"عێراق له‌ بارودۆخێكى مرۆيى خراپ دايه‌"

ره‌وشى ئاواره‌كانى عێراق و بارى مرۆیى له‌ وڵاتدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكى زۆر مه‌ترسیدار و مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ تا چه‌ند تاڵى ديكه‌ درێژه‌ بخايه‌نێ.

 K24 – ھەولێر

 

ره‌وشى ئاواره‌كانى عێراق و بارى مرۆیى له‌ وڵاتدا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكى زۆر مه‌ترسیدار و مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ تا چه‌ند تاڵى ديكه‌ درێژه‌ بخايه‌نێ.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ‌(23-6-2015)، "موحسین سه‌عدوون"، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى پارتى ديموكراتى كوردستانى (KDP.info) راگه‌یاند: "دۆخى مرۆیى عێراق زۆر له‌ مه‌ترسیدایه‌، به‌ جۆرێك رۆژ نییه‌ له‌ناو شارى مووسڵ، قه‌تڵوعامى خه‌ڵك نه‌كرێت، ئه‌وه‌تا هه‌زاران كه‌س له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا كوژراون و خه‌ڵكێكى زۆریش تووشى نه‌خۆشىی ده‌روونى بوونه‌، پێشبینى كه‌مئه‌ندامبوونى ملیۆنان كه‌سیش ده‌كرێت، له‌ ئێسته‌شدا ئه‌و مه‌ترسییه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا داعش قه‌تڵوعامى گه‌وره‌ى له‌ مووسڵ به‌رپا كردووه‌، له‌م ره‌وشه‌ خراپه‌ى عێراقدا هاووڵاتیان به‌ په‌له‌ى یه‌كه‌م زيانمه‌ندن، دواتر خودى عێراق كه‌ ئێسته‌ به‌ كرده‌نی پارچه‌ بووه‌".

گوتيشى: "چاره‌نووسى خه‌ڵكانێكى زۆر نادیاره‌، نازانرێت چییان لێ دێت، داعش ڕه‌حم به‌ كه‌س ناكات به‌تایبه‌تى ئێسته‌ هه‌زاران ئێزدى له‌ژێر ده‌ستى داعشدان، نازانرێت چيان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت".

سه‌عدوون، ئاماژه‌ى به‌ دۆخی ناله‌باری عێراقى كرد كه‌ نزیكه‌ى 2 ملیۆن كه‌س له‌ عێراق ئاواره‌ى كوردستان بوون، به‌شێكى زۆریان له‌ پارێزگاى مووسڵن، له‌ هه‌مان كاتدا 20 هه‌زار كه‌س به‌هۆى شه‌ڕى روممادييه‌وه‌ ئاواره‌ بوون و نزیكه‌ى 300 هه‌زاریش له‌ رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان.