ڤيديۆ.. نوێترين هه‌ڵوێستى گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ پارتى

باسى خه‌باتى بارزانييه‌كان و داهاتووى په‌يوه‌ندييه‌كانى پارتى و گۆڕان ده‌كات.

K24- ھەولێر:

گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی رایگەیاند، بزوتنه‌وه‌كه‌يان دەرگای ئاوه‌ڵايه‌ بۆ ئه‌نجامدانى گفتوگۆ به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

لە ديمانه‌يه‌كى تایبەتييدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى كوردستان 24، (بەم نزیكانە بڵاو دەبێتەوە)، گوته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، شۆڕش حاجی  گوتى: "دەرگامان بۆ گفتوگۆ كراوەیە و پێمان وایە، ھەركێشەیەك لە ناوماڵی كورددا ھەبێت جگە لە گفتوگۆ ھیچ رێگایەكی دیكە نیە بۆ چاره‌سه‌ركردنى".

گوتيشى: "بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوە دروستنەبووە پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو ببات، يان مێژووی خەبات و قوربانی بارزانیيەكان بسڕێتەوە، بەڵكو بۆ ئەوە دروستبووە، سیستەمێكی حوكمڕانی تەندروست لە ھەرێمی كوردستان بێتە كایەوە".

روونيشيكرده‌وه‌، "بزوتنه‌وه‌كه‌ى له‌و بڕوايه‌دايه‌ باشترین سیستەم بۆ حوكمڕانی لە ھەرێمی كوردستاندا سیستەمی پەرلەمانیيە، كە یاسا تێيدا سەروەر بێت و ھەموو لایەنەكان بەشداربن لە بڕیاری سیاسييدا، بۆ ئەوەی دەسەڵات رەنگدانەوەی خواستی ھاووڵاتیان بێت و ھاووڵاتیانیش دەسەڵات بە ھی خۆیان بزانن".

هه‌ريه‌ك له‌ پارتى ديموكراتى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ 17ى نيسانى ساڵى رابردوو، رێككه‌وتنێكى سياسييان له‌ نێوان خۆياندا واژوو كرد.

به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى له‌ كابينه‌ى حكومه‌تدا كرد، كه‌ نێچيرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان و كانديدى پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت سه‌رۆكايه‌تى كرد.

له‌ 12ى ئۆكتبه‌رى ئه‌مساڵ، پارتى ديموكراتى كوردستان يه‌كلايه‌نه‌ رايگه‌ياند، هيچ رێككه‌وتنێكيان له‌گه‌ڵ گۆڕاندا نه‌ماوه‌ و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى هه‌بووه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌يه‌دا وه‌زيره‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌ت دوورخرانه‌وه‌.

هاوكات، پارتى ديموكراتى كوردستان به‌ هۆى تێبينييه‌كانى له‌سه‌ر سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، يوسف محه‌ممه‌د، ره‌تيكرده‌وه‌ رێگه‌ بدات ناوبراو وه‌ك سه‌رۆكى په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر و رايگه‌ياند، يوسف محه‌ممه‌د چيديكه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان نييه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردووشدا فازڵ ميرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى راگه‌ياندبوو، پێويسته‌ پرسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ رێگه‌ى ياساييه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و به‌ ياسا سه‌رۆكى په‌رله‌مان بگۆڕدرێت.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تا ئێستا ئاماده‌ نييه‌ ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ببێت و ئه‌وان يوسف محه‌ممه‌د وه‌ك سه‌رۆكى فه‌رمى په‌رله‌مان ده‌ناسێنن.