عەبادى: جیهان شكستى هێناوه
سەرۆك وەزیرانى عێراق رەخنەى لە "شكستى" كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت
K24 – ھەولێر
سەرۆك وەزیرانى عێراق رەخنەى لە "شكستى" كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت سەبارەت بە "پەكخستنى تواناى پێشڕەوى داعش" و رایگەیاند، "لەو باوەڕەدام جیهان بە تەواوى شكستیهێناوە".
رۆژى سێشهممه (2-6-2015)، "حهيدهر عهبادى"، سهرۆك وهزيرانى عێراق، له كۆنگرهيهكى رۆژنامهوانيدا، گوتى: "قسە زۆرە و لەسەر زەویش كردەوە كەمە"، هەر بۆیە "جیهان بە تەواوى شكستیهێناوە".
گوتيشى: "زۆرینەى جیهادییەكان لە وڵاتانى كەنداو، میسر، سووریا، توركیا و وڵاتانى ئەوروپاوە پەیوەستى ریزەكانى داعش دەبن".
وڵاتانى هاوپەیمانێتى دژ بە داعش، ئەمڕۆ لە پاریس كۆدەبنەوە بۆ ئەوەى ستراتیژێكى نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش دابڕێژن و هەمووان پێوەى پابەند بن.
پێش ئەنجامدانى كۆبوونەوەكە، عەبادى لە وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا بوو، لەوێ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەى بە ئامادەبوونى 20 وەزیر و نوێنەرى ژمارەیەك رێكخراوى نێودەوڵەتى ئەنجامدا و رەخنەى لە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت و ئەوانەى بە "كەمتەرخەم" لە هەمبەر لەناوبردنى داعش تۆمەتبار كرد.
لە سەرەتاى درووستبوونى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژ بە داعش و لە ماوەى نزیكەى یەك ساڵى رابردوودا، هاوپەیمانان چوار هەزار گورزى ئاسمانییان كردووەتە سەر چەكدارانى داعش لە عێراق و سووریا.
سەبارەت بە هاوكاریكردنى عێراق، عەبادى گوتى: "قسەى زۆر دەكرێت، بەڵام لە زەمینەى واقیعدا كارى كەم دەكرێن".
سەبارەت بە پێكهاتەى نەژادیى چەكدارانى داعش، عەبادى ئاشكرای كرد، %60ى چەكدارەكان بیانین و تەنیا %40یان عێراقیین و ئەمەشى بە "كێشەیەكى نێودەوڵەتى" وەسف كرد.