بەڵگە 50 بڕگەییەکەی باغچەلی و پێگەی کورد

بەڵگە 50 بڕگەییەکەی باغچەلی و پێگەی کورد
بەڵگە 50 بڕگەییەکەی باغچەلی و پێگەی کورد

لەم رۆژانەدا لە تورکیادا، دوو بابەتی گرینگی پێوەندیدار بە دۆسیەی کوردی، سەرنجی منی راکێشا. یەکەم، بەڕیوەچوونی کۆبوونەوەی گشتی سیاسەتڤانە نەتەوەییەکانی کوردستانی باکوور لە دیاربەکر و لە ژێر ناوی "هەڤبەندی"، دووهەمیان بڵاوبوونەوەی بەڵگە و نەخشەڕێگای 50 بڕگەیی دەوڵەت باغچەلی لە سەر رادەستکردنی چەکی پەکەکە. دیارە سیاسەتڤانە کوردەکانی هەڤبەندی کە دژبەری پڕۆژە هاوبەشەکەی ئەردۆغان – ئۆجالانن و "ئێنتێگراسیۆن" بە فێڵیکی گەورە و مێژوویی دەناسن، دەستگیر کران. بەڵام ئەو نەخشەڕێگایەی باغچەلی، جێگای باس و تێڕامانی جیددیە.

دەوڵەت باغچەلی سەرۆکی پارتی بزاڤی نەتەوەپەرستانەی مەهەپە لە تورکیا، وەکوو دامەزرێنەری سەرەکی قۆناغی ئێستای رێککەوتنی پەکەکە و لایەنە ئەمنی و سیاسییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان ئەناسرێ. ئەم پیاوە، لە کوالیسیۆن و هاوپەیمانی "جومهور"دا، لە 10 ساڵی رابردوودا رێگای بۆ ئەردۆغان روون کردۆتەوە و توانیویەتی ئاکپارتی لە پارت و بزاڤێکی موحافەزەکار – دیموکراتەوە بگوازێتەوە بۆ پارتییەکی رانتدابەشکەری نەتەوەپەرست، واتا ئەردۆغان هێدی هێدی هاتە سەر ئایینە نەتەوەپەرستانەکەی باغچەلی و ئەوە ماوەی چەند سالە بەردەوام باسی "دونیای تورک" و "سەدەی تورک" ئەکات. 

پرسیار: نەخشەڕێگاکەی باغچەلی، بە چ شێوازێک باسی کوردان ئەکات و لەو 50 ماددەیەدا چەند کەڕەت باسی کورد و مافەکانی گەلی کورد ئەکات؟

وەڵام: سفر کەڕەت!

وەڵامی کراوەتر: باغچەلی لەو بەڵگەیەدا 58 جار دەستەواژەی تیرۆر و تیرپریسم بەکار دێنێ، 40 کەڕەت چەمکی تورکیای سڕدراوە لە تیرۆر بەکار دێنێ، 5 جار دەستە واژەی "میللەتی تورک" دێنێ، 19 جار باسی کۆمەڵگا ئەکات، 2 جار بە ڕوونی ئاماژە بە پەکەک ئەدات و تەنانەت یەکجار وشەی "کورد" بەکار ناهێنێ!

ئەم ئەژمارانە ئایا هیچ شتێک لەبارەی بیرکردنەوەی سیاسی باغچەلی ئاشکرا دەکەن؟ بەڵێ بێگومان. پێموایە لێرەدا لەبەردەم هەڵبژاردنێکی زمانەوانی و سیاسیی مانادارداین. باغچەلی دەقێکی 50 بڕگەیی سەبارەت بە پرۆسەیەک بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا پرسی کورد لە تورکیا یەکێکە لە بوارە گرنگەکان؛ بەڵام لە دەقەکەیدا، بابەتی پرسەکە نزیکەی بە تەواوی لە زمانی سیاسی دوورخراوەتەوە. واتا  لەبری “مەسەلەی کورد” باس لە “پرسی تیرۆر” دەکرێت. لە جیاتی “داواکارییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد”، بە گشتی باس لە “داواکارییە سیاسییەکان” دەکرێت. لە جیاتی دانوستاندن لە نێوان حکومەت و نوێنەرانی سیاسی کورد، باس لە "دیموکراتیزەکردنی سیاسەت" و "سەروەری یاسا" دەکرێت. لەبری قبوڵکردنی بوونی ناسنامە و پرسێکی مێژوویی، جەخت لەسەر "یەکێتی نەتەوەیی"، "برایەتی هەزار ساڵە" و "هاوڵاتیبوونی هاوبەش" دەکرێتەوە.

