ماڵەکەی ئۆجەلان و چەند گوتەیەک

ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە
ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە

نوێنەرە عەرەبەکەی دەم پارتی واتە مەدحەت سانجار، ئاشکرای کردووە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە، چیتر لە زینداندا نییە و گواستراوەتەوە بۆ خانوویەکی گەورە لە دوورگەی ئیمرالیدا. هەرچەندە ئەمە بە واتای ئازادبوونێکی تەواو نییە، بەڵام لە راستیدا ئۆجەلان ئیتر وەکوو کەسێکی بەندکراو ناناسرێت. ئێستا لە خانوویەکی زۆر گەورەدایە دوو نهۆم و ژوور و کتێبخانە و حەوشە و باخچە و پێداویستیی هەیە و دەتوانێت ژیانێکی باش بەسەرببات. دیارە ئەمە ئەو ئەنجامە نییە کورد چاوەڕوانی دەکرد، بەڵام لە راستیدا رووداوێکی گرنگە لە مێژووی پەکەکەدا. پێم وایە لە ئێستادا قسە بۆ گوتن زۆرن، بەڵام لەوانەیە ئەم چەند خاڵە زیاتر جێگەی سەرنج و بیرکردنەوە بن:

یەک: نە لۆمە و سووکایەتی، نە بانگەشەی پاڵەوانێتییەکی مێژوویی

بەشێکی زۆر لە ئێمەی کورد لەسەر شەقام و لەناو قاوەخانە و کافێکان و هەروەها لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەردەوام ئامادەین بۆ ئەوەی لە زووترین کات و بە خێراییەکی سەیر، لەسەر هەموو بابەتێک رای خۆمان بێنینە سەر زمان و لەو دەربڕینەدا زۆرجار پەنا دەبەینە بەر وشەی تووندوتیژ و سووکایەتی و لۆمە و جنێو و بەهیچ زانینی کەسەکان. کاتێک باسی ئۆجەلان دەکەین و لە ئێستادا لە زینداندا نەماوە و چووەتە ناو ماڵ و ڤێلایەکی گەورەوە، ئەمە جێگەی ئەوە نییە بە سەدان و هەزاران پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بکەینەوە و بڵێین: ئاها... ئەمە بوو ئەو هەموو تێکۆشان و قسە گەورە و دروشمە زلانە؟ بە ڤێلایەک هەڵخەڵەتا! نەخێر! راستییەکەی ئەوەیە هزر و سیاسەتی ئۆجەلان بەدڵمان بێت یان نا – دیارە بەدڵی من نییە – ناتوانین نکۆڵی لەو راستییە بکەین ماوەی 27 ساڵە ئەو پیاوە لە زینداندایە. دوای ئەم ماوە دوورودرێژە، مەرجی ئینساف و دادوەری نییە سووکایەتیی پێ بکرێت. دەکرێت مرۆڤ لەگەڵ بیر و بڕیار و تۆماری سیاسیی ئۆجەلان ناکۆک بێت، دەتوانێت رەخنەی جدی لەبارەی رۆڵی ئۆجەلان لە پێشهاتەکانی بزووتنەوەی کوردیدا بگرێت، بەڵام رەخنەی دادپەروەرانە جیاوازە لە سووکایەتی و تۆمەتبارکردن. ئەگەر بڕیارە باس لە قۆناخێکی نوێ لە پڕۆسەی سیاسیی تورکیا و پرسی کورد بکەین، باشترە لە پەراوێزی بیناکە و شوێنی نیشتەجێبوون تێپەڕین و باس لە ناوەڕۆکی گوتارەکانی و دەرئەنجامەکانی بڕیارەکانی بکەین. لە هەمان کاتدا، بە لەبەرچاوگرتنی راستییەکان و ناچارییەکان و ئەو دۆخەی تورکیا بەسەر پەکەکەدا سەپاندوویەتی، کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات ئەم دۆخەی ئێستای ئۆجەلان و کۆی ئەنجامی دانوستانەکان، دەسکەوتێکی گەورە و لێوانلێو لە پاڵەوانێتییە. نەخێر، راستییە تاڵەکە ئەوەیە تورکیا بە فەرمی، ناوی ئەم قۆناخەی بەمشێوەیە تۆمار کردووە: "قۆناخی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تیرۆر لە سیمای تورکیا". هەر ئەوەندە و بەس.

