عێراق کچەکەی کوردستان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید دەکات
کچەکەی کوردستان پێشتر لە دەستی داعش هەڵهات و خۆی گەیاندە ئەنجوومەنی ئاسایش
K24
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە لەیلا موراد، ئەو کچە ئێزیدییەی کە لە دەستی داعش هەڵات و پێشتر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی وتارێکی پێشکەش کرد، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی کاندید کرد.
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکراشی دەکات کە: "بەفەرمیی نادییە موردای بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی کاندید کرد بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگەی کە گێراوێتی بۆ ئاگادارکردنەوەی جیهان لە نەهامەتیی ئافرەتانی عێراق بەگشتیی و ئافرەتانی ئێزیدیی بە تایبەتیی لەو ناوچانەی کە چەتەکانی داعشی تیرۆریست داگیریان کردن".
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران هاوکات دەڵێ: "خوشکی بەرێزمان لەیلا موراد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد دوای ئەوەی وتارێکی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پێشکەش کرد لەبارەی (بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ململانێکاندا) ئەو دەمەی باسی نەهامەتییەکانی ئافرەتانی ئێزیدیی کرد کە لە لایەن تیرۆریستانی داعش رفێدراون و باسی ئەو پێشێلکارییانەی کرد کە ئەوان دووچاری دەبنەوە".
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق دەشڵێ: "ئێمە شانازیی دەکەین بە کاندیدکردنی ئەم کچە گەنجە عێراقییە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ و داوا لە رای گشتیی جیهان دەکەین و هەموو رێکخراوە پەیوەندیدارەکان پاڵپشتیی کاندیدکردنی بکەن، چونکە شایەنی ئەوەیە ببێتە سیمبولی خەباتکردنی ئافرەت دژی هێزە تاریکستانییەکان کە ئامانجیان بە کۆیلەکردن و شکاندنی شکۆی ئافرەتە".