ئازاد تۆفیق: نابێ یەكێتی ھەڵەی ھەدەپە دووبارە بكاتەوە

"لەگەڵ پارتی و یەكگرتوو لە ھەوڵی پێکهێنانی حكوومەتی نوێ بن"

لە وتارێكیدا بە ناونیشانی (ئەمجارە بەدەر لە گۆڕان)، ئازاد تۆفیق ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەڵێ: نابێ یەكێتی ھەڵەی ھەدەپە دووبارە بكاتەوە.

ئازاد تۆفیق لە وتارەکەیدا چەند خاڵێك دەخاتەڕوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی کە لە ھەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە و دەڵێ:

"نابێ‌ هەرگیز یەكێـتیی نیشتمانیی هەڵەكەی (هەدەپە) دووبارە بكاتەوە، بەوەی كە پێیوابوو هەر نزیكبوونەوەیەك لە (ئاك پارتیی) ئەوا دواجار بەسلبی لەسەر دەنگی دەنگدەرانی دەكەوێـتەوە. بۆیە بۆ ئەم كارە پێویستە یەكێتیی لەلایەكەوە بەوردیی دیراسەی ئەو هەڵەیە بكات، لەلایەكی تریشەوە بە شوێن مافی خوراوی (سیاسیی، حكوومیی، ئابووریی) خۆیدا لە حكوومەتی هەرێمدا بگەڕێ‌ نەك شتێكی دیكە!".

لە بارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ لە ھەرێمی كوردستان ئازاد تۆفیق نووسیویەتی" پێویستە یەكێتی لەگەڵ پارتی و یەكگرتوی ئیسلامیدا لێبوڕاوانە و بوێرانە هەڵوێستێك بۆ مێژوو تۆمار بكەن و لە هەوڵی پێكەوەنانی (حكوومەتێكی نوێ‌، یا بەرەیەكی نوێ‌، یان رێككەوتنێكی سیاسی نوێ)دا بن، هەم بە قازانجی دەرچوون لەم دۆخە چەق بەستوە و هەم بە قازانجی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، چونكە خەمی سەرەكی خەڵك لەم قۆناغەدا بەپلەی یەكەم نەبوونی بودجە و مووچە و خزمەتگوزاریی و هاوكات پاراستنی ئارامیی و ئاسایشی ئەم هەرێمەیە، كە بەهەموو كەم و كورتی و گلەیی و گازندەیەكمانەوە لێی، هێشتا گەلی كورد لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان بە چاوی ئومێدەوە لێیدەڕوانن!".

بۆچوون و پێشنیازەكانی ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، کە بە رای چاودێران زیاتر گوزارشت لە ئاراستەی حزبەكەی دەكات، لە كاتێكدایە ئەمڕۆ هەردوو شاندی دانووستكاری پارتی و یەكێتی لە ھەولێر لە گفتۆگۆدان بۆ چارەکردنی گرفتەكانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.