بارزانى بۆ شنگالييه‌كان: له‌ده‌ستدانى پێكه‌وه‌ ژيان سه‌ره‌تايه‌كه‌ بۆ نه‌مان

له‌ گوته‌يه‌كدا رايگه‌ياند، پێشمه‌رگه‌ داعشى رووبه‌ڕووى شكست كردووه‌ته‌وه.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى له‌گه‌ڵ موسڵمانانى نيشته‌جێى شنگال كۆبوويه‌وه‌. له‌ گوته‌يه‌كدا رايگه‌ياند، پێشمه‌رگه‌ داعشى رووبه‌ڕووى شكست كردووه‌ته‌وه. له‌ باره‌ى به‌يه‌كه‌وه‌ ژيانيش گوتى: "لەدەستدانی پێكەوەژیان بۆ گەلی ئێمە سەرەتایەك دەبێ بۆ نەمان".

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و ریشسپی و پیاوماقووڵانی موسڵمانی دەڤەری شنگال كۆبویەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بارزانی گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەشكرد.

له‌ گوته‌كه‌يدا، باسی لە بایەخی سیاسی و نەتەوەیی و جوگرافی و كۆمەڵایەتیی شنگالى بۆ گەلی كوردستان كرد كە بە درێژایی مێژوو نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی پێكهاتە جیاوازەكان بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ئەو فەرهەنگەی پێكەوەژیان قووڵتر و دەوڵەمەندتر بكرێت لە دەڤەری شنگال و هەموو كوردستان و رێگە نەدرێت بە هیچ شێوەیەك زیان لە ئاسوودەیی خەڵك و فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانیان و خەڵكی شنگال بدرێت و لەو رووەشەوە ئەركی مامۆستایانی ئایینی و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتی و پیاماقوڵانی بە گرنگ و كاریگەر وەسفكرد.

سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانى داعش، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، داعش لەڕووی سەربازییەوە لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست هاتووە، بەڵام نابێت رێگە بدەین ئامانجەكانی داعش لە تێكدانی برایەتی و پێكەوەژیان بهێنەدی.

گوتيشى: "پێويسته‌ دەست بەو فەرهەنگە دەوڵەمەندەی پێكەوەژیانە بگرین كە بەهۆیەوە پێگە و ناوبانگی گەلی كوردستان لە ئاستی جیهانیدا بەرز و شاییستەیە".

هه‌روه‌ها گوتى: "لەدەستدانی پێكەوەژیان بۆ گەلی ئێمە سەرەتایەك دەبێ بۆ نەمان و كارەسات".

 له‌ به‌شێكى ديكه‌ى گوته‌كه‌يدا، بارزانى "داوای كرد كە خەڵكی شنگال بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم كار بۆ ئەوە بكەن كە شنگال بە باشترین شێوە ئاوەدان بكرێت و هەروەها كاریش بۆ ئەوە بكرێت كە لە رووی ئیدارییەوە ناوچەی شنگال تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و بكرێتە پارێزگا".

سه‌باره‌ت به‌ ئاينده‌ى شنگاليش، بارزانى له‌ كۆتايى گوته‌كه‌يدا جەختی لەوە كردەوە، "پێویستە خەڵكی شنگال بڕیار لەسەر ژیان و دواڕۆژی خۆیان بدەن و هیوای خواست كە شنگال بۆ هەموو پێكهاتەكانی ببێتە نموونەی ئاوەدانی و بەختەوەریی هاووڵاتیان".