فريدريك تيسۆت: بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان نابێت كورد چاوه‌ڕێى هيچ وڵاتێك بكات

پێويسته‌ خۆى بڕيار بدات

K24 – ھەولێر

كونسوڵی پێشووی فەرەنسا لە باشووری كوردستان دەڵێت: "نابێت كورد بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی چاوەڕێی ھیچ وڵاتێك بكات و پێویستە خۆی بڕیار بدات".

د. فریدریك تیسۆت، كونسوڵی پێشووی فەرەنسا لە ھەولێر، لە بەرنامەی ھەڤپەیڤینی (K24) گوتی: "كورد ئەگەر سەربەخۆیی دەوێت، نابێت چاوەڕێی ئەوە بكات ھیچ وڵاتێك بە دیاری ئەو مافەی پێ ببەخشێت، بەڵكو پێویستە خۆیان بڕیار بدەن".

سەبارەت بەو مەترسیانەشی كە لەوانەیە لە كاتی راگەیاندنی سەربەخۆییدا رووبەرووی كوردستان ببنەوە، تیسۆت گوتی: "خەڵكی كوردستان بۆ ماوەیەكی زۆر لە دژی سەختییەكان جەنگاون و رووبەرووی زۆر قۆناغی مەترسیدار بوونەتەوە و لە ئێستادا كوردستان زۆر بەھێزە و دڵنیام ئامادەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی.

فریدریك تیسۆت لەو ھەڤپەیڤینەدا، رەخنەی لە حكوومەتی وڵاتەكەی گرت كە بە گوێرەی پێویست ھاوكاری ھێزەكانی پێشمەرگەی نەكردووە لە شەڕی دژ بە داعشدا.

ھاوكات رەخنەی لە پارتەسیاسییەكانی باشووری كوردستان گرت لەوەی كە یەكگرتوو نین و تا ئێستا رێكنەكەوتوون .