دەم پارتی: پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بنەمای سەقامگیریی عێراقە

"پابەندبوونی بەغدا بە دەستوور تاکە رێگاچارەی هەمیشەییە"

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، پشتیوانیی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە؛ جەختی کردەوە کە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە بڕیاری تاکلایەنە و شێوازە سەربازییەکان چارە ناکرێن، بەڵکو پێویستیان بە گفتوگۆ و دانوستانی دەستوورییە.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە راگەیەنراوێکدا هەڵسەنگاندنی خۆی سەبارەت بە قەوارەی دەستووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشهاتەکانی ئەم دواییە بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، قەوارەی رەوا، یاسایی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان، کە بە دەستووری فیدراڵیی عێراقی ساڵی 2005 زامن کراوە، گوزارشتە لە دەستکەوتە مێژووییەکان و ئیرادەی دیموکراسیی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە. پاراستن و بەهێزکردنی ئەم قەوارەیە تەنیا بۆ گەلی کورد نییە، بەڵکو لە رووی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، سەقامگیریی سیاسی و داهاتووی دیموکراسیی عێراقیشەوە گرنگییەکی بێجێگرەوەی هەیە.

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرژییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەری هەڵداوە، نە بە بڕیاری تاکلایەنە، گوتاری هەڵکشێنەری گرژی یان شێوازە سەربازییەکان چارە ناکرێن، بەڵکوو پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا و لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارە بکرێن.

دەم پارتی رایگەیاندووە، کە پابەندبوونی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بە رووحی دەستوور و مافە رەواکانی گەلی کورد، تاکە رێگایە بۆ چارەی هەمیشەیی.

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی دووپاتی کردووەتەوە، ئێمە وەک دەم پارتی پشتیوانی لە قەوارەی دەستووری و دەستکەوتەکانی گەلی کورد و چارەکردنی سەرجەم کێشەکان لەسەر زەمینەی دانوستانی ئاشتییانە و دیموکراسی دەکەین. رێبازێک کە تێیدا مافەکان و ئیرادە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە بپارێزرێن، بەهێزترین بەشداری پێشکەش دەکات هەم بۆ بە دیموکراسیکردنی عێراق و هەم بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.