چارنێسكی بۆ كوردستان 24: بێ كوردستان چاره‌سه‌ر مه‌حاڵه‌

"یەكێك لە ئامانجەكانم لەو سەردانە كۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆك بارزانی".

K24 - ھەولێر:

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، ریچارد چارنێسكی، رايگه‌ياند، كوردستان بەشێكی گرنگە لە پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكە و به‌ بێ كوردستان ناتوانین چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ ناوچەكە بدۆزینەوە.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستان 24، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، ریچارد چارنێسكی، رايگه‌ياند، "لە كاتی گەڕانەوەم ھاوكارانم لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە بارودۆخی ھەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەمەوە. پەیامی سەرەكیم ئەوە دەبێت پەرلەمانی ئەوروپا لە رووی ئابووری و دیبلۆماسييه‌وه‌ ھاوكاری ھەرێمی كوردستان بكات. لەبەر ئەوەی كوردستان بەشێكی گرنگە لە پارستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا. به‌ بێ كوردستان ناتوانین چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ ناوچەكە بدۆزینەوە".

لە بارەی ئامانجی سەردانەكەی بۆ ھەرێمی كوردستان گوتی: "یەكێك لە ئامانجەكانم لەو سەردانە ئەوەیە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆببمەوە. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كۆببمه‌وه‌. خاڵێكی دیكەی گرنگی سەردانەكەم ئەوەیە له‌ نزيكه‌وه‌ سه‌ردانى كه‌مپى په‌نابه‌ران بكه‌م و ئاگادارى ره‌وشييان ببم".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، ریچارد چارنێسكی، دوێنێ، بە یاوەری نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، دلاوەر ئاژگەیی بە سەردانێك گەیشتە ھەرێمی كوردستان، بڕیاریشە لەو سەردانەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی كۆببێتەوە.