سەرۆكی فراكسیۆن یەکێتیی لە ئەنجوومەنی سلێمانیی دەست لە كاردەكێشێتەوە
"چەندین جار مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتیمان لەو كێشانە ئاگاداركردووەتەوە"
K24 – سلێمانیی:
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی رایگەیاند کە دەستی لەکارکێشایەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەم هەنگاوەی بەشێكی پەیوەندیی بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە ھەیە.
رێكەوت زەكی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە ئەنجوومەنی سلێمانیی بە ماڵپەڕی كوردستان 24ی راگەیاند: "زیاتر لە دوو مانگە دەست لە كاركێشانەوەم لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن پێشكەش بە مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتیی كردووە، بەڵام تا ئێستا قبوڵ نەكراوە".
رێكەوت زەكی گوتیشی: "بەشێك لە ھۆكاری دەست لە كاركێشانەوەكەم پەیوەندیی بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە ھەیە، بەشێكی دیكەی بەھۆی لاوازیی ئەدای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگایە، داوام لە لایەنە سیاسییەكان كردووە نوێنەرەكانیان لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن بگۆڕن".
ھەر لەوبارەیەوە سەلما فاتح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی لە فراكسیۆنی یەكێتیی بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی گوت: "كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی قوڵبوونەتەوە بۆ ناو ئەنجوومەنی پارێزگا، چەندین جار مەكتەبی سیاسیی و سەركردایەتیی و مەڵبەندی سلێمانیمان لە كێشەكان ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام بە دواداچوون و لێپرسینەوەیان نەكرد ئەمەش وایكرد سەرۆكی فراكسیۆن دەست لە كاركێشانەوە پێشكەش بكات".
سەلما فاتح دەشڵێت: "جگە لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی بەخیلی بردن و قسە لەسەر یەكتركردن ھەیە لە ناو فراكسیۆنەكەمان، خەڵکمان هەیە بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەك ھەبێت تۆمەتی گەندەڵیان داوەتە پاڵ برادەرانی خۆیان، جا چۆن دەتوانین وا بەردەوام بین لە كاركردن؟".
ئەندامەکەی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی سلێمانیی گوتیشی: "كێشەكانمان وایانكردووە زیاتر لە دوو مانگە فراكسیۆنەكەمان كۆنەبووەتەوە، لەو كاتەی سەرۆكی فراكسیۆن دەست لە كاركێشانەوەی پێشكەشكردووە چەندین كەسی دیكە خۆیان بۆ شوێنی ئەو ئامادە كردووە، چوار كاندید ھەیە، لە ھەمانكاتدا بەھۆی كێشەكانەوە ناتوانرێت كەسێك بۆ شوێنی كاك رێكەوت دیار بكرێت".