ئەم شێوازە دەربڕینە دەکرێ وەک جۆرێک لە ئاسایشیکردن و پاشان لادەرکردنی نەتەوەیی پرسی کورد سەیر بکرێت: سەرەتا پرسەکە لە ڕووی هەڕەشەی ئەمنی و تیرۆرەوە داڕێژراوە و دواتر چارەسەرەکەی لە ڕووی یەکێتی نەتەوەیی و هاوڵاتیبوونی هاوبەش و بەهێزکردنی دەوڵەتەوە پێناسە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەی بەڕاشکاوی باس لە ناسنامەی کورد، مافە زمانەوانیەکان یان داواکارییە سیاسییەکانی کورد بکرێت.

باغچەلی لە دەقەکەیدا باس لە کۆمەڵگا، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی، ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و متمانەی کۆمەڵایەتی دەکات. بەڵام ئەو کۆمەڵگایەی کە خەیاڵی دەکات، کۆمەڵگایەک نییە کە جیاوازی شوناس و داواکاری سیاسیی دیاریکراوی هەبێت. بە واتایەکی تر باس لە کۆمەڵگا دەکات وەک بابەتی داڕشتنی سیاسەت و بنیاتنانەوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی، نەک کۆمەڵگا وەک کۆمەڵێک گروپی کۆمەڵایەتی کە داواکاری سەربەخۆ و مافی جیاوازیان هەیە. ئەم جیاکارییە وردە بەڵام چارەنووسسازە. لە دەقی باغچەلیدا کۆمەڵگا دەبێت لە ململانێ تێپەڕێت و هاودەنگی بەدەست بهێنێت؛ بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئەم هاودەنگییە لە ڕێگەی دانپێدانانی جیاوازییەکان و دانوستان لەسەر مافەکانیانەوە بەدەست دێت یان لە ڕێگەی هەڵمژینی و تێکەڵکردنی جیاوازییەکان لە ناسنامەیەکی نیشتمانی پێشوەختە دیاریکراودا. کەواتە، باغچەلی ئامادەیە بە پیی ئەدەبیاتە سیاسییەکەی خۆی باس لە کۆتایی هاتنی تیرۆر و فراوانبوونی فەزای سیاسی بکات، بەڵام هێشتا ئامادە نییە لەو بەڵگەنامەیەدا ئەو پرسە وەک ناسنامەیەکی دیاریکراو و پرسێکی یاسایی بناسێت. هەر بۆیە تەنانەت یەکجار نا:ێ گەلی کورد، یان هاووڵاتییە کوردەکان! دیارە باغچەلی دەیەوێت پرۆسەکە لە شێوەی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و ئەمنی و دەوڵەتیدا پێناسە بکات، نەک وەک دانوستاندنێک بۆ پرسی کورد و مافەکانی کۆمەڵگەیەکی خاوەن شوناسێکی سەربەخۆ. نەبوونی وشەی کورد لەم بەڵگەنامەیەدا ئەوە دەردەخات کە لە ئاستی گوتاری فەرمیدا هێشتا کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان قبوڵکردنی کۆتایی توندوتیژی و قبوڵکردنی ئاشکرای شوناس و داواکارییە سیاسییەکانی کورددا هەیە.