زێلینسکی: مانگی داهاتوو کیێڤ و مۆسکۆ بە نێوەندگیری واشنتن کۆدەبنەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە، مانگی داهاتوو، کۆبوونەوەیەک بە نێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان نوێنەرانی کیێڤ و مۆسکۆدا بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە پەکیانکەوتبوو.
دووشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی نیشتمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: ئێمە ئامادەین بۆ دانوستان. ئەگەر پرسەکە پەیوەندی بە خاکەوە هەبێت، دەبێت لە ئاستی سەرکردەکاندا باسی لێوە بکرێت. سەبارەت بە پرسەکانی دیکەش، ئەوانە دەکەونە چوارچێوەی ئەرکی گرووپە هونەرییەکانەوە. کەواتە هەموو ئەمانە دەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمدا تاوتوێ بکرێن.
پێشتر دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، هەینی رایگەیاندبوو، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی رووسی - ئۆکرانی لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ئەبو زەبی لە ئیمارات ئەنجام بدرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، دوای ئەوەی لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی شوباتی رابردوودا، گفتوگۆکان پچڕان.
لە ساڵی 2025ـیشدا دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا ئەنجام درابوون، بەڵام بێ ئەوەی هیچ چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە، چونکە هەردوولا پێداگرییان لەسەر مەرجەکانی خۆیان کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، زێلینسکی دووبارە رەتیکردەوە ملکەچ بێت بۆ چەند داواکارییەکی رووسیا، و جەختیکردەوە ئەو مسۆگەرییە ئەمنییانەی حکوومەتەکەی لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دەخوازێت، قەبارەی سوپای ئۆکرانیا و ئازادیی کیێڤ لە هەڵبژاردنی هاوپەیمانێتییەکانیدا،شایستەی دانوستان نین.
گوتیشی، ئەو خاکیانەی لەلایەن مۆسکۆوە داگیر کراون، تەنیا لە سەر ئاستی سەرکردەکاندا دەکرێت باسیان لێوە بکرێت، واتە لە رێگەی کۆبوونەوەیەک لە نێوان خۆی و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە یەکلایی دەبنەوە.
لە بەرامبەریشدا، مۆسکۆ چەندین جار رەتیکردبووەوە پێش رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی، کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات.
هاوکات، سەرۆکی ئوکرانیا دووبارە داوای کرد، ئاگربەستێک دامەزرێت کە ژێرخانی وزە بگرێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کیێڤ ترسی ئەوەی هەیە، وەک ساڵی 2025، لەم زستانەدا رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرش و پەلامارەکانی رووسیا ببێتەوە.
لە بەرامبەردا، رووسیا هەر جۆرە ئاگربەستێک رەتدەکاتەوە پێش گەیشتن بە رێککەوتنێک تەوەرە بنەڕەتییە کێشەدارەکان یەکلا بکاتەوە، و پێی وایە راگرتنی جەنگ دەرفەت بۆ کیێڤ دەڕەخسێنێت تاوەکو جارێکی دیکە خۆی بۆ چەکدارکردنەوە ئامادە بکات.