گوتەبێژی حیکمە: چوارچێوەی هەماهەنگی پەرۆشی سەقامگیری و یەکڕیزیی ناوماڵی کوردە

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی

گوتەبێژی رەوتی حیکمەی نیشتمانی جەخت دەکاتەوە، هەموو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەرۆشی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و پاراستنی هەرێمی کوردستانن، لەبەر ئەوەی هەرچەندە هەولێر سەقامگیرتر بێت، بەغداش بەهێزتر و سەقامگیرتر دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، سامی جیزانی، گوتەبێژی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ شاندێکی پارێزگای سلێمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پەرۆشی یەکڕیزیی ناوماڵی کوردە و پێی وایە سەقامگیریی ناوماڵی کورد بەشێکە لە سەقامگیریی وڵات.

جیزانی گوتیشی، "هەموو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە پێویستیی پاراستنی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەقامگیری دەکەنەوە و پێیان وایەن، هەرچەندە هەولێر سەقامگیرتر بێت، بەغداش بەهێزتر و سەقامگیرتر دەبێت".

ئەم لێدوانەی جیزانی دوای ئەوە دێت ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 301ـی خۆی لە نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق لە بەغدا، بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. 

 دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، شاندێکی پارێزگای سلێمانی کە پێکهاتبوون لە نزار ئامێدی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە.

 لە راگەیەنراوە فەرمییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا جەخت لە پێویستیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و دۆسیەی بودجەی گشتیی 2027 کراوەتەوە. 

هاوکات دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داواکارییەکانی شاندەکەی سلێمانییان بۆ ناردنی بودجەی جیا و جیاکردنەوەی کاروباری پارێزگاکە لە دەرەوەی چوارچێوەی هەرێمی کوردستان رەتکردووەتەوە و جەختیان لە یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ کردووەتەوە، هەروەها زەیدییش بەر لە گەیشتنی شاندەکە کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتبوو و لەگەڵیان کۆنەبووەوە.