دژبەرانی دەسەڵاتی ئێران خۆیان كاندید دەكەن
رەخنەگران و زیندانییە سیاسیيەكانی پێشوو، خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەم خولە كاندید دهكهن.
K24 – تاران:
لە دواین رۆژی ناونووسینى خۆپاڵاوتن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی لە ئێران، ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسی، رەخنەگران و زیندانییە سیاسیيەكانی پێشوو خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەم خولە كاندید كرد.
لە تاران رەخنەگر و زیندانی سیاسی پێشوو، حیشمەت تەبەرزەنی و سێ ئەندامی باڵای بەرەی نیشتمانی ئێران، بە ناوەكانی، كورش زەعیم، داوود ھەرمیداس باوند، و عیسا خان حاتمی و چالاكی مافی مرۆڤ ئیسمائیل مفتی زادە لە ژێر دروشمی (ھاوپەیمانی بۆ ديموكراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران) خۆیان كاندید كرد.
بە گوتەی ئەو كەسانە ئەو ھاوپەیمانییە بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن بێ رەچاوكردنی قبووڵ یان رەتكردنەوەیان لە لایەن شوورای نیگهھبانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ خۆ كاندیدكردن پێكھاتووە.
لەپاڵ ئەو رەخنەگر و چالاكە سیاسیانە ژمارەیەكی زۆر لە ريفۆرمخوازەكانیش بەشداریان كردووە، لەوانە وەزیری پێشووی زانست موستەفا موعینى، وەزیری پێشووی رێگاوبان، ئەحمەد خورەم و كوڕ و كچێكی ھاشمی رەفسەنجانی بە ناوەكانی موحسین و فاتیمە ھاشمی.
سەرۆكی ناوەندی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی، محەممەد حوسێن موقیمی رایگەیاند، "ژمارەی كاندیداكان بۆ ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی گەیشتووتە 11ھەزار و 764 كەس كە زیاتر لە دووھێندی كاندیدەكانی خولی پێشووی ھەڵبژاردنی ئێرانە".
موقیمی گووتیشی: "ژمارەی ئەو كەسانەش كە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان كاندید كردووە گەیشتووتە 701 كەس كە ئەو ژمارەیەش زۆر لە كاندیدەكانی خولی پێشوو زیاترە".
ژمارەیەك لە دژبەرانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێیانوایە زیادبوونی ژمارەی كاندیدەكانی ھەردوو ھەڵبژاردنەكەی ئێران، لە لایەك باجی رەتكردنەوەیان لەسەر شوورای نیگهھبان زیاد دەكات و لە لایەكی دیكەوە رەتكردنەوەیان لە لایەن ئەو شوورایەوە، بەڵگەیەكی روونە كە ھەڵبژاردن لە ژێر سێبەری كۆماری ئیسلامی ئێراندا ھەرگیز ئازاد نییە