دوو: پێگەی ئۆجەلان چی دەبێت؟

وەکوو ئەوەی نوێنەران و رێبەرانی دەم پارتی باسی لێوە دەکەن، ئۆجەلان لەلایەن تورکیاوە بۆ هاوئاهەنگیی چەکداماڵینی پەکەکە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام ئەگەری هەیە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان بە شێوەی فەرمی و ئاشکرا کاری سیاسی و حزبی بکات. پرسیار ئەمەیە: ئایا لەمەودوا دەمیرتاش و بایکدەمیر و زانا و دیجلە و ئانلی و زۆر کەسی چالاکیتری ناو جەرگەی سیاسیی پەکەکە، رێبەرایەتیی شەپۆل و بزووتنەوەی سیاسی دەکەن، یان هەموو فەرمان و دەسەڵاتێک لە دەستی خودی ئۆجەلاندا کۆدەبێتەوە؟ ئەمە پرسیار و پێوەر و مەرجێکی زۆر گرنگە. ئایا ئەو وەک ناوەندی رەهای بڕیاردان دەمێنێتەوە، یان ئەم قۆناخە دەبێتە دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی سەرکردایەتیی بەکۆمەڵ و فرەیی سیاسی و گواستنەوەی راستەقینەی بەرپرسیارێتی بۆ حزب و دامەزراوە و کەسایەتییە هەڵبژێردراوەکان؟ کەسانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان بایکدەمیر و سیاسەتمەدار و هێزە مەدەنییەکانی دیکەی کورد بەشێکن لە سەرمایەی سیاسی و هزریی ئەم کۆمەڵگەیە و نابێت رۆڵیان تەنیا لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ناوەندێکی دەرەکیدا کورت بکرێتەوە. ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی و سیاسەتی دیموکراسی بیەوێت ئەنجامێکی بەردەوام بەدەست بهێنێت، دەبێت لە لۆژیکی سەرکردایەتیی تاکەکەسییەوە بگوازرێتەوە بۆ بنیاتنانی دامەزراوە و لێپرسینەوە و بەشداریکردن. رەنگە ئەمە گرنگترین تاقیکردنەوەی ئۆجەلان بێت: ئایا ئۆجەلان دەتوانێت لە سەرکردەیەکی کاریزماتیکەوە بگۆڕێت بۆ کارئاسانیکارێکی فرەیی و پێگەیشتنی سیاسی لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟

سێ: ئۆجەلان و کورد

پەکەکە بە پێچەوانەی هەموو پارتەکانی دیکەی پرسی کوردی، لە دڵی چەپی تورکەوە هەڵقوڵاوە. هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە پەکەکە ئەوەندەی چەپە، رێک ئەوەندەش کورد و کوردی نییە. لەوانەیە ئەگەر بیکەیت بە سێ پارچەی بەرانبەرەوە، تەنیا یەک پارچەی کوردی دەردەچێت. بۆ؟ بۆیە! ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێت و ناکرێت لە یادداشتێکی کورتدا باس بکرێت. پرسیاری گرنگتر ئەمەیە: ئایا ئۆجەلان و قوتابییەکانی، لەمەودوا ئاوڕ لە گوتاری گەورەی کورد و کوردایەتی دەدەنەوە و زیاتر باسی ویست و خواستی کوردان دەکەن، یان بە لای چەپ و تورکەکانی تورکیادا بای دەدەنەوە؟ ئۆجەلان لەمەودوا بۆ چ کۆمەڵگەیەک قسە دەکات و بەدوای چ ئاسۆیەکەی هزریدا دەگەڕێت؟ ئایا بەردەوام دەبێت لە جەختکردنەوە لەسەر گوتاری چەپ و دیموکراسی و پێکەوەژیان لە چوارچێوەی تورکیادا و زۆربەی وزەی سیاسیی خۆی بە ناردنی پەیامی دڵنیایی بۆ ئەنقەرە بەسەر دەبات، یان جگە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا، راستەوخۆ قسە لەگەڵ گەلی کورد و رۆشنبیران و هێزە سیاسییەکانیش دەکات؟

چوار: ئۆجەلان و رێبەرانی کورد

یەکێک لە بیرەوەرییە تاڵەکانی گەلی کورد لە گوتار و نامەکانی ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە، ئەوەیە چەندین جار هەم بە نامەی نووسراو و هەم بە فایلی ڤیدیۆیی پشتڕاستکراو، بە تووندی هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵێک لە رێبەر و سیاسەتمەداری کورد. بۆ نموونە، لەو فایلانەی نەقیب ئاتیلا بە ڤیدیۆ تۆماری کردوون، هێرشی کردووەتە سەر بەڕێزان مام جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی. پرسیار ئەمەیە: ئایا لەمەودوا ئۆجەلان لەبەرانبەر رێبەرانی کورد و پارتە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، دەرگای هاوڕێیەتی و رێز و هاودڵی و پێکەوەبوون دەکاتەوە یان نا؟ ئایا لە ئەدەبیات و زمانی رۆژانەی پەکەکە و دەم پارتی و فێرگە سیاسییەکەی ئۆجەلاندا، زاراوەی پڕ لە سووکایەتیی "ئیلکەل میللیەتچی" بە واتای ناسیۆنالیستی سەرەتایی کە بۆ هەموو پارتە کوردییەکان بەکاری دەهێنن، لەمەودوا دەسڕدرێتەوە یان نا؟ ئێستا چاوەڕوان دەکرێت ئۆجەلان لە گوتارەکانی داهاتوودا رێز و دادپەروەری بۆ هەموو بزووتنەوە سیاسییەکان و سەرکردەکانی کوردستان بەبێ گوێدانە نزیکی و دوورییان لەگەڵیدا نیشان بدات. کۆمەڵگەی کوردی بەدەست کێبڕکێی ژەنگاوی و پاوانخوازی و یەکترسڕینەوە زەرەرمەند بووە.