خاچی سوور بۆ کوردستان24: لە ساڵی 2025 زیاتر لە 1,200 کەس لە عێراق بێسەروشوێن بوون
رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) رایگەیاند، لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1,200 کەیسی نوێی بێسەروشوێنبووان لە عێراق تۆمار کراون و تەنیا چارەنووسی 517 کەسیان ئاشکرا کراوە. بەرپرسێکی رێکخراوەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە خێزانەکان بەهۆی بێسەروشوێنبوونی ئازیزانیانەوە رووبەڕووی گرفتێکی دەروونی، ئابووری و یاسایی سەخت بوونەتەوە.
چیا عەلی عەزیز، جێگری سەرۆکی نووسینگەی رێکخراوی خاچی سوور لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بێسەروشوێنبوونی کەسێک تەنیا ئازاری دەروونی نییە، بەڵکو کاریگەریی قووڵ دەکاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی خێزانەکان. گوتیشی: "زۆرێک لەو ژنانەی هاوسەرەکانیان بێسەروشوێنن، ئێستا بوونەتە سەرپەرشتیاری خێزان و نانپەیداکەر، لە کاتێکدا دەبێت بە تەنیا منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن."
بە گوێرەی ئامارەکانی خاچی سوور، لە ساڵی 2025دا 1,200 کەیسی بێسەروشوێنبوون گەیشتووەتە رێکخراوەکە و لەو ماوەیەدا توانراوە چارەنووسی 517 کەسیان روون بکرێتەوە. چیا عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، 93%ی ئەو خێزانانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن کە بەهۆی دڵنیانەبوون لە چارەنووسی کەسوکاریان بۆیان دروست بووە.
هەر لە ساڵی 2025دا، رێکخراوی خاچی سوور لە رێگەی بەرنامەیەکی هەمەلایەنەوە هاوکاریی پێشکەشی 794 خێزان کردووە لە ناوچەکانی شنگال، تەلەعفەر، سەقڵاوییە، باکووری بابل و چەند ناوچەیەکی دیکە، تاوەکو یارمەتییان بدەن لە تێپەڕاندنی گرفتە یاسایی و کارگێڕییەکان و دابینکردنی بژێوی ژیان.
بەرپرسەکەی خاچی سوور جەختی کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی گەڕان و دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووان لە ئەستۆی دەوڵەتە، چونکە ئەمە پێویستی بە هەماهەنگیی دامەزراوەیی و چوارچێوەیەکی یاسایی بەهێز هەیە. گوتیشی: "کێشەی بێسەروشوێنبووان لە عێراق بابەتێکی نیشتمانییە و پێویستە هەمووان بەبێ رەچاوکردنی جیاوازیی نەتەوەیی و سیاسی پشتگیریی ئەم خێزانانە بکەن."
لە کۆتاییدا، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووان کە هاوکاتە لەگەڵ 30ی ئاب، چیا عەلی عەزیز پەیامێکی ئاراستەی خێزانەکان کرد و گوتی: "ئێوە مافی خۆتانە پرسیار بکەن و مافی خۆتانە بزانن؛ تێپەڕبوونی کات لە گرنگیی ئەم پرسە کەم ناکاتەوە."
رۆژی 30ی ئاب هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووان بۆ تیشکخستنە سەر ئازاری ئەو خێزانانە بەرز رادەگیرێت کە ئازیزانیان لە ململانێکاندا ون بوون. ئەم یادە لە عێراق و کوردستان رەهەندێکی مرۆیی گەورەی هەیە، چونکە هێشتا چارەنووسی هەزاران کەس بە نادیاری ماوەتەوە.
رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووان (یان قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ) سەرەتا لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵەی کەسوکاری دەستگیرکراو و بێسەروشوێنبووان (FEDEFAM) لە ئەمریکای لاتین لە ساڵی 1981 پێشنیاز کرا، کە رێکخراوێکی ناحکوومی بوو بۆ بەرگریکردن لە مافی بێسەروشوێنبووان.
دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان لە 21ی کانوونی یەکەمی 2010، لە رێگەی بڕیارنامەی 65/209 کۆمەڵەی گشتییەوە، بە فەرمی رۆژی 30ی ئابی وەک رۆژی جیهانیی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دیاری کرد. لە ساڵی 2011ەوە ئەم رۆژە لە سەرانسەری جیهان وەک رۆژێکی جیهانی یادی دەکرێتەوە بۆ هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی بێسەروشوێنکردن و فشارخستنە سەر حکوومەتەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانیان.