د. چنار بابەکر بارزانی
نووسەر
ئیرادەی بەهێزی مەسرور بارزانی قەڵای نەبەزی کوردستانە
هێرشە درۆنییە ترسنۆکەکەی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام تەنیا بەئامانجگرتنی باڵەخانەیەك یان ناوەندێکی ئیداری نییە، بەڵکو هەوڵێکی شکەستخواردووە بۆ لێدانی ئیرادەی گەلێك، کە سەدەیەکە لە پێناو ئازادی و سەربەستی خەباتی بێ وچان دەکات و تێدەکۆشێت.
ئەم پەلامارە قێزەون و دڕندانەیە سەلمێنەری ئەو راستییەیە، کە دوژمنانی گەلی کورد هەمیشە لە سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دەترسن، بەڵام مێژوو ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەی بۆ گەلی کوردستان و جیهان سەلماندووە، کە ئیرادەی بەهێزی بارزانییان بەم جۆرە کردەوە نەزۆکانە نالەرزێت.
مەسرور بارزانی، وەك سەرکردەیەکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، رەنگدانەوەی هەمان ئەو ورە پۆڵاینەی مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمانە، سەرکردەیەك کە خۆی لە سەنگەرەکانی بەرگری و لە تەمەنی لاوی پێشمەرگە بووە، کوڕی سەرۆك و مەرجەعی کورد و کوردستان مەسعود بارزانی یە و نەوەی رێبەری نەتەوەیی و باوکی ڕوحی کورد مستەفا بارزانی نەمرە وهەڵگری عەقیدەی نەقشبەندی شێخەکانی بارزانە.
خەباتێك کە زیاتر لە سەدەیەکە بەرامبەر بە دەیان رژێمی ستەمکار و داگیرکەر وەستاوەتەوە و هەردەم وەکوو قەڵایەکی پۆڵایین ماوەتەوە، بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی و پاراستنی ژینگە و رێزگرتن لە ئایین و ئایینزاکان و تایبەتمەندی نەتەوە جیاجیاکان و بە هیچ فشار و پەلامارێك لە ڕێبازە پیرۆزەکەی لای نەداوە و لا نادات.
لە سەردەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی، مەسرور بارزانی توانیویەتی بە دیدگایەکی ستراتیژییانە و سەرکردایەتییەکی حەکیمانە، گەورەترین دەستکەوت لە بواری بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، ئاوەدانی، و پێشکەوتنی گشتگیر بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت و سەقامگیری ناوچەکە، سەرەڕای ئاڵۆزییە هەرێمییەکان، بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بپارێزێت.
هەربۆیە ئەم پەلامارانە نەك ناتوانن ڕێگر بن لەبەردەم ئیرادە و وویستی خزمەتکردنی، بەڵکو جۆش و بڕوای زیاتری پێ دەبەخشن بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتەکانی.
بینیمان چۆن راستەوخۆ دوای ئەم پەلامارە ناڕەوایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نێردەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، و لایەنە دیپلۆماسییەکان لە بەرزترین ئاست لە جیهان، لە رێگەی پەیام و پەیوەندی تەلەفۆنی هاوسۆزی و پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ سەرۆکی حکوومەت و هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد، کە لە کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستورییەکەی کراوە.
ئەم پەرچەکردارە نێودەوڵەتییە بەڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە پێگەی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی حەکیمانە و دروستی مەسرور بارزانی لەسەر ئاستی جیهان رێزێکی زۆری لێ دەگیرێت و بە هاوبەشێکی جێگیر و جێی متمانە سەیر دەکرێت.
لە دیدی ئێمەوە ئەم جۆرە رەفتارانە بەزاندنی ئاشکرای سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکانن، بەڵام پەیامی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی سەربەرزی کوردستان روونە و ئاشکرایە، کە هەرێمی کوردستان بەهێزتر لە پێشوو دەمێنێتەوە.
ئەم هێرشە بێ ئاکامانە هەرگیز ناتوانن پاشەکشە بە کاروانی ئاشتی، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، پاراستنی مافە دەستوورییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن، و ئاسۆی دواڕۆژی گەلەکەمان بە گەشاوەیی و پڕ لە هیوا و سەربەرزی دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە، کە گەلی کوردستان بە هەموو پێكهاتەکانییەوە بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی تەواوەوە هاوسۆز و پشتیوانی مەسرور بارزانی دەکەن و جەماوەری سەربەرزی کوردستان هەمیشە ئامادەن و دەبنە قەڵغان و سەنگەری بەهێز بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان.