کورستان ٢٤ زانیاریی لەبارەی سەردانەكەی دەمیرتاش بۆ ھەولێر بڵاودەکاتەوە
سەرچاوەیەک: ئەگەر سەردانی قەندیل نەکات لە شار لەگەڵ پەكەكە كۆدەبێتەوە
K24- ھەولێر
بەپێی زانیارییەكانی (كوردستان24) بڕیارە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە لە باشووری کوردستان کۆببێتەوە و لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا پەیامێك بداتە قەندیل.
عابد ئیكا، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە هەولێر بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "سەردانەكەی دەمیرتاش تەنھا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ كادیر و ئەندامانی حزب بوو لە باشوور و لە نووسینگەی ھەدەپە لە ھەولێر دەمیرتاش گفتوگۆی لەبارەی رەوشی ناوچەكە و بەستنی كۆنگرەی هەدەپە كرد".
عابد ئیكا رەتیكردەوە دەمیرتاش سەردانی قەندیل بكات و چاوی بە بەرپرسانی پەكەكە بكەوێت، بەڵام سەرچاوەیەكی دیكە نزیك لە پەكەكە بە (کوردستان٢٤)ی گوت: "ئەگەر دەمیرتاش سەردانی قەندیلیش نەكات لە ناو شار لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە كۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە ئەكتیڤ كردنەوەی پڕۆسەی ئاشتییە لە توركیا".
ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو کە: ھەوڵێك ھەیە بۆ دووبارە راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان توركیا و پەكەكە بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە پڕۆسەی ئاشتیی بدرێت لە توركیا و مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەڵاحەدین دەمیرتاش رۆڵی سەرەكیان ھەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە.
سەرچاوەکە کە نزیكە لە پەكەكەوە راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی توركیا سەردانی ئیمڕالییان كردووە و لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسەیان كردووە".
سەردانەكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان بۆ باشووری كوردستان لە كاتێكدایە ئەمڕۆ مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی توركیا دەکات.
بەپێی سەرچاوەکان بەشێك لە ئەجندای سەردانەکەی بارزانیی دۆزینەوەی چارەیەکە بۆ پرسی كورد لە باكووری كوردستان و پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا.