ئه‌مه‌ریكا بۆ عه‌بادی: ناتوانین ماوه‌ی كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش دیاریبكه‌ین
له دۆسیه‌ی سووریادا ده‌ستكه‌وتی باشمان به‌ده‌ستهێناوه
K24 - واشنتۆن:
گوته‌بێژێك به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له دژی داعش، ده‌سكه‌وتی باشییان به‌ده‌ستهێناوه له سووریا و ره‌نگه ئه‌و هه‌وڵانه ئاگربه‌ستی لێبكه‌وێته‌وه.
مارك تۆنه‌ر، گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی گوتی: "با به‌روونی قسه بكه‌م، له‌ماوه‌ی ته‌نها سێ مانگی رابردوودا، ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌مان له دۆسیه‌ی سیاسی سووریا به‌ده‌ستهێناوه، به‌تایبه‌تیش ئێستا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش هاوده‌نگین و ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش له پرۆسه‌كه‌دا بوونی هه‌یه".
مارك تۆنه‌ر رایگه‌یاند، ره‌نگه له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه دیپلۆماسییه نێوده‌وڵه‌تییانه ئاگربه‌ست له سووریا رابگه‌یه‌ندرێت.
له به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق، كه رایگه‌یاندبوو ساڵی 2016، ساڵی تێكشكاندنی داعش ده‌بێت له وڵات، مارك تۆنه‌ر گوتی: "ناتوانم هیچ ماوه‌یه‌ك بۆ كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش له عێراق دیاری بكه‌م، به‌ڵام له رێگای پاڵپشتی ئاسمانی و فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌وه هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ین و یارمه‌تی هێزه زه‌مینییه‌كانی عێراق ده‌ده‌ین".