بارزانی: داهاتوويه‌كى گه‌ش چاوه‌ڕوانى ئێزدييه‌كان ده‌كات

ماڵى ئێزدييان له‌ ئه‌ڵمانيا پيرۆزبايى له‌ بارزانى ده‌كه‌ن.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانى، رايگه‌ياند، هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و باشتركردنی ژیانیان درێخی ناكرێت و داهاتوویەكی گەش چاوەڕانیان دەكات.

بارزانى له‌ ميانى پێشوازيكردنى له‌ نوێنه‌رانى ماڵى ئێزدى له‌ ئه‌ڵمانيا، كه‌ به‌ مه‌به‌ستى پيرۆزبايى له‌ سه‌ركه‌وتنى شنگال سه‌ردانى بارزانييان كردبوو، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گوتى: "كارەساتی شنگال بۆ كورد بەشێكە لە زنجیرەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتوون. درێژەی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی شار و گوندەكانمان بوو. زۆریش ئازاری داین".

هه‌روه‌ها گوتى: "ئەمجارەش دەركەوت، ئەگەر دوژمن زیانیشمان پێبگەیەنێت لە كۆتاییدا هەر ئیرادەی گەلەكەمان سەردەكەوێت".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى قسه‌كانيدا، بارزانى گوتى: "ئەو بڕوا بەخۆبوونەی لای خوشك و برایانی ئێزدی دروستبوو زۆر گرنگە، هەموو گەلی كوردستان پشتیوانی خوشك و برایانی ئێزدییە".

له‌ به‌رامبه‌ردا، سەرۆكی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا، عوسمان گۆرەن، رايگه‌ياند، "ئێمەی ئێزدی ٧٤ فەرمانمان بەسەر هاتووە، لە ٧٣ فەرمانی رابردوودا بێ پشت و پەنا بووین، بەڵام لەم فەرمانەی كۆتاییدا هەموو خەڵكی كوردستان پشتیوان و هاوخەممان بوون و هەموو تواناكانیش بۆ ساڕێژكردنەوەی برینەكانمان خرایەڕوو و جەنابتان بەڵێنتان پێ داین و بەڵێنەكەشتان هاتەدی".

سه‌باره‌ت به‌ كوردبوونى ئێزدييه‌كانيش گوتى: "لە ئاستی جیهانیش ئێزدییەكان وەك بەشێكی دانەبڕاوی گەلی كوردستان و ئایینێك زیاتر ناوبانگیان دەركرد و سۆزێكی جیهانیی بۆمان هەبوو".