بەقایی: ئەمریکا هیچ رێزێک بۆ یاسا و رێساکان دانانێت

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بێباکی و بە کەم سەیرکردنی بەها مرۆیی و شارستانییەکان و پووچگەریی چەسپاو لە سیستەمی حوکمڕانیی ئەمریکادا، مەترسییەکی راستەقینە و گەورەیە بۆ سەر ژیان و شارستانییەتی مرۆڤایەتی.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، گرتەیەکی ڤیدیۆیی چاوپێکەوتنێکی میدیایی سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە، تێیدا بەقایی لەبارەی لێکەوتەکانی دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ئێران بە بێباکییەوە دەڵێت: "لە کۆتاییدا هەموومان دەمرین، کەواتە گرنگ نییە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو لێدوانەدا نووسیویەتی: "ئەم دەستەواژەیە تەنیا لێدوانێکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکو دەنگدانەوەی روانگەی کەسایەتیی 'کالیگۆلا'یە لە رۆمانی ئەلبێر کامۆدا، لە هەمان ئەو ساتەی پووچ بوون دەگۆڕێت بۆ ستەمکاری، لەو شوێنەی کە گەیشتن بە مەرگ دەکرێتە پاساوێک بۆ بێبەهاکردنی ژیانی مرۆڤەکان".

بەقایی رایگەیاند، کالیگۆلا لە رۆمای کۆندا وا بیری دەکردەوە "چونکە من دەمرم، کەواتە ئازاری کەسانی دیکە گرنگ نییە"؛ جیاوازیی جیهانی ئەمڕۆش لەگەڵ رۆمای کۆن تەنیا لە جۆری ئامرازەکانی بەکارهێنانی دەسەڵاتدایە، چونکە کالیگۆلا تەنیا کەرەستەی سەرەتایی بەردەست بوو، لە کاتێکدا پووچگەریی هاوچەرخ جبەخانەیەکی گەورە لە چەکی کۆمەڵکوژی لەبەردەستدایە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، گەورەترین مەترسیی جیۆپۆلەتیکی ئەوە نییە سەرکردەیەک رووبەڕووی راستیی مردنی خۆی ببێتەوە، بەڵکو مەترسی لەو جۆرە حوکمڕانییەدایە کە نەمان و مردن دەکاتە بنەمایەک بۆ بێباکبوون بەرامبەر ئازار و رەنجی مرۆڤەکان و پاساوێک بۆ سەندنی مافی ژیان لێیان.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، بەقایی هۆشداریی دا، ئەوانەی پێیانوایە بە ملکەچبوون بۆ کالیگۆلا دەتوانن رازیی بکەن، لەوە بێئاگان پووچگەری هیچ رێزێک بۆ یاسا و رێساکان دانانێت، و نەرمینواندن لە بەرامبەر ستەمکاریدا تەنیا کاتی قوربانیکردنی لایەنەکان دەگۆڕێت.