وەزارەتی بەرگریی: هەماهەنگیی پێشمەرگە کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ دەهێنێ
"ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات"
K24
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایدەگەیاند هێرشی رزگارکردنی شاری مووسڵ لە بندەستی داعش لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات.
نەسیر نووری محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق راشیگەیاند:
"دوای رزگارکردنی ئەنبار کە داعش مانگی ئایاری ئەمساڵ داگیری کرد، سوپای عێراق بە هەماهەنگیی پێشمەرگە کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ دەهێنێت".
نەسیر نووری ئاماژەی بەوەشداوە کە: "ئێستا ئامادەکاریی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکرێت و هێزێکی تایبەت مەشق و راهێنان بە هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئاشکراشی کرد کە: "سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ژێر فەرماندەیی سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ناوچەکانی رۆژئاوای مووسڵ و شارۆچکەی شنگال هێرش دەکەنە سەر مووسڵ".
پێشتریش خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق دوای دوا سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەردانیکردنی شنگال، خالید عوبەیدی رایگەیاند کە: "ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات".
نزیکەی ساڵ و نیوێکە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری مووسڵ و و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراقدا گرتووە. و لە رێکەوتی 13ی ئەم مانگە هێزی پیشمەرگە دوانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا شارۆچکەی شنگال لە بندەستی داعش رزگار بکات.
سەرچاوە: ئاژانسی سپۆتنیکی رووسیا