محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
سێ ساڵ تێپەڕی، حەماس چی وت؟
سێ ساڵی رەبەق بەسەر رۆژە شوومەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و هێرشەکەی حەماسدا تێپەڕی. ئەگەر چی حەماس ئێستاش ئەو کردەوە تاریکە وەکوو سەرکەوتنێکی گەورە و مێژوویی وەسف دەکات، بەڵام لە راستی و لەڕووی ئەرزی واقیعدا، ئەوە بوومەلەرزەیەکی بێوێنەی مێژووی فەڵەستین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە دواهاتەکانی تەنیا ئەو گەلەی نەگرتەوەو کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئەم هەرێمە نائارامە کەوتنە ناو سەمای ئاگر و مەرگەوە.
زیاد لە 74 هەزار فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوەو 175 هەزار کەسی دیکەیان بریندارن و هەزاران کەس چوونە زیندانەوە، بەڵام دۆز و دۆسیەی ئازادی و سەربەستی و خۆشگوزەرانی خەڵکی فەڵەستین، یەک بست نەچۆتە پێش و سەد فرسەخ دواکەوت. بەڵام سەرەڕای ئەم واقیع و راستییە روون و لەبەرچاوە، بەرپرسانی حەماس، بەیانێکیان بڵاو کردەوە، کورد وتەنی وەک بڵێی نە بای دیوە و نە بۆران. حەماس لەو راگەیدراوە 11 بەندییەدا وەکوو هەمیشە، تەنیا باسی سەرکەوتن و ئامانجی ئازادی و شانازی ئەکات و دان بەو راستییەدا نانێ کە تووشی گەورەترین هەڵەی مێژووی تێکۆشانی فەڵەستین بووەو ماڵوێرانی و نەهامەتییەکی بێوێنەی خولقاندووە.
حەماس، ئەمجارە و لە سێهەمین ساڵەی ئەو رۆژە شوومەدا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گوایە ماهییەت و ماکی ئیسراییل لای دونیا ئاشکرا بووە و شەرعییەتی نەماوەو زۆر گرینگە کە نوێنەرانی دەیان وڵاتی جیهان، کۆڕی لێدوانەکەی ناتانیاهۆیان بەجێهێشتووە. بەڵام پرسیاری گەورە ئەمەیە: ئایا هەتا ئێستا، زۆربەی زانایان و کەسانی نوخبە و تەنانەت زۆربەی خەڵکی ئاسایی وڵاتان، ئیسرائیلیان نەناسیبوو؟ ئایا بەجێ هێشتنی هۆڵی لێدوانەکەی ناتانیاهۆ سوودێکی بۆ گەلی فەڵەستین هەیە و لەم پاییزە خەمبارە لە ناو ئەو شارە کاول و رووخاوەدا ئەکاتەوە؟ ئایا دەیان ساڵە حەماس تێکۆشین و بەرخۆدانی بۆ ئەوە دەسپێکردووە کە فێرگەی ئیسرائیلناسی و ناتانیاهۆناسی بۆ خەڵکی جیهان بکاتەوەو بەر بە شەرعییەتی ئیسرائیل بگرێ، یان ئامانجی سەرەکی، پاراستنی گەلی فەڵەستین و ئازادکردنی جەستەیی و سیاسی و راگرتنی کەرامەتی ئەوان بووە؟
حەماس باسی ئەو راستییە تاڵە ناکات کە ئاستی دڕندەیی چالاکییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر و ئەو شێوازە دەستوەشاندنە لە خەڵکی سیڤیل، چلۆن توانی رێگا لە ئیسرائیل خۆش بکات بۆ ئەوەی دوبارە بە زیندووکردنەوەی دیسکۆرس و گوتاری ژینۆساید و ئاشویتز، سەد قات دڕندانەتر وەڵام بداتەوە.
حەماس باسی ئەو راستییە ناکات کە خۆحەشاردانی چەکدارەکانی ئەو لە ناو نەخۆشخانەکان و شاردنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ناو ئەو بینایانەدا، چۆن توانی بیانوو بداتە دەست سوپای ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی خوێنی هەزاران ژن و منداڵی فەلستینی بڕژێنێ.
حەماس تەنانەت باسی ئەوە ناکات کە پلاندانانی چالاکییە شوومەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، لەناو تۆنێلە رەش و تووناوتوونەکانی ژێر غەززەدا، هیچ جۆرە تەدبیر و چارەسەرییەکی ڕوونی نەبووە بۆ پاراستنی ئەو کەسانە وا بە بارمتە گیرابوون.
حەماس باسی ئەوە ناکات کە بە پێی مەعریفەی ئازادیخوازی و مرۆڤایەتی، چلۆن توانیویە لەسەر گیانی زیاد لە سەدهەزار کەس مامەڵە بکات و پلانێک دابڕێژێ کە لە زۆر لایەنەوە زیاتر لە قومار و گولە هاویشتن لە رەشایی شەوی دەیجوور ئەچێ!
سەیرە کە لە دونیای زەین و بیرەوەری و مەعریفەی رێبەرانی حەماسدا، هێشتا راستییە تاڵەکانی سیسیتەمی دەسەڵاتی نێونەتەوەیی و ئاستی هاوڕێیەتی ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل و کاریگەری ئەو هاوڕێ و هاوڕابوونە لەسەر ئابووری و ئاسایشیی جیهان پێناسە نەکراوەو باسی دادگا و دادوەری و ئەو چەمکانە ئەکەن وا پەیوەندییان بە دونیایەکی خەیاڵاوییەوە هەیە و لەگەڵ دونیای واقیعدا یەکانگیر نابێت.
