بارزانیی: هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لە هاتنی هێزی تورکیا
مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لە هاتنی هێزی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق و ئەو هێزە بە بە هەماهەنگیی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هاتووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەونیی هاوبەشدا لەگەڵ فرانك واڵتەر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بارزانیی راشیگەیاند کە: "هەرێمی کوردستان لایەنێک نییە لە هاتنی هێزی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق و ئەو هێزە بە بە هەماهەنگیی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە هاتووە".
بارزانیی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی رۆڵی رووسیا لە شەڕی دژی داعش، بارزانیی گوتی: "هاوێشتنی رۆکێتەکانی رووسیا بۆ سووریا کە چالاکییەکە دژی داعش چاکە، بەڵام دەبێ بە شێوەیەک بێ زیان بە هەرێم نەگەیەنێ، هەڵبەتە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی فڕۆکەکانمان بفڕن و ئاسمانی هەرێم مەترسی لەسەر بێ، زیان بە هەرێم دەگەیەنێ، بۆیە لەگەڵ بەغدا و رووسیا بۆ ئەم پرسە لە پێوەندیداین و داوامان کردووە کە دەبێ ئەم کێشەیە چارە بکرێ".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی کرد کە: رووسیا چەکی پێداوین، دیاریشە کە رووسیا مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە ناکات.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، رایگەیاند کە: ئەوان لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە لە رووی چەک و راوێژاکاریی سەربازیی بەردەوامدەبن، شتاینمایەر هەروەها خۆشحاڵیی دەربڕی كە وڵاتەكەی بڕیاری هاوکاریکردنی پێشمەرگەی داوە. گوتیشی: "بۆ شەڕی دژی داعش ستراتیژییەکی سیاسیمان پێویستە و لە هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی و مینەکانیش بەردەوامدەبین".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: "لە بیرمە ساڵی پار كە سەردانی ھەولێرم كرد لەو كاتە داعش شنگالی داگیر كردبوو، چیرۆكە ناخۆشەكانی خەڵك نەك ھەر ئیستا بیرم ماون، بەڵكوو ھەرگیز لە بیرم ناچنەوە، ھەروەھا ئەو كارەساتە نەك ھەر وەك ھاوسۆزیی حكوومەت و خەڵكی ئەڵمانیا، بەڵكوو كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی ئەڵمانیا هەبوو لە رووی ھاوكاریكردن و پشتیوانیکردنی ھێزی پێشمەرگە و ھەرێمی كوردستان، ئەمە وایكرد چەک بدەین بە پێشمەرگە و راوێژکار بنێرینە هەولێر.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هاوکات خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە بڕیاری وڵاتەكەی بۆ ھاوكاری و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و ھەرێمی كوردستان، داعش لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، کاتێک دەبیستین کە شنگال ئازاد دەکرێت، لە عێراق بێجی ئازاد دەبێت، ئەمانە هۆکارن بۆ پاشەکشەی داعش. هاوبەشییە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئێوەدا ئەنجامی ھەبووە. ئێستا داعش یەک لە چواری ناوچە داگیرکراوەکانی لە دەستداوە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد کە: "ئەم ستراتیژییە دەبێ دوو بەرەی هەبێت، یەکێکان کارکردنە بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدایە، لە هەمان کات، بۆ ئەو شوێنانەی کە رزگار کراون لە پڕۆژەی هاوبەشدا هاوکاریی بکرێن بۆ گێڕانەوە و هاوکاریی خەڵەکەکەی تا بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. لەسەر ئاستی دوور مەوداش کە ئەگەر هەوڵە سەربازییەکان سەرکەوتن، چاڕەکردنی رەوشەکە لە سووریا پێویستیی بە هەوڵی سیاسیانە هەیە و تا ئێستا دوو دیدار لە ڤییەننا هەبوون، ئەوانەی کە کۆبوونەوە خواستی ئەوەیان هەبوو کە دوای پێنج ساڵ لە مردن دەبێ سیاسەتێک پەیڕەو بکرێت بۆ چارەکردنی سیاسیانەی کێشەی سووریا.