نیا خه‌ریكی ئه‌وه‌ن چیرۆكی سواو بۆ میدیا بگێڕنه‌وه، ئه‌م بارودۆخه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م له ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سانه‌یه، كه ده‌ستوه‌ردانی گه‌وره‌یان له پێكهێنانی ئیداره‌ی یانه‌كه كردووه.
ئه‌م قسانه‌م له‌و كاته‌دا، ره‌نگه هیچ له كێشه‌كان نه‌گۆڕێ، ئه‌وه‌ی گرنگه ئێستا یانه‌كه پێویستی به پاره‌یه، به‌ڵام كه‌س خۆی لێ ناكاته خاوه‌ن و وه‌ك منداڵێكی هه‌تیو به ته‌نیا جێهێڵدراوه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه یانه‌كه ئه‌م وه‌رزه له به‌رده‌م چوار پاڵه‌وانیه‌تییدایه و چانسی زۆره ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ش به‌ده‌ست بهێنێت له ئاستی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و جارێكی دیكه مێژووی خۆی به زێڕ بنووسێته‌وه، به‌ڵام ئایا كه‌س به هانای یانه‌كه دێت؟ پرسیارێكه و پێویستی به وه‌ڵامی خێرا هه‌یه.