سیاسی
د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز
د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز

نووسەر

کوردستان قوربانی جیۆگرافیای خراپ

وێنەکە بە Ai دروست کراوە
وێنەکە بە Ai دروست کراوە

هەر کاتێک کتێبی (بەندەکانی جیۆگرافیا - Prisoners of Geography) ی تیم مارشاڵ رۆژنامەوانی بەناوبانگی بەریتانیام بەرچاودەکەوێتەوە، دەم و دەست باری مەسەلەی بزوتنەوەی رزگاریخوازى کورد و کوردستانم بە بیردێتەوە. ئاخر مارشاڵ لە کتێبەکەیدا ئەوە باس دەکات کە چۆن بڕگەکانی جیۆگرافیا وەک شاخ و بیابان و رووبار و دەریا و ئۆقیانووس .. هتد، کاریگەری ئەرێنی و نەرێنییان لەسەر نەتەوە و وڵات دەبێت، کە رەنگە بەهێز و بەتوانای بکەن یان لاواز و یەخسیر.

ئەم بۆچوونەش تەواو راستە چونکە مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە پێگەی هەر نەتەوەیەک لەسەر ئەم گۆی زەمینە رۆڵی گەورە دەبینێت لە مان و نەمان و بەهێزی و لاوازی. وەک دیارە رووبەرى گەورەی وڵات رۆڵی هەیە لە بەهێزکردنیان، ئەوەتا با سەیری ئەمریکا و رووسیا و چین بکەین چۆن لەپاڵ هۆکارگەلێکی تردا، فراوانی رووبەرى خاکی وڵاتەکەیان و بوونی سنووری ئاوی و زۆری ژمارەی دانیشتوانیان بونەتە هۆی ئەوەی بە زلهێزەکانی دونیای ئێستا هەژماربکرێن.

جیا لەوەی لەسەرەوە باسکراوە پێم وایە جیۆگرافیا رۆڵێکی کاریگەری گەورەی تریش دەبینێت ئەوەیش ئەوەیە دیاری دەکات کە کێ دراوسێت دەبێت، بۆیە زانایان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە بڕگەکانی جیۆگرافیا بە تەنیا کارناکەن بەڵکو لە پاڵ بڕگە دیاریکراوەکانی خۆی، کێ نیشتەجێی ئەو شوێنانەیە؟ چ نەتەوەیەکن؟ پاشخانی مێژوویی و کولتووریان چیە؟ رۆڵ دەگێڕن. بۆیە چەمکێکی نوێی زانستیان هێنایە ئاراوە ئەوانیش جیۆپۆلۆتیک و دیمۆگرافی بوون کە هەموویان پێکەوە چارەنووسی نەتەوە و کۆمەڵە مرۆییەکان دیاری دەکەن لەرووی گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و ئازادی.

ئەوەتا کورد وەک نەتەوەیەکی گەورە کە ژمارەی بە نزیکەی 40 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، لەبەر ئەوەی جیۆگرافیاکەی خراپە و جیۆپۆلۆتیکەکەی رێگاى نەداوە، ئەوەی دەبینرێت و دیاریشە دوژمنانی کوردستان کردوویانە بە چەندین پارچەیەک و هەر پارچەیەکیشیان بەزۆر لکاندووە بەیەکێک لە دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک عێراق و تورکیا و ئێران و سووریا.

ئەو جیۆگرافیا خراپە وای کردووە کوردستان یەکەم، هیچ پارچەیەکی سنوورێکی ئاوی دەریایی بۆ نەهیڵراوەتەوە (تەنیا رووبەرێکى تەسک نەبێت لە سووریا) دووەم، ئەو دەوڵەتانەی کە بەشەکانی کوردستانی پێوە لکاوە کورد بە هاووڵاتی پلە دوو تەماشا دەکەن و خاکەکەشی بە مافی رەواى خۆیان دەزانن و بەهیچ جۆرێک ئامادەنین دان بە جیابوونەوەی کوردستان بنێن و بە مەترسیەکی ستراتیژی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیان دادەنێن.

کەواتە هەر بەتەنها بڕگەکانیی جیۆگرافیا زیانی بە کوردستان نەگەیاندووە بەڵکو پێگەی جوگرافیای کوردستان خۆشی جۆرێک کێشەی تری بۆ دروست کردووە لانی کەم لە رۆژگارى ئەمڕۆدا ئەویش دراوسێیەک کە بەهیچ جۆرێک بە کوردستانی رەوا نابینێت ببێتە دەوڵەت و سەربەخۆ بێت. لە کاتێکدا ئەگەر تەماشای ووڵاتێکی وەک سویسرا بکەین دەبینین کە چوار دەوڵەتی ئەوروپی گەورە و بەهێز، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و نەمسا کە لەڕووی تونای مرۆیی و سەربازییەوە زۆر بەهێزن دراوسێین و هیچ سنورێکی دەریایی نییە و بۆ هاتوچۆی پێویستە زەوی و خاکی دراوسێکانی بەکاربهێنێت. بەڵام ئەو چوار دەوڵەتە بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هاوبەشی داگیری بکەن و هەریەکەیان پارچەیەکی بخەنەژێر رکێفى خۆیانەو و سوود لە سامانە سروشتی و ئابووریە دەوڵەمەندەکەی وەرگرن. لەبەر ئەوەی ئەو دەوڵەتە دراوسیانە بە هزر و بیرێکی کراوە تێی دەروانن نەک پاوانخوازی و ژێردەستکردنیان.

کورتەی قسە، هەرێمی کوردستان کە نموونەیەکی جوانی گەشی دیموکراتی و پێکەوەژیانی نەتەوە جۆارجۆرەکان و ئاین و ئاینزا جوداکانە، بە داخەوە بەردەوام لەژێرهەرەشەی دراوسێکانێتی کە جیۆگرافیای خراپ بۆی هێناوەتە ئاراوە، کاتێکیش لە ساڵی 2017 بە ڕابەرایەتى مەرجەع و سەرکردەی مەزن جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی گەلی کوردستان لە رێگاى پرۆسەیەکی سەردەمیانەو شارستانییانە و مرۆڤانە و لە رێگاى ریفراندۆمەوە هەوڵی سەربەخۆییدا سەربەخۆییەک کە هیچ مەترسی نەبێت بۆ دراوسێکانی و بەرژەوەندی هاوبەش بپارێزێت، دیسان جیۆگرافیای خراپ رۆڵی خراپی گێرایەوە و رێگەى لێگرت. بە ئومێدێک رۆژێک بێت دراوسێکانی کوردستان روانگەیەکى رێزى هاوبەش لەسەر بنەماکانی مرۆڤایەتی پەیڕەو بکەن لە چەشنی ئەوەی چوار دراوسێکەی سویسرا دەیکەن.