(راستکراوە) سێ وتاربێژی نوێژی هەینیی لە وتاربێژیی دوور دەخرێنەوە
تێبینیی لەسەر 150 مزگەوتی هەرێمی کوردستان ھەیە
K24- ھەولێر
وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سێ وتاربێژی نوێژی هەینیی لە وتاربێژیی لە مزگەوتەكانی هەرێمی کوردستان دوورخراونەتەوە، بەڵام هیچ پلانێکی پێشوەختمان نییە بۆ دوورخستنەوەی هیچ وتاربێژێک.
مەریوان نەقشبەندیی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف لە ھەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند کە: "ئەو سێ وتاربێژە بەھۆکاری جیاوازەوە دوورخراونەتەوە هەندێکیان بەهۆی ئەوەی وتارەكانیان ھۆكار بوونە بۆ توندوتیژیی لە نێو كۆمەڵگەدا و هەندێکی دیکەشیان بەهۆکاری کارگێریی لە وتاربێژیی دوورخراونەتەوە".
مەریوان نەقشبەندیی گوتیشی: "وەزارەتی ئەوقاف هیچ پلانێکی پێشوەختی نییە بۆ دوورخستنەوەی هیچ وتاربێژێک و زۆربەی زۆری مەلا و وتاربێژانی نوێژی هەینیی لە هەرێمی کوردستان چیی ستایش و دەستخۆشین".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف لە ھەرێمی كوردستان ئاماژەشی کرد کە: "تێبینیمان لەسەر 150 مزگەوت هەیە، ناكرێت پێشمەرگەكانی كوردستان شەھیدبن و بەرگریی بكەن و ھێزە ئەمنییەكان شەونخونی بكەن بۆ ئەوەی ئارامیی و ئاسایش ھەبێ، بەڵام لە سوچی مزگەوتێك یان لە مینبەرێك كەسێك گەنجەكانمان ھانبدات بڕۆنە نێو داعش".