کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجە دواخرا
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوە نائاساییەی ئەنجوومەنەکە کە بڕیار بوو بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجەی گشتیی 2027 بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییە تەکنیکییەکان و تەواونەبوونی دەقە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەو کۆبوونەوە نائاساییەی کە بڕیار بوو ڕۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027 ئەنجام بدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بە پێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، هۆکاری سەرەکیی دواخستنی کۆبوونەوەکە و دەنگدان لەسەر رەشنووسەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا هێشتا کارەکانی لەسەر داڕشتنەوە و نووسینەوەی دەق و بڕگە نوێیەکانی نێو بودجە بە تەواوی کۆتایی پێ نەهێناوە.
هاوکات، کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕ لە نێوان شاندە تەکنیکییەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027 بەردەوامییان هەیە، بەڵام هەردوولا تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.