ئەرسەلان عەبدوڵڵا
رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری تۆپی پێ
ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌تان له كوێ بوو؟
باش بوو له كوردستان و عێراق سیستمی "یاریی خاوێن" جێبه‌جێ ناكرێ، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو بپرسین ئه‌و یانانه‌ی خۆمان له كوردستان و یانه‌كانی عێراقیش، ئه‌و هه‌موو پاره‌یه له كوێ ده‌هێنن و سیستمی خه‌رجی و داهاتیان چۆن به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
یاسای "یاریی دارایی خاوێن"، ئه‌وه‌ی له ئه‌وروپا به تایبه‌تی جێبه‌جێده‌كرێت، یاسایه‌كی تونده، كه هاوسه‌نگی له نێوان خه‌رجی و داهاتی یانه‌كان رێكده‌خات، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی یانه‌كان گه‌نده‌ڵی نه‌كه‌ن و خه‌رجییان له داهاتیان زۆرتر نه‌بێ و تووشی قه‌رز و دواتر مایه‌پووچبوون نه‌بن.
به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی من به‌دوایدا گه‌ڕام و پرسیارم له شاره‌زایه‌كی ئه‌م بواره‌ش كرد، له خولی عێراق سیستمی رێگه‌پێدان "ته‌ڕاخیس" شوێنی سیستمی یاریی خاوێنی گرتووه‌ته‌وه، كه پێوانه‌ی دیاریكراوی دارایی یانه‌كان و خه‌رجییه‌كان ده‌رده‌خات، یانه‌كان ده‌بێت راپۆرتی دارایی پێش ده‌ستپێكردنی وه‌رزی توپی پێ پێشكه‌ش بكه‌ن و خه‌رجی و داهاتی وه‌رزی پێشتر و داهاتی پێشبینیكراوی وه‌رزی نوێیان بۆ نیوه‌ی وه‌رزه‌كه بخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام چونكه یاساكه شلۆق و سه‌رپێیه و چاوپۆشی و ته‌رتیباتی! تێدایه و لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوونیشی تێدا نییه، ئیتر ئیشی ئیداره‌ی یانه‌كان ماشییه!
ئاشكرایه به‌شێكی زۆری یانه‌كانی كوردستان و به‌شێكی كه‌میش له یانه‌كانی عێراق، بوونه‌ته هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی گرێبه‌ستی یاریزانان له خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق، ئه‌گه‌رنا ئه‌و نرخانه‌ی ده‌درێته گرێبه‌ستی یاریزانان له 700 ملیۆن به‌ره‌و دوو ملیار دینار، له‌گه‌ڵ ئاستی خوله‌كه و قاسه‌ی یانه‌كان و داهاتیان، زۆر نه‌گونجاو و نائاساییه، به بڕوای منیش ئه‌و نرخانه بۆ ئه‌و یاریزانانه زۆر زۆره به‌راورد به ئاستیان و ئاستی خوله‌كه‌ش.
خۆ روون و ئاشكرایه ئه‌گه‌ر حزب و حكومه‌ت و پاره‌ی ناچاریی بازرگانانی نیشتمانی! نه‌بێت، هیچ یانهیهكمان نییه ئه‌و پاره‌یه‌ی هه‌بێت یاریزان به‌و نرخانه بگوازنه‌وه.
نه‌بوونی پلانی ئیداری و ژێرخان و به‌رهه‌می یاریزانانی خۆمانه له یانه‌كانی خۆمان، وایكردووه چاره‌سه‌ری خۆیان به پاره‌ی زۆر و كڕینی یاریزانی چه‌ند سه‌د ملیۆنی و ملیاری بكه‌ن، كه ئه‌مه له دواییدا كێشه‌ی گه‌وره‌ی دارایی دێنێته پێشه‌وه، چونكه ئاشكرایه هیچ یه‌كێك له‌و یانانه ئه‌و داهاته‌یان نییه، كه بتوانن یاریزان به‌م نرخانه بگوازنه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه نه‌بێت كه بێ ماندووبوون و كاركردن وه‌ریده‌گرن، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی هیچ یانه‌یه‌ك چوار یاریزانی شاره‌كه‌ی تێدا نا‌بینیت.
كێشه‌كه ئێستا نییه و جارێ یانه‌كان خه‌ریكی رازیكردن و مه‌ستكردنی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یانن، لهولاوهشه هه‌ندێك سه‌فقه‌ی گوماناوی واژۆ ده‌كه‌ن، كێشه‌كان دواتر ده‌ستپێده‌كات و ئیتر بایكۆتی مه‌شق، نه‌بوونی مووچه، پاداشتی یاریزانان، شكاتی یاریزانانی بیانی و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كان ده‌ستپێده‌كات، كه نزیكه‌ی هه‌موو وه‌رزێك ئه‌م درامایه دووباره ده‌بێته‌وه.
پێم وایه ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه، سنوور و سه‌قفێك بۆ نرخی گرێبه‌ستی یاریزانان له عێراق و كوردستان دابنرێت و كاره‌كه بچێته ناو پرۆسه‌ی نه‌زاهه و چاكسازییه‌وه، ئه‌مه‌ش به یاسا و رێنمایی توند ده‌كرێت، چونكه ئه‌گه‌ر رێگری له‌و بهربهرهڵڵایه نه‌كرێت، یه‌ك دوو وه‌رزی دیكه هاوسه‌نگییه‌كه به ته‌واوی تێكده‌چێ و به‌شێكی یانه‌كان ده‌بێت سواڵ بكه‌ن، یان ده‌رگای یانه‌كانیان دابخه‌ن، یانیش جه‌ماعه‌تی تیكتۆك كه‌مپه‌ینی كۆكردنه‌وه‌ی هاوكارییان بۆ ده‌ستپێبكه‌ن.