ئێران داواى هاوكارى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

ماوەی چوار رۆژە بە ھۆی بارینی بەفری زۆر، ھاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووە.

K24 - حاجی ئۆمەران:

ماوەی چوار رۆژە بە ھۆی بارینی بەفری زۆر، ھاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووە. بەرپرسانی ئێرانیش داوا دەكەن ھەرێمی كوردستان بەفری ھەردوو دیو پاك بكاتەوە.

له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، سەرچاوەیەك لە كۆمەڵگه‌ی گومرگی حاجی ئۆمەران رايگەیاند، "تا ئێستا رێگای ھەرێمی كوردستان - ئێران، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نەكراوەتەوە، تەنھا چەند ئۆتۆمبێلێك كە زنجیریان لە تایە بەستووە لەو سنوورە ھاتووچۆ دەكەن".

گوتیشی: "بەرپرسانی ئیداری كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ مه‌رزه‌كه‌، داوایان لە لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە، كە ھەردوو دیوی رێگه‌ى نێوان باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان پاكبكەنەوە، ھەرێمی كوردستانیش ئامادە نیە ئەوە بكات چونكە ئەو شوێنەی ئەوان دەڵێن سنووری ئیداری ئێرانە و تا ئێستا پاكیان نەكردووتەوە.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، یەكێكە لەو دەروازانەی كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێرانی تێدا دەكرێت، ساڵانە كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێكی زۆر لە خۆراك و كەلوپەل لەو دەروازەییە ھەناردەی شارەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات، لە ئێستادا ئەو رێگایە بەھۆی بەفربارینی زۆرەوە داخراوە و چوار رۆژە ھاتووچۆی بازرگانی تێدا وەستاوە.