حەماس، تەنانەت لە راگەیندراوەکەی ئەمڕۆدا، لە جیاتی ئەوەی باسی "بەخۆداچوونەوە" و "راڤەی دوبارە" بکات، هەوڵ ئەدات دوبارە بیرەوەری ئەو رۆژە وەکو کاڵایەکی بەنرخ بە خەڵکەکەی خۆی و دونیا بفرۆشێتەوە. ئایا کەس هەیە کڕیار بێ؟ پێم وانییە.
حەماس بە درێژایی ئەم سێ ساڵە، لە جیاتی وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی بەو شێوازە دڕندانەیە هێرشی بردە سەر خەڵکی سیڤیل و بارمتەی گرتن، ئەم پرسیارە قیت دەکاتەوە: "ئەبێ دونیا بزانێ چی روویدا کە ئێمە وامان لێهات و ناچاربووین وابکەین. ئەم چالاکییە، باکگراوندی مێژوویی هەیە، ئەبێ دونیا بزانێ بە دەیان ساڵ، ئیسرائیل چی بەسەر ئێمەدا هێناوە". بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، وەکوو چۆن کەس ناتوانێ بۆ تاوانە سەیر و سەمەرەکانی ئیسراییل و خاپوورکردنی غەززە و کوشتنی هەزاران سیڤیل پاساو بێنێتەوە، ئەو شێوازە چالاکییەی حەماس، بە هیچ جۆرێک خاوەن شەرعیەتی ئەخلاقی و سیاسی نییە.
ئامانجەکە چی بوو؟ ئەنجامی گەورە یان راچڵەکان و هیچ؟
سێ ساڵ دوای ڕۆژە شوومەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، جیهان مافی ئەوەی هەیە رووی دەم لە حەماس بکات و پرسیار بکات:
هەر بەڕاست ئامانجەکەی ئیوە چی بوو؟
ویستتان ئیسرائیل لەناو ببەن؟
ئامانجتان ئەوە بوو ببنە خاوەن دەسەڵات و ئیمکانی زۆرتر لەسەر مێزی دانووستان و گفتوگۆ؟
ئایا بەو چالاکییە کۆمەڵێک ماف و ئیمکانی نوێ بۆ ئێوە و گەلی فەلستین دەستەبەر بوو؟
یان تاقە ئامانجی ئێوە راچڵەکاندنی دونیا بوو؟
ئایا ئەو راچڵەکاندنە ئەوە دەهێنێ؟ پێتان وانییە دەیان ڕێگای سیاسی و چاندی و شێوازی تێکۆشین و چالاکیتر هەیە، بە بێ ئەوەی 74 هەزار کەس بکاتە قوربانی، ئەنجامی باشتر بەدوای خۆیدا ئەهێنێ؟
ئەم پرسیارانە لەبەر ئەو قورس و گرینگن کە لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی گۆشتی دەوڵەتی ئیسرائیل لە زۆر شوێنی جیهاندا تاڵ و تاڵتر بووە، بەڵام لە هەمانکاتدا کەس بە پانی باسی مافی گەلی فەڵەستین ناکات. لە ئێستادا، هیچ وڵاتێک نییە لە دونیادا کە بتوانێ بە روونی پاڵپشتی حەماس بکات و تەنانەت سێ گەورە پشتیوانەکەی حەماس واتا کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبوڵای لوبنان و وڵاتی قەتەر هەر کامەیان بە شێوەیک و بە هۆکاری جیاواز، ناتوانن لە سەتا دەی جارەکەی جاران پشتیوانی حەماس بن. لە ئێستادا تەنانەت تورکیا وەکو پشتیوانی گوتاری ئیخوانی، هۆگری چەکدانانانی حەماسە! جیا لەمانە، لە ناو خودی فەڵەستیندا، هەزاران کەس لەوانە وا تووشی ماڵوێرانی و نەهامەتی و موسیبەت بوون، چارەی حەماسیان ناوێ.
لە بەیاننامەی حەماسدا ناوی ئاماژە کراوە بە ناوی سەرکردە کوژراوەکانی بزووتنەوەکە وەکوو ئیسماعیل هەنیە، ساڵح ئەلعەروری، یەحیا سنووەر و محەمەد زەیف. ئەڵبەت لەگەڵ ئەو چوار کەسە، دەیان فەرماندەی گرنگی دیکەی حەماس کوژران و ئێستاش رووبەڕووی بزووتنەوەیەک دەبینەوە کە زۆربەی سەرکردەکانی گەنج و بێ ئەزموون و خوازیاری تۆڵەسەندنەوەن. بەڵام لە هەمان کاتدا دەسەڵات و ئامراز و چەک و تەقەمەنی و رەنگە پارەی شەڕیان نییە و رەنگە ناچار بن دەرفەتی کارکردن و چالاکبوون لە بەشێک لە دامودەزگا سیاسی و جێبەجێکارییەکانی داهاتووی فەڵەستین بدۆزنەوە.
ماوەتەوە بزانین لەنێو ئەم نەوەیە لە ئەندامانی حەماس، گروپێک سەرهەڵدەدەن کە دیسان پەنا بۆ چەک و توندوتیژی ببەن و ناکۆکی ناوخۆیی روودەدات یان نا. داهاتوو ئەوەمان لێ روون دەکاتەوە کە پەیوەندی نێوان چەمکەکانی حەماس و ئایندە و فەڵەستین و ژیانی فەڵەستینییەکان چۆن دەبێت؟