پارتیی و یەكێتیی لە ھەڵەبجە كۆدەبنەوە
پارتیی لەسەر داواكارییەكانی سورە
K24- ھەولێر
بڕیارە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەمڕۆ لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە كۆببنەوە.
فازل بەشارەتیی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە بە ماڵپەری فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە کە: بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە شاندێكی یەكێتیی لە ھەڵەبجە سەردانی لقی پارتیی بكات بۆ تاوتوێکردنی شێوازی دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای ھەڵەبجە.
لەبارەی گۆڕانكاریی لە داخوازییەكانیان بۆ پێدانی پۆست لەو سنوورە، بەشارەتیی دەڵێ:" ئێمە سورین لە سەر ھەڵوێستی خۆمان ئەگەر داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێن ئەوا لە حكوومەتی خۆجێیی ھەڵەبجە بەشدار نابین".
بەرپرسەکەی پارتیی دەشڵێ: "ئەو رێكەوتنەی لایەنەكان لەسەر پۆستەكانی ھەڵەبجە كردوویانە ئێمە پێی رازی نابین، چونكە پۆستەكانیان بە ئارەزووی خۆیان دابەشكردووە، ئەگەر داواكانیشمان جێبەجێ نەكرێن ناچینە ھیچ كۆبوونەوەیەكی دیكەوە".
پێشتر بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی خۆجێیی ھەڵەبجە پارتیی داوای پۆستی قایمقامی ھەڵەبجە و چەند بەڕێوەبەرێك و چوار كورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە كردبوو، بەڵام لەگەڵ یەكێتیی و لایەنەكانی دیكە لە پارێزگای ھەڵەبجە نەگەیشتە رێكکەوتن.

مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەی شەھید