وەرزش وەک بنەمایەکی ناسنامەی نەتەوەیی لە سەردەمی بەجیهانیبوون

وەرزش وەک بنەمایەکی ناسنامەی نەتەوەیی لە سەردەمی بەجیهانیبوون
وەرزش وەک بنەمایەکی ناسنامەی نەتەوەیی لە سەردەمی بەجیهانیبوون

لە سەردەمی بەجیهانیبوون، فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای جەماوەریدا، پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە و دەربڕینی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەستکەوتی تەواوی دامەزراوە سیاسییەکان، حزبەکان و نوێنەرانی سیاسی دەرچووە. ئەمڕۆ بوارەکانی وەک کولتوور، هونەر، زمان، ئەدەب، و بە تایبەتی وەرزش (بە دیاریکراویش تۆپی پێ)، بوونەتە ئامرازێکی ئێجگار کاریگەر بۆ نمایشکردنی ناسنامە و دروستکردنی هەستی هاوبەش و دڵبەندی کۆمەڵایەتی.

لە روانگەی تیۆریی ناسنامەی کۆمەڵایەتییەوە، کاتێک تاک خۆی دەبەستێتەوە بە گرووپێکەوە، هەستی «ئێمە» لە بەرامبەر «ئەوان» یان «ئەویتر» دروست دەبێت. وەرزش بەهۆی هەبوونی بینەر، شوێن، هێمای هاوبەش و رووماڵی میدیایی، توانایەکی بێپایانی هەیە بۆ گواستنەوەی ئەم هەستە لە ئاستی تاکەکەسەوە بۆ ئاستی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی. ئەم پەیوەندییەی نێوان وەرزش و ناسنامە رەگ و ریشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە؛ تەنانەت لە ئەدەبیاتی فەلسەفیدا (وەک لای ئەفلاتۆن) گرنگی بە چالاکی جەستەیی دراوە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، بەڵام لە دونیای مۆدێرن و دوای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، وەرزش بووە ئامرازێکی «هێزی نەرم» بۆ مانیفێستکردن و پایەدارکردنی نەتەوەکان. لە سەدەی بیستەم و سەردەمی جەنگی سارددا، نموونەی جۆراوجۆر لە ئەوروپا هەبوون؛ وەک سوودوەرگرتنی سکۆتلەندییەکان و ئیرلەندییەکان لە یارییە نەتەوەییەکانی خۆیان (وەک گەیلیک و رەگبی) بۆ سەلماندنی جیاوازی نەتەوەیی خۆیان و رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی بەریتانیا، یان بەکارهێنانی لەپێناو ناساندنی کولتووری لۆکاڵی وەک ئەوەی لە کاتالۆنیا و یانەی بەرشەلۆنە لە ئۆلۆمپیادی 1992 روودا.

کەیسی ئامەدسپۆر لە باکووری کوردستان نموونەیەکی بێئەندازە زیندوو و روونی ئەم پرۆسەیەی سەردەمی بەجیهانیبوونە. رووداو و دیاردەکانی دەوروبەری ئامەدسپۆر دەریخدەن کە یانەکە لە چوارچێوەی یانەیەکی وەرزشی ناوخۆیی ئاسایی تێپەڕیوە؛ بەڵکو بووەتە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی ناسنامەی کوردی، بەرهەمهێنانی هەستی سەر بە کۆمەڵبوون و یەکانگیری کۆمەڵایەتییی. گرنگیی ئەم کاریگەرییە لەوەدایە کە وەرزش زمانێکی جیهانییە. تاک پێویستی بەوە نییە خاوەنی پۆستێکی سیاسی یان دامەزراوەیەکی فەرمی بێت تا ناسنامەی خۆی دەرببرێت؛ بەڵکو رەنگی یانە، نیشانە، جلوبەرگ، گۆرانی و سروودی هاندەران و کۆبوونەوەی جەماوەری لە ستادیۆمەکاندا دەبنە هێمای راستەوخۆی ناسنامە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی. کۆمەڵگەی هاندەران و بزوێنەرانی ئامەدسپۆر رۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕن لە گواستنەوەی هەستی ناسنامەی کوردی و کۆمەڵایەتی لەنێوان نەوە جیاوازەکاندا.

