لە سنە کار بۆ کردنەوەی دامەزراوەیەکی تایبەت بە زمان و ئەدەبی کوردی دەکرێت
پارێزگاری سنە رایگەیاند، دامەزراندنی دامەزراوەیەکی تایبەتمەند بە زمان و ئەدەبی کوردی، یەکێکە لە داواکارییە ئەکادیمی و کولتوورییەکانی پارێزگاکە. لەهوونی داوای تەواوکردنی رێکارەکانی مۆڵەتپێدان و ئاگادارکردنەوەی فەرمیی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەی کرد.
ئارەش زەرەتەن لەهوونی پارێزگاری سنە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کولتووری گشتی بە ئامادەبوونی عەبدولحوسێن خوسرەوپەنا، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای کولتووری لە ئێران بەڕێوەچوو.
پارێزگار لە راپۆرتێکدا بۆ ئاژانسی ئیرنا روونیکردەوە، هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەی دامەزراوەکە بەردەوامن. لەهوونی ئاشکرایکرد، لەگەڵ غوڵامعەلی حەداد عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم کۆبووەتەوە، بەڵام وادەیەکی بۆ دامەزراندنی دامەزراوەکە دیاری نەکرد.
ئارەش زەرەتەن هیوای خواست سەردانی داهاتووی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری بۆ پارێزگاکە، هاوکات بێت لەگەڵ کردنەوەی دامەزراوەکە و راگەیاندنی فەرمیی دامەزراندنی.
هەروا چاوەڕوان دەکرێت دامەزراوە پێشنیازکراوەکە بەشداری بکات لە بەهێزکردنی ناسنامەی ئێرانی و جێگیرکردنی یەکێتی و پێکەوەژیان و پشتیوانیکردنی هیوای کۆمەڵایەتی و فراوانکردنی بەشداریی هاووڵاتییان، بەو ئامانجانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی پێکرا.
لەهوونی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، پارێزگاکە سەرەڕای کەمیی تەرخانکراوی دارایی، بەردەوام بووە لە رێکخستنی چالاکییە کولتوورییەکان و لە پاڵ ئەوەشدا بەرنامە و چالاکیی دیکەی خستووەتە ناو پلانی کولتووریی خۆیەوە.
ئەم هەنگاوە نوێیە بۆ بەدامەزراوەییکردنی زمانی کوردی، لەسەر بنەمای پێشینەیەکی گرنگی ئەکادیمی دێت کە پارێزگای سنە لە مێژووی خوێندنی باڵای ئێراندا تۆماری کردووە. سنە خاوەنی یەکەم ئەزموونی فەرمیی خوێندنی زمانی کوردییە لەسەر ئاستی زانکۆکانی ئێران.
زانکۆی سنە وەک تاقە زانکۆی حکوومی لە پارێزگاکەدا، مێژووەکەی بۆ ساڵی 1974 دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی لەلایەن دامەزرێنەر فەریدوون موعتەمید دامەزرا. دواتر لە ساڵی 1991 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێرانەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و فەرمی وەک "زانکۆی کوردستان" ناسێندرا.
ئەم ناوەندە ئەکادیمییە، کە خاوەنی پێنج کۆلێژ و 80 بەشی جیاوازە، یەکەمین زانکۆی ئێرانە کە بەشێکی تایبەت بە زمان و ئەدەبی کوردی تێدا کرایەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی خوێندکار لەو بوارەدا وەربگرێت.
لە کۆی 2,600 زانکۆ لە سەرانسەری ئێران کە 143یان حکوومین، لە پارێزگای سنە 43 ناوەندی خوێندنی باڵا بوونیان هەیە؛ هاوکات 68%ی خوێندکارانی پارێزگاکە لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان و 32%یشیان لە ناوەندە ناحکومییەکان درێژە بە خوێندن دەدەن. لەم چوارچێوەیەدا، هەوڵە نوێیەکانی پارێزگار بۆ کردنەوەی دامەزراوەی تایبەتی زمانی کوردی، وەک تەواوکەری ئەو رێڕەوە ئەکادیمییە دەبینرێت کە زانکۆی کوردستان لە دەیەکانی رابردوودا بەردی بناخەکەی داناوە.