هەولێر.. نمایشی موزیکی جیهانی و کوردی بەڕێوەدەچێت
لە درێژەی کار و چالاکییە هونەرییەکانی خۆیاندا، ئۆرکێسترای کوردستان، گەورەترین و ناوازەترین نمایشی موزیکی جیهانی و کوردی، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، هەڤاڵ حەمەد، سەرپەرشتیاری ئۆرکێستراکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم نمایشە هونەرییە مەزنە بە رێبەرایەتی و مایسترۆیی هونەرمەندی دیاری وڵاتی جۆرجیا، ماموکا ئالافیشڤیلی ئامادەکراوە. تێیدا دەیان ژەنیاری لێهاتووی سەرجەم شارەکانی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن و دەستوولێهاتوویی خۆیان پێشکەش دەکەن."
گوتیشی، "لەم نمایشە پڕشنگدارەدا ئامێرەکانی "براسات" ئامێرە فوودارەکانی وڵاتی جۆرجیا هاوبەشی سەرهەڵدانی ئەم شاکارە دەکەن، کە لە هەشت پارچە موزیکی جیهانی و کوردی پێکهاتووە."
هەڤاڵ حەمەد باس لە ئامادەکارییەکانی ئۆرکێستراکە دەکات و دەڵێت، "زیاتر لە سێ مانگە ئامادەکاریی بەردەوام و چڕ بۆ ئەم نمایشە هونەرییە دەکرێت، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە ئەم نمایشە گەورەیە پێشکەش بە هەواداران و خۆشەویستانی موزیک و هونەر بکرێت. ئەم نمایشە چەندین شاکاری زۆر بەپێز لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا لەخۆدەگرێت و شەوێکی ئەفسوناوی بۆ ئامادەبووان دەخوڵقێنێت."
هەڤاڵ حەمەد باسی لەوەش کرد، "ئەم ئۆڕکێسترایە ساڵانە لە درێژەی چالاکییەکانیدا، چوار بۆ پێنج نمایش پێشکەش دەکات. لە هەر جارێکدا بە ستایلێکی جیاوازی وەک کوردی، رۆژهەڵاتی، کلاسیك، جاز، پۆپ، و هەندێک جار بە شێوازی گۆرانی و کۆراڵی ئەکادیمی و بە هاوئاهەنگییەکی تەواوەوە فول هارمۆنی کارەکانی ئەنجام دەدات."
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، نمایشی موزیکی کوردی و جیهانی، بە رێبەرایەتی و مایسترۆیی هونەرمەندی دیاری وڵاتی جۆرجیا، ماموکا ئالافیشڤیلی، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.