پێویستە لێکدانەوەی ورد بۆ جیاوازیی کاریگەریی وەرزش و کاریگەریی سیاسی بکرێت. سیاسەت بە شێوەیەکی راستەوخۆ کار لەسەر پرۆسەی دەنگدان، یاسادانان، و جڵەوکردنی دەسەڵات دەکات؛ بەڵام وەرزش لە ریگەی هەست، سۆز، هێما و بەشداری جەماوەرییەوە کاریگەری دروست دەکات. لەبەر ئەوە، ئەم جۆرە کاریگەرییەی وەرزش بە ناوی «نوێنەرایەتیی کۆمەڵایەتی ـ کەولتووری» دەناسرێت، نەک نوێنەرایەتیی سیاسی بە مانای تەواوی وشەکە. لە کەیسی ئامەدسپۆردا ئەم جیاکارییە زۆر جەوهەرییە، چونکە جەماوەر و هاندەران بە یەک ئاست و شێواز سەیری یانەکە ناکەن؛ بەشێک لە هاندەران لە ریگەی یانەکەوە ناسنامەیەکی هاوبەشی کوردی دەبیننەوە، بەشێکی دیکە هەست و سۆزی خۆیان بە رەنگدانەوەی گرووپە پەراوێزخراوەکان دەبەستنەوە، و هەندێکیشیان رەهەند و پەیامی سیاسی لە جموجۆڵەکانی یانەکەدا دەبینن.

هەرچەندە ئەدەبیاتی زانستی سیاسی بە روونی جیاوازی نێوان نوێنەرایەتی سیاسی و نوێنەرایەتییە کولتووری و وەرزشییەکان دەستنیشان کردوە. پێوەرکانی هەڵسەنگاندیش جیاوازن، بەڵام لە رووی واقیعییەوە ئەو کاریگەریە جەماوەریەی ئامەد سپۆرت لە ماوەیەکی کەم دروستی کردوە زۆر زیاترە لە پەکەکە.

پرۆسەی بەجیهانیبوون لە سەدەی بیست و یەکەمدا بووەتە هۆی بەجیهانیکردنی رووداوە وەرزشییەکان و هێنانیان بۆ دەرەوەی سنوورە بەرتەسکەکان. ئەمەش وایکردووە دیاردەی بەجیهانیبوون دوو ئاراستەی دژ بەیەک وەربگرێت: لەلایەک ئاوێتەبوون و لێکبڕانی کولتوورەکان ئاسان دەکات، و لەلایەکی دیکەوە بووەتە هۆی کاردانەوە و گەڕانەوەی بەهێزی گەلان بۆ پشتبەستن بە شووناسە لۆکاڵی و نەتەوەییەکانی خۆیان (وەک ئەوەی ساموێل هنتنگتۆن ئاماژەی پێدەدات کە سەدەی 21 سەدەی ململانێ و دەرکەوتنەوەی شووناسەکانە). لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت لایەنی نەرێنیی وەرزش فەرامۆش بکرێت؛ وەرزش وەک چۆن ئامرازێکە بۆ نیشاندانی ناسنامە و ئاشتی، دەشکرێت لەلایەن دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان یان ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکانەوە بۆ چاندنی تۆوی نەژادپەرستی و دوژمنکاری و زەقکردنەوەی هەستی "ئەویتر دوژمنە" بەکاربهێنرێت؛ وەک ئەوەی لە مێژوودا لە ئیسپانیای سەردەمی فرانکۆ لە دژی ئاڵا و سیمبولی باسک و کاتالۆنیییەکان روودا، یان دروستبوونی گرژی سۆزدارانەی توند وەک "جەنگی تۆپی پێ"ی نێوان سلڤادۆر و هیندۆراس لە ساڵی 1969.

لە دونیای هاوچەرخدا، وەرزش لە ئامرازێکی سادەی تەندروستی و کات بەسەربردن گۆڕاوە بۆ مەکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ناسنامە، جۆشدانی هەستی نەتەوەیی و رەخساندنی نوێنەرایەتیی کۆمەڵایەتی و کولتووری. یانەی ئامەدسپۆر نموونەیەکی زەق و دیاری ئەم گۆڕانکارییە هاوچەرخەیە؛ بەڵام بۆ تێگەیشتنی وردتر لە ئاستی کاریگەرییەکانی بەراورد بە دامەزراوە سیاسییەکان، پێویستمان بە داتا و پێوەری بەراوردکاری هەیە. لە ئایندەدا و لەگەڵ بەردەوامی بەجیهانیبوون، پەیوەندی نێوان وەرزش و ناسنامە نەک هەر لاواز نابێت، بەڵکو لە فۆرم و شێوازی نوێدا بەهێزتر رەنگدەداتەوە.