پرۆسەی کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵی و قەرەبووکردنەوەی جووتیاران خێرا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران و کوژاندنەوەی زەوییەکان خێرا دەکات، بەمزووانەش ژمارەیەک بڕیار و راسپاردەی نوێ لەو بارەیەوە دەردەکرێن.

دکتۆر لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، هەر زەوییەکی کشتوکاڵی بەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری یان هەر پڕۆژەیەکی دیکەی گشتی بکەوێت، ئەو جووتیارانەی گرێبەستیان هەیە، یان خاوەنی گرێبەستی هەمیشەیی و تاپۆی زەوییەکەن، بەپێی یاسا قەرەبوو دەکرێنەوە."

بەڕێوەبەری گشتی تۆماری خانووبەرە ئاماژەی بەوەش دا، لە کاتی کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵیدا، هەر جووتیارێک گلەیی لە قەرەبووکردنەوەکە هەبێت، دەتوانێت تانە لە بڕیارەکە بدات و لە رێگەی دادگاوە داوای پێداچوونەوە بکات.

جەختیشی کردەوە کە کوژاندنەوەی زەوییەکان بۆ بەرژەوەندیی گشتی و جووتیارانە. زۆربەی ئەو زەوییانەشی دەکوژێندرێنەوە پەیوەندییان بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانەوە هەیە، چونکە لە زۆرینەی ناوچەکان کێشەی نەبوونی زەوی هەیە و زیاتر زەوییەکان کشتوکاڵین. گوتیشی، گۆڕانکاری لە میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار و راسپاردەی نوێ بۆ خێراکردنی پرۆسەکە دەردەکرێن.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و گشتی، زۆر جار پەنا بۆ گۆڕینی رەگەزی زەویی کشتوکاڵی دەبردرێت. لە ساڵانی رابردووشدا بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون، رووبەرێکی بەرچاوی زەوی کوژاوەتەوە و خاوەنەکانیان بەپێی یاسا بەرکارەکان قەرەبوو کراونەتەوە.