گهشتى رۆژنامهكانى ئێران.."حاجی خانم خامهنهئى سەردانتان دەكات"
له چاپهمهنييهكانى ئێراندا، پارێزگاران و ريفۆرمخوازەكان ھەڕەشە لە یەكدى دەكەن، ئهمه پرسى سهرهكى ميدياى ئێرانه و چاپهمهنييهكانى تارانى به خۆيهوه سهرقاڵكردووه.
K24 – تاران:
له چاپهمهنييهكانى ئێراندا، پارێزگاران و ريفۆرمخوازەكان ھەڕەشە لە یەكدى دەكەن، ئهمه پرسى سهرهكى ميدياى ئێرانه و چاپهمهنييهكانى تارانى به خۆيهوه سهرقاڵكردووه.
بابەتێكی دیكە كە رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران بە گرنگیەوە باسیان لێوهكردووه، سەردانەكەی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانه بۆ ماڵی بنەماڵەیەكی مەسیحی لە رۆژی جەژنی لەدایكبوونی عیساى مهسيحدا. سەرەڕای ئەوەی پيسبوونی كەشووھەوای ئێران ئهمڕۆش باسێكی جێبايهخى راگەیاندنەكان بوو.
محەممەد تەقی خۆرسەندی لە راپۆرتێكی رۆژنامەی جەوان كە سەر بە سوپای پاسدارانە نووسیویەتی: "كاتێك گوتم حاجی خانم ببوورن من داوای لێبووردنێك بە بەڕێزتان قەرزدارم، ئەو كەسەی كە ئەمڕۆ بڕیارە سەردانتان بكات، رێبەر خامەنەئییە".
لە درێژەی باسەكەییدا ئەو پەیامنێرە دەڵێت: "قسەكەم تەواو نەبوو كە بوغز گەرووی ئالفرێد و ئالبێرتی داگرت، دایكی شەھیدە مەسیحییەكەش نیگەران و سەرسام لەوەی بڕیارە رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانیان بكات".
باسی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی و ئەنجوومەنی شارەزایان گەرمە و رۆژنامەكانی كۆماری ئیسلامی بە خۆیەوە سەرقاڵكردووە.
رۆژنامەی شەرق كە سەر بە پارێزگارانە نووسیوویەتیی: "ناو نووسینی 12 ھەزار كەس لە ھەڵبژاردنی خولی دەیەمی ئەنجوومەنی شوورای كۆمارى ئیسلامی دەرگایەكی نوێیی بە رووی كەشی سیاسیی ئێراندا كردووەتەوە، جیا لەو زایەڵەی سیاسییەی كە لێیكەوتۆتەوە، ئەو باسە بووتە جێی نیگەرانی ھەندیك لە بەرپرسەكان و لەبەرامبەریشدا، كابینەی حكوومەت و كۆڕی سیاسی پێشوازی لێدەكات".
ئەوەی جێی تێڕامانە لە ھەڵبژاردنى ئهم خولهدا، زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی كاندیدەكانی خولی ھەڵبژاردنەكانە لەچاو چوار خولی پێشتر كە 122% زیادیكردووە.
لەو وتارەی رۆژنامەی شەرقدا ھاتووە: "ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە قۆناغێكی ھەستیار و گرنگی سیاسیی ئێران بەڕێوەدەچێت، ئێران لە چەند دەیەیی رابردوودا، گەلێك دەرفەتی لە بوارەكانی پەرەپێدانی ئابووری و خۆشگوزەرانی لەدەستداوە. بەشداری 12 ھەزار كاندید لە ھەوڵی بەدیھێنانی ئەو ئەركە گرنگە دایە".
لە سەروتاری رۆژنامەی ئێراندا، كە بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەی تاران، رەزا ساڵحی، نووسیووێتی: "لە كاتێكدا وڵاتانی دراوسێمان بۆ دابینكردنی ئاسايشى خۆیان لەشەڕدان و خاكی وڵاتەكەیان بووهتە گۆڕهپانی شەڕی وڵاتە زلھێزەكان، بەڕێوەچوونی بەردەوامی ھەڵبژاردن لە ئێران لە ھەموو بارودۆخە ھەستیارەكان و تەنانەت لە كاتی شەڕی 8ساڵەی ئێران و عێراق، بووتە ھۆی پتەوبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران".
دوا لاپەڕەی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئەبراری ئێران تایبەتە بە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا و نووسیوویەتی: "سەرەڕای گرژبوونی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و توركیا، پەیوەندی ھەرێمی كوردستان و توركیا پتەوتر دەبێت".
رۆژنامەی شەرق كەسەر بە پارێزگارەكانە تایبەت بە پیسبوونی كەشوھەوا بە توانجەوە، نووسیوویوتی: "ئەو كەسانهی خێزاندارن نیگەرانی منداڵەكانیان و بیر لەسەفەر دەكەنەوە، ھەڵبەت پێشنیازی ئاژانسەكانی گەشتوگوزار لەبەرچاو دەگرن و بەرەو باكووری ئێران ھەڵدێن".
ھەر لە درێژەی باسەكەی ئەو رۆژنامەیەدا ھاتووە، ئهسفەھانیش وەك تاران لە كەشوھەوای پیسدا نقووم بووە، بەو حاڵەشەوە لە سەرووی لیستی شارە گەشتیارییەكان دایە.
رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران وێنەیەكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شوورای كۆمارى ئیسلاميان بڵاوكردووهتەوە، كە نۆێنەرێكی سەر بە باڵی پارێزگارەكان بە دەمامكێكەوە لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەیە.
رۆژنامەی قانون نووسیوویەتی: "تاران لە قەیران دایە، پیسبوونی كەشوھەوای تاران قەیرانێكە كە سێ كابینەی پێشووی حكوومەت نەیاتوانی چارەسەری بكەن، دوای دووساڵ بەسەر تێپەڕبوونی كابینەی رووحانیدا ئەمجارەیان ھاووڵاتیان گیانیان كەوتۆتە مەترسییەوە".
لە درێژەی باسەكەی رۆژنامەی قانوندا ھاتووە: "ماوەیەكە رۆژنامەكانی سەر بە پارێزگاران بە ھۆی پیسبوونی كەشووھەوا ھێرش دەكەنە سەر حكوومەت، ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵانێك ھەر ئەوانە بە قەراغ پیسبوونی كەشووھەوادا بەڕێزەوە تێدەپەڕین".
لە لایەكی دیكەوە، رۆژنامەی كەیھان كەسەر بە باڵی پارێزگارانە، پرسی دابەزینی نرخی نەوتی ورووژاندووە و نووسیوێتی: "دیپلۆماسی نەرم دڵی رۆژئاوای خۆشكرد نرخی نەوت دابەزی بۆ بەرمیلی 30 دۆلار".
گرنگترین قسەی ئەو رۆژنامەیە ئەوەیە نووسیوویەتی: "زۆربەی خاوەنڕایان پێیانوایە كە گرفتی گەورە لەوبارەیهوه نیگەرانی لە نەوتی ئێرانە، ئەگینا وڵاتەكانی دیكە نۆكەری ئەڵقە لە گوێی ئەمریكان، كە ئێرانیش بە واژۆكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی و ملكەچبوونی بۆ رۆژئاوا، دڵەڕاوكێی ئامریكا و رۆژئاوای رەواندەوە".