قالیباف: دەماری ئابووریی واشنتن لە ژێر دەستی ئێمەیە

 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وەڵامی لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، وتبووی ئابووریی ئێران لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا دەڕووخێت، رەخنەی توندی لێ گرت و باسی لە خاڵە لاوازەکان و قەیرانی دارایی واشنتن کرد.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" باسی دۆخی لەرزۆکی دارایی ئەمریکا کرد و نووسیویەتی: واشنتن لە رابردوودا بە رێژەی سوودی نزیک لە سفر قەرزی زۆری کردووە، بەڵام ئێستا کاتی دانەوەی ئەو قەرزانە هاتووە و ناچارە بە سوودێکی زۆر بەرزتر قەرزی نوێ وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرزە کۆنەکانی پێ بداتەوە. هاوکات کڕیارە گەورەکانی وەک چین و ژاپۆن ئارەزووی کڕین یان هێشتنەوەی بەڵگەنامە داراییەکانی ئەمریکایان کەمبووەتەوە، ئەمەش هۆکار بووە تا رێژەی سوودی بەڵگەنامە داراییەکانی 30 ساڵەی ئەمریکا بگاتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی 2002ـەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونیکردەوە، رۆڵی تاران لە بەرتەسککردنەوەی هاتوچۆی گەرووی هورموز، بەرز هێشتنەوەی نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی سوودی قەرزەکانی ئەمریکا، خەزێنەی ئەو وڵاتەی رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ کردووەتەوە. قالیباف جەختیکردەوە، کە بەرپرسانی واشنتن ناتوانن بەسەر ئەو گرفتە ئابوورییانەدا زاڵ بن، مەگەر لە رێگەی داننان بە مافە رەواکانی گەلی ئێرانەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قالیباف تیشکی خستە سەر دەستنیشانکردنی "دەیڤید زێرڤۆس" وەک راوێژکاری نوێی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و رایگەیاند، زێرڤۆس لە ناوەندە ئابوورییەکاندا بە هەڵوێست و لێدوانی سەیر ناسراوە و دیاریکردنی لەو پۆستەدا بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕی، و رەخنەی چالاکوانانی بازاڕی دارایی.