رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان: شیعه‌كانی عێراق هه‌ڕه‌شه لە سعودییە ده‌كه‌ن
"قه‌ته‌ر و ئوردن باڵیۆزه‌كانیان له تاران كشانده‌وه"
K24
هەڕەشەی شیعەکانی عێراق لە سعودییە و هەڵوێستی قه‌ته‌ر و ئوردن بە کشاندنەوەی باڵیۆزه‌كانیان له ئێران مژاری ژمارەی ئەمڕۆی چەند رۆژنامەیەکی دیاری عەرەب بوو.
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، راگه‌یاندنی تاقیكردنه‌وه‌ی بۆمبی هایدرۆجینیی لە لایەن کۆرای باکوورەوە، كاردانه‌وە و شەرمەزارکردنی لە سەر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌پێی رۆژنامه‌كه پێشبینی سه‌پاندنی سزای قورس‌تر ده‌كرێت به‌سه‌ر كۆریای باكوور.
له‌بارەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعودییه، رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یاتی له‌نده‌نیی لە راپۆرته هه‌واڵێكدا دەڵێ: "هاوهه‌ڵوێستیی وڵاتانی عه‌ره‌بیی و ناوچەیی بۆ سعودییه به‌رده‌وامیی هه‌یه و قه‌ته‌ریش باڵیۆزی خۆی له تاران كشانده‌وه".
هاوکات رۆژنامه‌ی ئەلقودسی ئه‌لعه‌ره‌بیی هه‌واڵێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا دەڵێ: "قه‌ته‌ر و ئوردن باڵیۆزه‌كانیان له تاران كشانده‌وه و جیبۆتی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران بچڕاند، ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیاش رایگه‌یاند له سێداره‌دانی ئه‌لنمر پرسێكی ناوخۆییه".
رۆژنامه‌ی ئەلقودسی ئه‌لعه‌ره‌بیی دەشڵێ: "چین و توێژه شیعه‌كانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌كه‌ن"، لە سعودییە بەهۆی لەسێدارەدانی نمر باقر ئەلنمر، پیاوی ئایینیی دیاری شیعە لەو وڵاتە.