سعودییە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی لەگەڵ ئێران بچراند
ئەمریکاش هەڵوێستی لەمبارەوە ئاشکرا کرد
K24
عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعودییە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بڕیاریدا پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی لەگەڵ ئێران ببچرێنێ.
ئەم بڕیارەی سعودییە دوای هێرشی خۆپێشاندەرانی ئێرانیی بۆ سەر باڵوێزخانەی لە تاران و کۆنسوڵخانەیەکی لە شاری مەشهەدی ئێران هات، کە نارەزاییان بەرامبەر لە سێدارەدانی ئایەتوڵڵا نمر ئەلنمر دەردەبڕی کە سەرەتای ئەم هەفتە لە لایەن سعودییەوە لە سێدارە درا.
عادل ئەلجوبەیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ریاز رۆژی یەکشەممە، راشیگەیاند: "وڵاتەکەی تەنیا 48 کاتژمێر مۆڵەتی داوەتە نێردەی دیبلۆماتیی ئێران بۆ ئەوەی سعودییە جێبهێڵن و ریاز رێگە بە ئێران نادات ئاسایشی تێکبدات".
وەزیری دەرەوەی سعودییە گوتیشی: "هێرشی سەر باڵوێزخانەکەمان لە تاران هاوشێوەی ئەو هێرشانەی ئێرانە کە بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتانی بیانیی لەو وڵاتە ئەنجامدەدران و لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێران گونجاون کە ئامانجی لەباربردنی سەقامگیرییە لە ناوچەکە بە رێگەی پێکهێنانی شانەی تیرۆریستیی لە سععودییە".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی 2/1/2016 سعودییە ئایەتوڵڵا نمر باقر ئەلنمر، پیاوی ئایینیی و ناوداری شیعەی لەسێدارە دا بە تۆمەتی تێوەگڵان لە تیرۆر و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی سعودییە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەی سعودییە بەرپرسێک لە سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند کە: "ئاگادارین کە سعودییە بڕیاریدا نووسینگەکانی نێردە دیبلۆماتییەکانی ئێران لەسەەر خاکی دابخات، بەڵام پێمان وایە پەیوەندیی تیبلۆماتیی پرسێکی بناغەییە بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان".
سەرچاوە: رۆیتەرز