بنکەی لالش: رۆڵی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە لە ئازادکردنی شنگال بەرز دەنرخێنین
دەستەی باڵای بنکەی لالش بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شنگالدا، رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی و هێزەکانی پێشمەرگە لە ئازادکردنی شارەکە بەرز دەنرخێنێت و رایدەگەیەنێت، هێشتا بەشێکی زۆری ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا دەناڵێنن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش لە دهۆک، بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی ئازادکردنی شنگال بە دەستی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "11 ساڵ لەمەوبەر و لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی و بە پشتیوانیی ئاسمانیی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، لە ئۆپەراسیۆنێکی مێژووییدا شاری شنگالیان لە دەستی چەپەڵی تیرۆریستانی داعش ئازاد کرد."
بنکەی لالش ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی شنگال لە 3ـی ئابی 2014 کەوتە بەر هێرشی دڕندانەی داعش و داگیرکرا، بووە هۆی ئەنجامدانی چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی لە دژی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، بەڵام ساڵێک دوای داگیرکارییەکە و لە 4ـی ئابی 2015، سەرۆک بارزانی بەڵێنی ئازادکردنی شنگالی دا.
هەروەها روونکراوەتەوە: "رێک دوای 100 رۆژ لەو بەڵێنە، کاتژمێر 7:00ـی بەیانی لە چوار قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شارەکە بە بەشداریی 7500 پێشمەرگە و بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی و پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان دەستی پێکرد. لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015، سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگال مژدەی ئازادکردنی شارەکەی راگەیاند و دووپاتی کردەوە ئەم سەرکەوتنە دەستکەوتێکی گەورەی سەربازی، سیاسی و مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، کە بە خوێن و قارەمانێتیی پێشمەرگە تۆمار کرا."
راگەیەنراوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە قارەمانێتیی پێشمەرگە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیا جیهانییەکاندا هەبوو، ئازادکردنی شنگالیش بووە دەروازەیەک بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی دەوروبەری و دواتریش کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەنتەری پارێزگای نەینەوا.
بنکەی لالش دەڵێت: "ئێمە لە بنکەی لالش، رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو ئەو قارەمانانەی بە خوێنی خۆیان ئەم داستانە پڕ لە سەروەرییەیان تۆمار کرد، بەرز دەنرخێنین. هاوکات سوپاس و پێزانین ئاراستەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان لە هێزی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعشدا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەم یادە لە کاتێکدا دەکرێتەوە هێشتا بەشێکی زۆر لە خوشک و برایانی ئێزدی لە دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ، لە ئاوارەیی و لە ناو کەمپەکاندا دەناڵێنن و بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، بنکەی لالش داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە پەلە شنگال ئاوەدان بکەنەوە، دۆسیەی دانپێدانانی جینۆسایدی ئێزدییەکان یەکلا بکەنەوە و قەرەبووی زیانلێکەوتووان و قوربانییان بکەنەوە.